سەردێر

لە كەركوك 9 تیرۆریست كوژران

لە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی هێزە عیراقییەكان لە باشووری كەركوك 9 تیرۆریستی داعش كوژران.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە ئۆپراسیۆنەكدا لە سنووری پارێزگای كەركوك هێزە ئەمنییەكان پێنج بەرپرس و ژمارەیەك تیرۆریستی داعشیان كوشتووە.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، “لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی تۆڵەی شەهیدان، كە لە هەینیی ڕابردووەوە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەستپێكراوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 27-01-2021 دەزگای دژە تیرۆر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی نیشتمانیی ئۆپراسیۆنێكیان لە باشووری پارێزگای كەركوك ئەنجامدا.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕوونیشی كردووەتەوە:”هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتایە سەر حەشارگەكانی داعش و ژمارەیەك لەو چەكدارانەی داعش پشتێنەی بۆمبڕێژكراویان بەستبوو بە گوللـەی هێزە ئەمنییەكان كوژران، هەروەها ژمارەیەك بەرپرس و چەكداری تریش كوژران، دیارترینیان بەرپرسی بەشی ئەندازیاری گشتی لە عیراق، بەرپرسی گەیاندن و ئامێری ئەلكترۆنی لە پارێزگای كەركوك، دوو بەرپرسی جبەخانەكانی داعش بوون”.

خەڵك – بەشی هەواڵ