سەردێر

هەرێمی كوردستان، زۆرترین ڕێژەی چاكبوونەوە لە كۆرۆنا تۆماركرا

 

خەڵک –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 804 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1625 كەسیش چاكبوونەتەوە كە زۆربەیان لە پارێزگەكانی هەرێمی كوردستانن، 10 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 33 هەزار و 976
پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 804 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و كەربەلا و كەركوك بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 320 و لە كەربەلا 89 و لە كەركوك 48 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە” لە سلێمانی 20، هەولێر 4، و دهۆك 43 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 1625 تووشبووی كۆرۆنا كردووە كە زۆربەیان لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 10 كەس بەهۆی پەتاكە.