سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق ڕەخنەی لە حكومەتی ئێستای مستەفا كازمی گرت بەوەی توانای نییە بڕیاری بەهێز بدات.
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق بە ڕۆژنامەی (النهار)ی كوەیتی ڕاگەیاند: حكومەتی مستەفا كازمی تەنها پشتی بە چارەسەری ئاسان بەستووە كە تەوافوقی سیاسیی لەسەر دەكرێت.
وتیشی: كازمی توانای ئەوەی نییە بڕیاری بەهێز بدات و سیاسەتەكانی ڕوون نییە، هێز و لایەنە سیاسییەكانیش لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا بەپێی كار و دەستكەوتەكان هاوكاریی كازمی دەكەن.
حەیدەر عەبادی پێی وایە كە قەیران و كێشەكانی ئێستای عیراق چارەسەریان هەیە، بەڵام ئەو چارەسەرە ئیرادەیەكی بەهێز و ژیر و توندی دەوێت.
دەربارەی دۆخی ئابووریی عیراق، سەرۆك وەزیرانی پێشووتر ئەوەی خستووەتەڕوو: سیاسەتەكانی ئێستای حكومەت، وڵات بەرەو داڕمانی دارایی و ئابووری دەبات، چەندین چارەسەریش بۆ ئەم دۆخە هەن لەگەڵ ئەوەی كە چارەسەری قورسن، بەڵام پێویستە و دەبێت بكرێت، یەكێك لەو چارەسەرانەش بەرەنگاربوونەوەی بەرژەوەندیی هەندێك هێز و لایەنی گەندەڵە كە دەبێت بنبڕ بكرێت.
خەڵك – بەشی هەواڵ