سەردێر

“گەڕانەوەی ئاوارەكان زۆرەملێ نییە”

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق دەڵێت: هەموو هەوڵێك دەدەین تا گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بەكارنەهێنرێت.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ڕەتیكردەوە بەزۆر ناردنەوەی ئاوارەكانی دانیشتووی كەمپەكان بۆ ناوچەكانیان هەبێت و ئاماژەی بەوەكرد هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بەكارنەهێنرێت.

كەریم ئەلنوری بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ڕایگەیاند: گەڕانەوەی ئاوارەكان لەكەمپەكانەوە بۆ ناوچەكانیان لەسەر ویستی خۆیان بووە و هەر كەسێك گەڕانەوە ڕەتدەكاتەوە لەكەمپەكاندا ماوەتەوە.

ڕاشیگەیاند: وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران چەند هەنگاوێكی ناوە لەدوای لێكۆڵینەوەی ورد و ڕووپێوی مەیدانی و ئەنجامدانی ڕاپرسی لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان و وەزارەت سەركەوتوو بووە لە بەدواداچوونی كاروباری ئاوارە گەڕاوەكان بۆ ناوچەكانیان و ڕەچاوكردنی بارودۆخیان و پشتیوانی كردنیان.

بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، هەندێك بانگەشە هەیە كە ڕەخنە لە پڕۆگرامی گەڕانەوەی ئاوارەكان دەگرن و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بیری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان كردووەتەوە بۆ ناوچەكانیان بۆ ئەوەی ئەو دۆسیەیە پێش هەڵبژاردن بەكارنەهێنرێت.

خەڵك – بەشی هەواڵ