سەردێر

ژمارەیەك تیرۆریست دەستگیركران

خەڵك – بەشی هەواڵ

فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا دەستگیركردنی 6 تیرۆریستی داعشی لەپارێزگاكە ڕاگەیاند، هەروەهادەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ڕایگەیاند، پێنج كەسی سەر بە داعش لە پارێزگای كەركوك، دەستگیركراون.

لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، ئەمڕۆ شەممە، لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: فەوجێكی فریاكەوتنی پۆلیسی سەر بەفەرماندەی پۆلیسی نەینەوا، پاڵپشت بەزانیاری وردی هەواڵگری و هاوكاری هاووڵاتیان توانییان 6 تیرۆریستی سەر بەداعش دەستگیربكەن.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، دوو لە تیرۆریستەكان كاریان بۆ حەسبە دەكرد و سێیەمیشیان كاری بۆ لیژنەی ئەمنیی كردووە و ئەوانی تریش لەسەردەمی دەسەڵاتداری تیرۆریستانی داعش لەشاری موسڵ سەرجەمیان كاریان بۆ دیوانی جوند و فرقەی فورقان كردووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، سەرجەم تیرۆریستەكان لە گەڕەكەكانی (هەرەمات و جەزائیر و تسعین) كە كەوتوونەتە لەلای ڕاست و چەپی شاری موسڵەوە دەستگیركراون.

هاوكات، لە ڕاگەیەنراوێكدا دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق بڵاویكردەوە، ھێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی، پێنج كەسیان لە پارێزگای كەركوك دەستگیر كردووە كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعش داواكراوبوون.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو دەستگیركراوانە لە لێكۆلێینەوەكاندا، دانیان بەوەداناوە لە بەناو ویلایەتی كەركوك سەربە داعش چەكداربوون و ڕاشیانگەیاندووە كە بەشدارییان لە ئەنجامدانی چەندین ھێرش بۆسەر گوندی بەشیر باشووری پارێزگای كەركوك و پاڵاوگەوی نەوتی بێجی كردووە.