سەردێر

نرخی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ عیراق و هەرێم دیاریكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عێراق نرخی كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا لە كۆمپانیای وەبەرهێنەر (ڤایزەر) ئاشكرادەكات و دەڵێت: “بە كەمتر لە 20 دۆلار كڕدراوە”، بەڵام بە خۆڕایی دەدرێت بە هاووڵاتیان.

ڕیاز حەلەفی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، وەزارەتەكەیان ماوەی هەفتەیەكە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە لە گفتوگۆدایە، كە ڤاكسینی كۆرۆنا بەرهەم دەهێنن و لە جیهاندا خواستێكی زۆر لەسەر ئەو ڤاكسینانە هەیە، چونكە كۆمپانیاكان چاوەڕێی عێراق بوون تاوەكو ڤاكسینەكە پەسەند بكات.

ڕاشیگەیاندووە، لەئێستادا لەڕێگەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە سەرقاڵی بەدەستخستنی ڤاكسینەكەین و چاوەڕێ دەكرێت لە چارەیەكی یەكەمی ئەمساڵدا بگاتە دەستمان.

سەبارەت بە نرخەكەی ئاشكرای كرد، نرخی ڤاكسینی فایزر لە بازاڕە جیهانییەكاندا زانراوە و ڕێكخراوی یۆنیسێف هەر دانەیەكی بە 20 دۆلار دیاری كردووە، عێراقیش لەگەڵ كۆمپانیای وەبەرهێنەر گرێبەستی كردووە و بە كەمتر لە 20 دۆلار كڕیویەتی.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایگەیاندبوو، كە لەو ڤاكسینەی دەكڕدرێت بەشی هەموو پارێزگاكان بە هەرێمی كوردستانیشەوە دیاری دەكرێت و بێ‌ بەرامبەر هاووڵاتیان دەكوترێن، بەڵام سەرەتا ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و بەتەمەنن هەروەها كارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان ئەو ڤاكسینەیان دەدرێتێ‌.