سەردێر

سەركردەیەكی داعش و سێ‌ یاریدەدەری دەستگیركران

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ هەینی، هێزە ئەمنییەكانی عیراق سەركردەیەكی داعش لە (كەرتی بەغدا) و سێ‌ لە یاریدەدەرەكانیان دەستگیر كرد.

میدیاكانی عیراق لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە بڵاویانكردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵ و گەڕانەكانی دامەزراوەی هەواڵگری، هێزەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای دیالە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سەڵاحەدین، توانرا بەپێی فەرمانی دادوەری سەركردەی گشتی كەرتی بەغدا و سێ‌ لە یاریدەدەرەكانی دەستگیر بكرێن.

ڕاشیگەیاندووە، كە ئەو تۆمەتبارانە دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە، كە بەنیازی دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەری كاری شانەكانیان بوون بۆ كاری تیرۆرستی و شانەی نووستوو.

ئاشكراشی كردووە، ئەو سەركردانەی داعش هەوڵی هێنانەناوەوەی خەڵكی دیكەیان داوە بۆ ناو شانە نووستووەكانیان بۆ كاری تیرۆرستی بەئامانجگرتنی كۆبوونەوەی هاوولاتیان لە بەغدا و دروستكردنی پشێوی و نائارامی.