سەردێر

كازمی هەڕەشە دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند زنجیرەیەك گۆڕانكاری لە ژێرخانی ئەمنی و سەربازی دەكرێت و پلانێكی ئەمنی تەواو و كارا دادەنرێت بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەكانی داهاتوو.

مستەفا كازمی كە فەرماندەی گستی هێزە چەكدارەكانیشە ئەمڕۆ هەینی لە كۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی وتی: ئاسایش تەنها قسەكردن نییە لە میدیا، بەڵكو بەرپرسیارێتییە، ژیانی خەڵك و منداڵەكانمان دەبێت بەرپرسیارێتییان هەڵبگیرێت، هەر كەسێكیش پێی ناكرێت پێویستە پۆستەكەی جێبهێڵێت.

راشیگەیاند رێگانادەن جارێكی دیكە هێرشەكانی دوێنێ دووبارە ببنەوە، بەڵێنی ئەمنییان بە گەل داوە، ئەو هێرشانە بەڵگەی بوونی كێشەن، پێویستە بە خێرایی چارەسەر بكرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد دەزگا ئەمنییەكان هەوڵی گەورەیان داوە لە مانگەكانی رابردوودا لەوێ ئۆپەراسیۆنی گەورەیان دژی پاشماوەكانی داعش كردووە و لە زۆرینەدا سەركەوتوو بوون.

وتیشی: هەوڵی رۆژانەی داعش هەیە بۆ گەیشتن بە بەغدا رێیان لێگیراوە، بە داخەوە توانیان دوێنێ بگەن و خوێنی بێتاوانەكان بڕێژن، رێگا نادرێت دووبارەی بكەنەوە.

كازمی دەڵێت: ئاستەنگ لە دەزگای هەواڵگری هەیە پێویستە بەپەلە چارەسەر بكرێن، خۆم سەرپەرشتی دەكەم، رەوشێكی تازە دادەنێین و رێوشوێن دەگرینەبەر، عێراق یەك دەوڵەتە، پێویستە دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان بە یەك رۆح مامەڵە بكەن، دەبێت هەوڵە هەواڵگرییەكان یەكبخرێن.