سەردێر

كازمی چەند فەرماندەیەكی پلەباڵای لە پۆستەكانیان دوور خستەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

دوای تەقینەوەكەی گۆڕەپانی تەیڕان لە بەغدا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق چەند گۆڕانكارییەكی گەورەی لە ڕیزی هێزە ئەمنییەكان ئەنجامدا.

لیوا یەحیا ڕەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ڕایگەیاند، دوای مستەفا كازمی بڕیاریداوە بە لابردنی فەریق ڕوكن عامر سەدام بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری لە پۆستەكەی و دانانی فەریق ئەحمەد ئەبو ڕەغی لە شوێنەكەی.

لیوا یەحیا ڕەسول وتیشی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بڕیاریدا بە لابردنی عەبدولكەریم عەبدولفازڵ (ئەبو عەلی بەسڕی) لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ (شانەی هەڵۆكان) و دانانی حەمید ئەلشەتڕی جێگری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە جێگاكەی و بەستنەوەی شانەكە بە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاردراوە بە گواستنەوەی فەریق قەیس محەمەداوی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا بۆ وەزارەتی بەرگری و دانانی لیوا ڕوكن ئەحمەد سەلیم لە شوێنەكەی، هەروەها، لابردنی فەریق ڕوكن جەعفەر بەتات فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی لە پۆستەكەی و دانانی فەریق ڕوكن ڕائد شاكر جەودەت لە شوێنەكەی.

لیوا یەحیا ڕەسول ئەوەشی خستەڕوو، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمانیكردووە بە لادانی لیوا باسم مەجید بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگری و ئاسایشی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا لە پۆستەكەی.