سەردێر

حەسەن كەعبی: ٤٦ دۆسیەی گەندەڵی وەزارەتی كارەبا ڕادەستی دادگاكان كراون

خەڵك – بەشی هەواڵ

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایكرد، دەیان دۆسیەی گەندەڵیی وەزارەتی كارەبا، ڕەوانەی دادگاكان كراون.

حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبایە، ڕایگەیاند، لیژنەكەیان بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی گرێبەستەكانی تایبەت بە وەزارەتی كارەبا.

وتیشی، تا ئێستا ٥٦ دۆسیەی گەندەڵیی دراوەتە دەستەی دەستپاكی، كە ٤٦یان تایبەتن بە گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبا و ڕادەستی دادگا تایبەتەكان كراون.

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە لیژنەكەیان چەند دۆسیەیەكی تری گەندەڵیی تایبەت بە وەزارەتی كارەبا، ڕادەستی دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی، بكات.