سەردێر

سیستانی ڕاگەیەنراوێكی لەسەر تەقینەوەكەی بەغدا بڵاوكردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكان لە عیراق، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی تەقینەوەكەی ئەمڕۆى بەغداوە بڵاوكردەوە و داوای لە دەزگا ئەمنییەكان كرد، هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات چڕبكەنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن نوسینگەی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكان لە عیراق بڵاوكرایەوە”جارێكی تر تیرۆریستە دڕندەكان گردبوونەوەیەكی هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوانیان كردە ئامانج لەڕێی دوو تەقینەوە لە گۆڕەپانی تەیەران، ئەمەش بووە مایەی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان كەس، دیمەنێكی ئازاربەخش كە هەموو ویژدانێكی زیندوو دەهەژێنێت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوكەدا هاتووە”پرسە و سەرخۆشی لە كەسوكاریی شەهیدەكان دەكەین و لە یەزدانیش داواكاریین شیفای بریندارەكان بدات، داواش لە دەزگا ئەمنییەكان دەكەین، هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و پوچەڵكردنەوەی دوژمنانی گەلی عیراقی ستەمدیدە چڕبكەنەوە”.

بەپێی دوایین ئامار كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە، لە تەقینەوە خۆكوژییەكەی ئەمڕۆی ناوچەكانی تەیەران و بابولشەرقی بەغدا، 32 كەس كوژراون و 110 كەسی تر برینداربوون.