سەردێر

عیراق، بەدوورنازانرێت جارێكی تر هەڵبژاردن دوابخرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەدوورنازانرێت جارێكی تر لە دوای دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ ئەنجامدانی، جارێكی تر هەڵبژاردنی پێشوەختە دوابخرێت.

عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”رێگەچارەی دواخستنەوەی هەڵبژاردن لە وادە نوێیەكەی بۆ دوای تشرینی یەكەمی داهاتوو بەدوورنازانرێت، بە تایبەت كە هێشتا هەندێًك پرسی گرنگی تایبەت بە كەشی هەڵبژاردن یەكلایی نەكراوەتەوە”.

بە وتەی عەزاوی”كۆمسیۆن لایەنی بەرپرسی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی داهاتووە لەڕێی خستنەڕووی ئامادەیی تەواو بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركەی دەكەوێتە ئەستۆی”.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عیراق دەڵێت”دۆسێ‌ گرنگەكانی تایبەت بە كەشی هەڵبژاردن، تائێستاش یەكلایی نەكراونەتەوە، لەوانەش نەگەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان لە دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ بۆ ناوچە ڕزگاركراوەكان”.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە 19ی كانوونی دووەمی 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دەنگیدا لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بەڵێنیدابوو پرۆسەكە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدرێت”.