سەردێر

سائیرون بۆ (خەڵك): سورین لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو

هاوپەیمانی سائیرون كە سیاسەتەكانی لەلایەن موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدرەوە ئاراستە دەكرێت، سووربوونی هاوپەیمانییەكە لەسەر بەدەستهێنانی زۆربەی دەنگەكانی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دووپاتدەكاتەوە و پەرلەمانتارێكیشی دەڵێت، ئاستی جەماوەرییان جێگیرە و ڕووی لە كەمبوون نەكردووە.

عەلی سەعدون، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”هاوپەیمانی سائیرون و ڕەوتی سەدر بەشێوەیەكی گشتی، ئاستی جەماوەریی جێگیرە و بگرە لە زیادبوونیشدایە، ئەو ڕاستییەش لە هەلبژاردنی داهاتوودا دەسەلمێنن”.

بە وتەی عەلی سەعدون:”ڕەوتی سەدر نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكی خۆیەتی و پێكگەیشتنی بەردەوامیشی لەگەڵ جەماوەرەكەیدا هەیە و لەژێر خواست و داواكاریی ئەواندایە و نوسینگەكانیشی بەردەوام كراوەن و جەماوەرەكەشی لە زیادبووندایە، ئەمەش لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەسەلمێنن”.

سەبارەت بە خواستی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووش، پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیرون دەڵێت:”یاسا و دەستور دەڵێت، گەورەترین فراكسیۆن حكومەت پێكدەهێنێت، لەم سۆنگەیەشەوە زۆرینە بەدەستبهێنن و دەبنە زۆرینەی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران لەلایەن ئەوانەوە دەستنیشان دەكرێت و حكومەت پێكدەهێنن”.

لەم ماوەیەی دواییدا، موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، لە یەكێك لە تویتەكانیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاندبوو، كاتی ئەوە هاتووە ڕەوتەكەی لە پاش دەستەبەركردنی زۆربەی دەنگەكانی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان، سەرۆك وەزیران دیاریی بكەن و حكومەتی داهاتوو پێكبهێنن.

خەڵك- بەشی هەواڵ