سەردێر

سائیرون هەڵوێستی خۆی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ئاشكرا دەكات

خەڵك- ئیدریس جەبار
هاوپەیمانی سائیرون كە لەلایەن موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدرەوە سیاسەتەكانی ئاراستە دەكرێت، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاشكرا دەكات و دەڵێت، بڕیارەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و حكومەت لەو بارەیەوە ناچاوەڕوانكراو بوو.

عەلی سەعدون، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”ئێمە لە هاوپەیمانی سائیرون لەگەڵ ئەوەدا بوین هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو سازبكرێت، بەڵام بەشێوەیەكی ناچاوەڕوانكراو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژدنەكان ئاماژەی بە نائامادەیی خۆی كرد بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لەو وادەیەدا، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراوێكی فەرمی پێشكەش بە نوسینگەی سەرۆك وەزیران كرد و داوای كردبوو لەبەر هۆكاریی تەكنیكی و لۆجستی پەیوەست بە كۆمسیۆن، هەڵبژاردن دوابخرێت”.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیرون:”هیوادارن هۆكارەكان بە ڕاستی تەكنیكی و لۆجستی بن، نەك گوشاربن لەلایەن هەندێك لە حزبەكانەوە بكرێن بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن”.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە 19ی كانوونی دووەمی 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دەنگیدا لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بەڵێنیدابوو پرۆسەكە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدرێت”.