سەردێر

نزیكەی 750 تووشبووی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 746 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1909 كەسیش چاكبوونەتەوە و 6 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 37 هەزار و 341 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 746 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و كەربەلا و واست بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 297 و لە كەربەلا 74 و لە واست 70 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە” لە سلێمانی 15، هەولێر 15، و دهۆك 38 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 1909 تووشبووی كۆرۆنا كردووە كە زۆربەیان لە هەولێر و دهۆك و سەڵاحەدین و سلێمانی بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 6 كەس بەهۆی پەتاكە كە سیانیان لە سلێمانی بوون.