سەردێر

وتەبێژی حكومەت: پشتگیری كارەكانی كۆمسیۆن دەكەین

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی فەڕمی حكومەتی عیراق ئاشكرایكرد: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ هاوكاری تەكنیكی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختی لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە.

حەسەن نازم وتەبێژی فەڕمی حكومەتی عیراق ئێوارەی ئەمڕۆ 19-1-2021، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا ڕایگەیاند: دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەلای حكومەتەوە بابەتێكی هەستیارە، بۆیە گفتوگۆی تەواوی لەسەر كراوە.

وتیشی: كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ هاوكاری تەكنیكی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردووە، بۆیە وەك حكومەت كاری جددی دەكەین بۆ هاوكاری و پشتگیركردنی كۆمسیۆن بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی پاك و بێگەرد.

وتەبێژی فەڕمی حكومەتی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا دوای گفتوگۆیەكی زۆر بڕیاری دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت درا، كە بڕیاردرا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە بخرێتە ڕۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021.