سەردێر

فەتلاوی بۆ (خەڵك) دەبێت كۆمسیۆن وادەی هەڵبژاردن دیاریی بكات

خەڵك- ئیدریس جەبار
فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بەپێویستی دەزانێت كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وادەی هەڵبژاردن دیاریی بكات و پێیوایە پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران پەلەی كرد لە دیاریی كردنی مانگی حوزەیران بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە.

فەتلاوی لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند:”ئێمە پێمانوایە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عیراق سەربەخۆیە و دەبێت وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن ئەوەوە دیاریی بكرێت، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیش پێشتر پەلەی كرد كە مانگی حوزەیرانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریی كردبوو، چونكە پێویستە كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانی تەواو بكات بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە”.

سەبارەت بە نیگەرانییەكانی هاوپەیمانی فەتح بۆ دواخستنی زیاتری هەڵبژاردن، فەتلاوی وتی:”هاوپەیمانی فەتح ترسی ئەوەی هەیە وادەكان زیاتر درێژبكرێنەوە، تا هەڵبژاردنەكە بۆ ساڵی 2022 دوابخرێت كە لێوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و داواكارییەكانی جەماوەر و مەرجەعیەتی ئاینی مانایان نامێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە”.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح بەپێویستی زانی”پەرلەمان وادەی نوێی هەڵبژاردنەكە پەسەند بكات، بۆیە دەبێت لە دوای دەنگدانی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بۆ 10ی تشرینی یەكەمی 2021، پەرلەمانیش هەنگاوی خۆی بنێت و وادەی ئەنجامدانی پرۆسەكە بخاتە دەنگدانەوە”.

لە كۆتایی قسەكانیدا فازڵ فەتلاوی ڕایگەیاند:”ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە، وادەكەی نییە، بەڵكو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێخەوشە و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانی تەواو بكات و حكومەتیش ڕەوشێكی ئەمنی لەبار بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە بڕەخسێنێت”.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دەنگیدا لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بەڵێنیدابوو پرۆسەكە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدرێت.