سەردێر

فەتح بۆ (خەڵك) هەڵوێستی خۆی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن ئاشكرا دەكات

خەڵك-ئیدریس جەبار
هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو ئاشكرا دەكات.

فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی تشرینی یەكەمی 2021، هیوادارین ئەم بڕیارە بڕیاری كۆتایی بێت و دواخستنی تری بەدوادا نەیەت”.

بە وتەی فەتلاوی:”هەڵبژاردنەكە پێشوەختە نەما و بووە هەڵبژاردنی دواوەختە، بۆیە دەڵێین گەر وادەی نوێ‌ لەلایەن پەرلەمان و لەنێو پەرلەمانەوە دیاریی نەكرێت و نەكرێتە وادەیەكی كۆنكریتی، ئەوا خۆدزینەوە و دەستی بەدەستی تێدا دەكرێت و نابێتە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و لەگەڵ داوا و خواستی جەماوەر و مەرجەعیەتدا یەكانگیر نابێت”.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت:”لە سایەی تەنگژەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی ئێستادا و لە سۆنگەی هەڵبژاردنەكەی 2018وە كە بووە مایەی كاڵبوونەوەی متمانەی خەڵك بە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی، پێویستە دیدێكی ڕۆشن و هەڵبژاردنێكی پێشوەخت هەبێت و لێوەی پەرلەمانێكی نوێ‌ و حكومەتێكی نوێ‌ بەرهەم بێت، تا بپەرژێنە سەر چارەسەركردنی دۆسێ‌ سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكانی وڵات كە لەلایەن جەماوەریی عیراقییەوە داوای چارەسەركردنیان دەكرێت”.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دەنگيدا لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بەڵێنیدابوو پرۆسەكە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدرێت”.