سەردێر

تەندروستی هۆشداری لە شەپۆلێكی قورس و مەترسیداری كۆرۆنا دەدات

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری لە شەپۆلێكی قورس و مەترسیداری كۆرۆنا دەدات و هۆكارەكانی ئەو شەپۆلەش ڕووندەكاتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەكات پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، هۆشداری دەدات لەوەی ژینگەی ئێستا لەبارە بۆ سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، كە زۆر قورسە و هەڕەشەیە لەسەر سیستمی تەندروستی و ئەوەی لەماوەی ڕابردودا بەدەستهێنراوە.

ڕاشیگەیاندووە، بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی، وەزارەت بەردەوام بەدواداچوون دەكات بۆ دۆخی كۆرۆنا لە ناوخۆ و دەرەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی مەترسییەكی گەورە لە شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا و تووشبوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان، كە لەوەی شەپۆلی یەكەم قورسترە و ئێستا لە بەشێكی وڵاتان بڵاوبۆتەوە وەكو ئەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لەبارەوە داوە.

سەبارەت بە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی عێراق چەند خاڵێكی ڕوونكردۆتەوە:
1- ماوەی دروستبوونی بەرگری لای كەسانی تووشبوو تاوەكو ئێستا بەتەواوی نەزانراوە و ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی پەیڕەونەكردنی خۆپارێزییەوە جارێكی دیكە تووشببنەوە.
2- گۆڕانكاری بەردەوام لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوودەدات وەك ئەوەی لە بەریتانیا و باشووری ئەفریقا و بەڕازیل ڕوویدا و بەخێرایی بە 50 دەوڵەتدا بڵاوبووەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو گڕانكاری ڤایرۆسییە لە وڵاتەكەشمان ڕووبدا یان بگوازرێتەوە بۆ وڵات.
3- ئیهمالییەكی زۆر بەدی دەكرێت لە پابەندبوون بە ڕێكارە خۆپارێزییەكان لەناو دامەزراوەكانی حكومەت و دەرەوەی حكومەت و كەرتی تایبەت و ڕێنماییەكان پێشێل دەكرێن.
4- سەرجەم كەرتە ژیارییەكان و شوێنە ئایینییەكان كراونەتەوە و ژیان بەتەواوی ئاسایی كراوەتەوە و كۆبوونەوەی بەكۆمەڵ زۆرە بەبێ‌ دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی.
5- وەرزی زستان و دابەزینی پلەكانی گەرما هۆكارێكی یارمەتیدەرە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاكە.