سەردێر

لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن ڕەخنەی توند لە كازمی دەگيرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
فراكسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عیراق، لەسەردواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، ڕەخنەی توند لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەگرێت.

ئەحمەد كینانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆمسیۆنی باڵای ناچار كرد وادەی هەڵبژاردنەكان دوابخات”.

بە وتەی كینانی”دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەندی بە ڕێكارەكانی كۆمسیۆنەوە نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە تا كازمی زیاتر لەنێو جومگەكانی دەوڵەتدا لەگەڵ فراكسیۆنێكی شیعە و فراكسیۆنێكی تری سوننەدا ڕۆبچێت و دەست بەسەر هەموو جومگەكانی حكومەتدا بگرێت و دەوڵەتێكی قوڵی تر دروستبكات”.

ئەو پەرلەمانتارەی سادیقون پێیوایە”تەنانەت بەیاننامەكەی كۆمسیۆنیش ناچاركراوە، تا كازمی بەشێوەیەكی تەواوەتی خۆی بۆ بەشداریی ئامادە بكات و ڕیزی ئەو حزبانە ڕێكبخاتەوە كە سەر بە خۆین”.