سەردێر

ئەنفلۆنزای باڵندە لە عیراقدا سەریهەڵدا

خەڵك- بەشی هەواڵ

عەممار جەبر خەلیل پارێزگاری سەڵاحەدین، تووشبوونی 60 هەزار مریشك لە قەزای سامەڕا بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە (H5N5) ڕادەگەیەنێت، هۆشداریش دەدات ببێتە (H5N1) كە لەنێوان مرۆڤیشدا دەگوازرێتەوە.

خەلیل بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاند”60 هەزار مریشكی جۆری سپی لە دوو شوێن لە قەزای سامەڕا تووشی ئەنفلۆنزای باڵندە بوون، تیمە تەندروستیە پسپۆڕەكانیش دەستییان كردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و لەناوبردنی مریشكە توشبووەكان”.

پارێزگاری سەڵاحەدین داوای لە جوتیارانی پارێزگەكەی كرد، بەئاگابن و ڕێكاریی پێویست بگرنەبەر، بەو پێیەی ئەو ڤایرۆسەی كێڵگەكانی پەلەوەری گرتۆتەوە كە (H5N5) بازهەڵدەدات و دەبێتە (H5N1) كە لەنێوان مرۆڤەكاندا دەگوازرێتەوە.

عەممار جەبر خەلیل دەڵێت”ڤایرۆسی (H5N1) لەنێوان مرۆڤەكاندا بڵاودەبێتەوە، بۆیە پێویستە ڕێكاریی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی ڕەوشەكە و لەناوبردنی ڤایرۆسەكە”.