سەردێر

چوار سەرۆكایەتییەكەی عیراق: دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عراق (كۆمار و پەڕلەمان و حكومەت و دادوەری) كۆبوونەوە و جەختدەکەنەوە لەپێویستی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی هاووڵاتیان لە لێکەوتە ئابوورییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەكەنەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢١/١/١٢ لە کۆشكی بەغداد د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و موستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبوونەوە و لەبارەی دواین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری وڵاتدا و دۆسیەیی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گفتوگۆیان کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە لە پێویستی چەسپاندنی سەقامگیری وڵات و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و پاراستنی مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی یاسا لە پێناو هێنانەدی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

هەر لەو کۆبوونەوەکەدا دووپاتکرایەوە لە خستنەگەری هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ پشتیوانی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی خاوەن توانا و سەروەری و پاراستنی ماف و ئاسایشی هاووڵاتیان و رێگریکردن لەو کارانەی لە دەرەوەی یاسان و رێکخستنەوەی چەک لە دەرەوەی یاسا.

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا، وەک ئەرکێکی دیموکراسی و دەستووری لە وڵات، بەتایبەتی تریش وەک داواکارییەکی جەماوەری و نیشتمانی رەوا، بە ئاڕاستەی هەنگاونان بەرەوە چاکسازی و گۆڕانکاری بنەڕەتی، هەروەها وەک وەڵامدانەوەی راستەقینەی دواکارییەکانی گەل، بۆ ھێنانەکایەوەی پەیمانێکی سیاسی نوێ و خزمەتکردنی خەڵک و ھێنادی ئاشتییانەی چاکسازی ریشەیی، بە بەشداری بەرفراوانی ھەمووان.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە لە پێویستی کارکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی وڵات و هێزە سیاسی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پشتیوانیکردنی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە رێگەی رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، بەجۆرێک ھەڵبژاردنەکان بە ببێتە جێی خواستی گەلی عێراق لە ھەڵبژاردنی نوێنەرای راستەقینەییان دوور لە گوشارێکی چەک.
هاوکات ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیانکرد بەپێویستی رەچاوکردنی پاک و بێگەرد و شەفافی هەڵبژاردنەکان لە تەواوی قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی دا، بە ھەماھەنگی و چاودێریکردنی بە شێوەیەکی ورد لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەکان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو سەبارەت بە تێپەراندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەجۆرێک مافی ھەموو هاووڵاتیانی عێراق بپارێزێت بێ جیاوازی، ھەروەھا رێگری بکات لە لێکەوتەکانی دۆخی دارایی لەسەر بارودۆخی ئابووری وڵات کە ھاتووەتە ئاراوە، بە تایبەتی پاراستنی چین و توێژە کەمدەرامەتەکان کە سەرچاوەی داهاتیان سنوردارە، جەختیشکرایەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆسیی داراییە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی پاراستنی مافی سەرجەم مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەکان.