سەردێر

ماوەت… هاوینەهەواری خان داغ

خەڵک

قەزای ماوەت کە ناحییەی ماوەت ناوەندی قەزاکەیە و لە ۷۸ گوند پێک ھاتووە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیەوە ئاو و هەوایەکی فێنکی هەیە.

پێش فتوحاتی ئیسلام ماوەت لەسەر شاری ( بانە )ی ئێران بووە و کەسێک بەناوی ( قەهقۆن) حاکمی بانە بووە .

کاتێ فتوحاتی ئیسلامی بۆ سەر سنوورەکە بە سەرپەرشتی( عبدوڵای کوڕی عومەر) دەستی پێکردووە، قەهقۆن حاکمی بانە لە شەڕی دژی عەرەبەکاندا  کوژراوە، بەڵام  کوڕێکی  قەهقۆن بەپێچەوانەی باوکییەوە یارمەتی موسڵمانەکانی داوە، بۆیە( عبدوڵای کوڕی عومەر) ناوەکەی گۆڕیوە بۆ (خیارە دین) و لەشوێنی (قەهقۆن) کردویەتی  بە حاکمی بانە، لەدوای ئەمەوە حاکمێتی سنووری بانە پشتاو پشت هاتووە تا سەردەمی (خان ‌ئیسماعیل سوڵتان — فەرمانڕەوای بانە)،  ئەویش کوڕێکی  خۆی بەناوی ( ئەسکەندەر) کردۆتە حاکمی ماوەت، بەڵام ئەسکەندەر حاکمی ماوەت کەسێکی زاڵم بووە لەگەڵ خەڵکدا.

لەو سەردەمەشدا ( فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە – حاکمی میری بابان ) لەدارشمانە کۆچی دوایی ئەکات و( خان داغ) ی کوڕی جێگەی ئەگرێتەوە، بەهۆی نزیکی ماوەت لە سنوری ئەمارەتی بابان و تموحی( خان داغ) بۆ فراوانکردنی  سنووری ئیماراتەکەی، هۆزەکانی (ئاکۆ ، بڵباس ، ئالان و ماوەت) بەیعەت ئەدەنە حاکمی بابان، بەمە(ماوەت) ئەبێتە بەشێک لە سنووری ئەمارەتی بابان .

ئەسکەندەر خان ئیسماعیل سوڵتان

حاکمی ماوەت لە ماوەت کۆچی دوایی کردووە هەر لەوێش نێژراوە، ئێستا گۆڕەکەی لەماوەت نزیک کانی بنچنارە، لەسەر بەردی گۆڕەکەی بەفارسی و بەنوسینی بارز نوسراوە( مزار ئیسماعیل ئەسکەندەر پاشا – ماوەت) ، کاتێ

(م . حسین نازم ئەفەندی) چۆتە ماوەت نوسینەکەی خوێندۆتەوە، نوسینەکە دیکۆمێنتێکی مێژووی و گرنگە، بەڵام بە داخەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە .

لە ساڵانی (١٦٠٨-١٦١٩) زاینی خان داغ ماوەتی کردۆتە پایتەختی بەهار و هاوینەی ئەمارەتەکەی و پایز و زستانیشی لە دارشمانە بووە .

قەزای ماوەت بەهۆی شوێنە جوان و دڵگیریەکەیەوە جوانییەکی تایبەتی هەیە ئەگەر بکرێت بە سەیرانگا لەسەرتا سەری عیراقەوە سەردانی ئەکرێت، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا بایەخی پێنەدراوە.

 

ئامادەکردنی؛ م. ئاسۆ عومەر حمەئەمین

فۆتۆ؛ شۆڕش وەهبی



هەلبژاردە

گرنگترینەکان