سەردێر

د. مەحمود عوسمان: عێراق هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ که‌ ده‌ست بەسەر هەرێمی کوردستاندا بگرێت

خەڵك-
د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری كورد، باس لە دۆخی ئێستای عێراق و هەرێم دەكات و دەڵێت” عێراق له ‌سەرەتاوە هەمیشە هەوڵیداوە كە دەست بگرێت بەسەر هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی هەرێم كەم ببێتەوە، زۆر هەوڵیانداوە دەستورەكە بگۆڕن و ئەو دەسەڵاتەی دراوە بە هەرێم كەمبكرێتەوە، بڕوایان بەسیستەمی فیدڕاڵی نییه،‌ بەڵكو بڕوایان بەوە هەیە كە حكومەتێكی مەركەزی بەهێز هەبێت، ئەو دەسەڵاتانەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان هەیەتی بڕوایان پێی نییە و دەیانەوێت كەمی بكەنەوە، دەشڵێت “هیچ كاتێك هێزە كوردییەكان ئەوەندەی ئێستا ناكۆك نەبوون لەنێوان خۆیاندا بیرم نایەت بڵێم فڵانە دۆخ لەم دۆخە دەچێت هەردۆخێك كات و شوێنی خۆی هەیه،‌ بەڵام دۆخێكی هەتا بوترێت خراپە و بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی میللەتەكە بۆتە پلە دوو بەرژەوەندی كەسی و حیزبی تائیفی كەوتۆتە پێشەوە ئەوەش زیانێكی گەورە دەدات”

” دەكرێت جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ هەڵبژاردن”

لە سەرەتای قسەكانیدا د. مەحمود عوسمان سەبارەت بە دۆخی عێراق دەڵێت” دۆخی عێراق تێكچووە بەتەواوی نە سەدر نە چوارچێوەی هەماهەنگی ناتوانن حكومەت پێكبهێنن، كوردیش دابەشبووە بەسەر چەند بەشێكەوە بەهەمان شێوە سونەش دابەشبوون هەتا ئێستا ئەو 9 مانگە نەیانتوانیووە حكومەت پێكبهێنن ئێستاش لەوەناچێت بتوانن، چونكە سەدر ڕاستە دەرچووە، بەڵام ناهێڵێت ئەوانی تر ئیش بكەن بەهەموو شێوەیەك لێیان تێك دەدات لەناو پەرلەمان بێت یان لەدەرەوە بێت جیاوازی نییه،‌ لەبەرئەوە بەلای منەوە لەوانەیە نەتوانن وەكو پێویست حكومەتێكی كارا پێكبهێنن دەكرێت جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ هەڵبژاردن واتە ئەوە دروستترە. ”

” كێشەی نێوان هەولێر و بەغداد یەكێكە لەكێشە گەورەكانی عێراق”

سەبارەت بە گرژییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، د. مەحمود عوسمان دەڵێت” بێگومان كێشە زۆرە لە نێوان هەرێمی كوردستان حكومەتی عێراق بەتایبەتی لەسەر نەوت لەسەر كاری ئابوری و ئەوانە حكومەتی بەغداد فشار دەكات لە هەرێمی كوردستان، وە ئەگەر ڕێكنەكەون بێگومان كێشە زیاتر دەبێت موشەك دەدەن لە پێشمەرگە، لە كێڵگەی نەوت هەتاڕادەیەكیش ئێران هاوكاری ئەو كۆمەڵانە دەكات ئەوانەی موشەك دەهاوێژن كە ئەمەش كێشەیەكە یان دەبێت گفتوگۆی سیاسیەوە له ‌نێوان كورد و شیعەكان، كورد و حكومەت لەبەغداد چارەسەری بكەن یاخود ئەوەیە كێشە زیاتر دەكات هەتا ئێستا دیار نییە كە بتوانن چارەسەری بكەن، حكومەتیش دروست نەبووە ئەم حكومەتەی ئێستاش كاربەڕێكەرە ناتوانێت هەموو كێشەكان چارەسەر بكات، ئەوەش كێشەیەكە ماوەتەوە واتە كێشەی نێوان هەولێر و بەغداد یەكێكە لەكێشە گەورەكانی عێراق، مەسەلەی نەوت و نانەوتی و هەموو شتێكی دەسەڵاتەكانی تێكەوتووە لەبەرئەوە لەوانەیە بەردەوام بێت مەگەر بتوانن ڕێككەوتنێك بكەن ڕێككەوتنیش كە سەركەوتوو بێت دەبێت لەگەڵ ئەو حكومەتەی ئایندە بێت كە دروست دەبێت لەگەڵ ئەم حكومەتە چەندین ڕێككەوتن كراوە، بەڵام چارەسەر نەبووە چونكە كازمی دەسەڵاتی كەمە ناتوانێت شتەكان وەكو پێویست جێبەجێ بكات. ”

” ئەگەر ئەوە نەكەن دوا ڕۆژی عێراق زۆر لەمە خراپتر دەبێت ”
چارەنووسی عێراق چی لێدێت ئایا هەر لەبەردەم دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردندا دەبێت یاخود قورستر دەبێت كە بتوانرێت هەڵبژاردن بكرێتەوە؟
لە وەڵامدا د. مەحمود عوسمان دەڵێت” بەبڕوای من چارەنوسی عێراق نادیارە و باشیش نییه،‌ هۆكارەكەشی ئەو میلیشیا چەكدارانەن كە لەڕاستیدا ئامادەنین كار بۆ عێراقیش بكەن بەڵكو زیاتر لەگەڵ ئێرانن ئەو میلیشیایانە خۆشیان نایشارنەوە، هەموو چەكدارن ئەگەر ئێستا سەیری عێراق بكرێت یەك ملیۆن و چارەكێك چەكداری تێدایە بە سوپا و بە حەشد نازانم ئەم هەموو چەكدارانە بۆچییە! چونكە نە عێراق هێرش دەكاتەسەر هیچ دەوڵەتێك نە هیچ دەوڵەتێك هێرش دەكاتەسەر عێراق ئەو هەموو چەكدارە نیوەی بودجەی ئەم وڵاتە دەبەن و هەمووشیان كێشەیان زۆرە لە هەمووشتێكدا دەستێوەردان دەكەن و كێشە دروست دەكەن حكومەتی كازمیش تەماشایان دەكات و دەزانێت كێن كەسیش ناتوانێت هیچیان لێبكات لەبەرئەوە ئەو دۆخە ئەگەر بەوشێوەیە بێت وەكو ئێستا هەیە، وە هێزە سیاسیەكان و پێكهاتەكان نەتوانن بەرژەوەندی میللەتەكە بخەنە پێشەوە و ئەو دۆخەی خۆیان بگۆڕن و حكومەتێك دروست بكەن كە خزمەتی ئەو وڵاتە بكات و كێشەكان چارەسەر بكات و ئەو چەكانە هەمووی لاببات و هەوڵبدات ئەو گەندەڵیە نەهێڵێت هەوڵبدات ئەو كوشتن و لەناوبردن و دژایەتی و موشەك تەقاندن نەمێنێت، ئەگەر ئەوە نەكەن دواڕۆژی عێراق زۆر لەمە خراپتر دەبێت. ”

” عێراق له ‌سەرەتاوە هەمیشە هەوڵیداوە كە دەست بگرێت بەسەر هەرێمی كوردستان ”
د. مەحمود عوسمان دەشڵێت” عێراق له ‌سەرەتاوە هەمیشە هەوڵیداوە كە دەست بگرێت بەسەر هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی هەرێم كەم ببێتەوە، زۆر هەوڵیانداوە دەستورەكە بگۆڕن و ئەو دەسەڵاتەی دراوە بە هەرێم كەمبكرێتەوە، بڕوایان بەسیستەمی فیدڕاڵی نییه،‌ بەڵكو بڕوایان بەوە هەیە كە حكومەتێكی مەركەزی بەهێز هەبێت، ئەو دەسەڵاتانەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان هەیەتی بڕوایان پێی نییە و دەیانەوێت كەمی بكەنەوە، لەبەرئەوە، ئەوەش جۆرێكە لە هەوڵدان بۆئەوەی دەسەڵات بەسەر هەرێمدا بگرن، لەڕووی ئابوریەوە و لەڕووی نەوتەوە كێشەی بۆ دروست دەكەن هەرێمیش دەیەوێت نیمچە سەربەخۆیی خۆی هەبێت لەو ڕووانەوە ئەوانیش دژی ئەوەن لەبەرئەوە بێگومان ئەو ململانێیەش هەر بەردەوامە. ”

“وردە وردە دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتە نەوتیەی هەرێم هەیەتی نەیهێڵن”

ئەو هەوڵە جددیە عێراق، بەم دۆخەی خۆیەوە، دەتوانێت؟ لە كاتێكدا كە خۆی پارچە پارچەیە و ئەو هەموو گروپە چەكدارە هەیه،‌ بتوانێت لەسەر ئەوە كۆك بێت دەستبگرێت بەسەر بیرە نەوت و غازەكانی هەرێمی كوردستان و دژی هەرێمی كوردستان بێت؟

لە وەڵامدا د. مەحمود عوسمان دەڵێت” بێگومان ئاسان نییە، بەڵام هەندێك بیری نەوت هەیە نزیكە لە سنوری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق خۆی بەموشەك لێی دەدەن وەكو خورمەڵە ئەوانە نەوتی زۆر زۆریان تێدایە لەو نزیكانە دەتوانن هەمیشە فشاری لێبكەن، لەهەمانكاتیشدا دەكرێت بتوانن لەڕووی ئابوریەوە زیان لەهەرێم بدەن لەڕووی بودجە و مووچەوە هەروەها مەسەلەی نەوت كە دەڵێن نابێت كۆمپانیا لەهەرێم ئیش بكات دەبینرێت دوو كۆمپانیا وازیان هێناوە كە لە هەرێمی كوردستان ئیش بكەن ئەو دوو كۆمپانیایە ئەگەرچی خزمەتگوزارین، بەڵام ئەوەش كاریگەری هەیە واتە ئەو بڕیاریەی دادگای باڵا كاریگەری لێكردون، وردە وردە دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتە نەوتیەی هەرێم هەیەتی نەیهێڵن ئەو كۆمپانیایانەی كە لەهەرێم كاردەكەن وردە وردە فشاریان لێدەكەن بۆئەوەی وازبهێنن، وە ئەگەر وازنەهێنن دەڵێت سكاڵایان لێدەكەین لە دادگاكانی دەرەوەی وڵات، ئیتر ئەمە هەمووی كێشەیە بۆ هەرێمی كوردستان لەڕووی سەربازییەوە ناتوانن بێن و بیگرن و پەلاماری بدەن، بەڵام هەموو جۆرە هەوڵێك دەدەن دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كەم ببێتەوە كە لەڕووی ئابوریەوە دۆخی باش نەبێت و لەمەسەلەی بودجە و ئەوانەوە حسابێكی زۆری بۆ نەكەن مەسەلەی نەوت و نانەوتی ئێرانیش لەولاوە فشار لەهەرێم دەكات، كێشەی توركیاش هەیە هەمیشە شەڕ و پەلاماردان ئەمانە هەمووی زیانێكی زۆر گەورە لەهەرێم دەدات جگە لەوەی كە هێزە كوردییەكانی هەرێم خۆیان ڕێك نیین و یەك نیین جیاوازن هەریەكە بەجیا ئیش دەكات هەریەكە بەجیا دەچێت بۆ بەغداد بەجیا دەچن بۆ ئێران و بەجیا بۆ توركیا ئەمەش بێگومان هەرێم لاوازدەكات. ”

” هیچ كاتێك هێزە كوردییەكان ئەوەندەی ئێستا ناكۆك نەبوون لەنێوان خۆیاندا ”
د. مەحمود عوسمان كە لە ڕابردوودا یەكێك بووە لە سەركردەكانی شۆڕشی كوردی، باس لەوە دەكات، لە چەندین قۆناغدا هیچ كات دۆخی عێراق و كورد وەك ئێستا نەبووە.
لەو ڕووەوە د. مەحمود عوسمان دەڵێت” قۆناغی پێشووش كورد كێشەی هەبوو، بەڵام وەكو قۆناغی پێشوو نییە ئەمە قۆناغێكی تازەیە چونكە دۆخێكی وا لەعێراقدا دروستبووە شیعەكان كە پێشووتر یەكگرتوو بوون، بەڵام ئێستا یەكگرتوو نیین دژی یەكترین دەبینرێت سەدر لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی چۆنن سونەش لەنێوان خۆیاندا كێشەیان هەیە یەكگرتوو نیین كوردیش یەكگرتوویی زۆر نییە لە نێوانیاندا، هیچ كاتێك هێزە كوردییەكان ئەوەندە ناكۆك نەبوون لەنێوان خۆیاندا، دەتوانین بڵێین دۆخێكی تازەیە، بەقەناعەتی من لەكۆنیشدا كێشە هەبووە، بەڵام بیرم نایەت بڵێم فڵانە دۆخ لەم دۆخە دەچێت هەردۆخێك كات و شوێنی خۆی هەیە بەڵام دۆخێكی هەتا بوترێت خراپە و بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی میللەتەكە بۆتە پلە دوو بەرژەوەندی كەسی و حیزبی تائیفی كەوتۆتە پێشەوە ئەوەش زیانێكی گەورە دەدات. ”

ئایا دۆخی ئێستا بۆ هەرێم لە لەدۆخی پێش ڕیفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر دەچێت؟
هەرچەندە هەندێك لە چاودێران پێییان وایە دۆخی ئێستا بۆ هەرێم لە لەدۆخی پێش ڕیفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر دەچێت، بەڵام د. مەحمود عوسمان دەڵێت”
ئەم دۆخە جیاوازه،‌ ئەو شتێكی تر بوو، بەڵام بە قەناعەتی من ل ەكۆنەوە كێشە لەنێوان هەرێم و بەغداد هەیە هەرێم دەیەوێت فیدڕاڵی بێت، بەڵام عێراق دەیەوێت حكومەتی مەركەزی هەبێت هەرێم دەیەوێت خۆی دەسەڵاتی بەسەر ئابوری و نەوتدا هەبێت، بەڵام بەغداد ڕازی نییە هەرێم دەیەوێت پێشمەرگەی خۆی هەبێت و بەغداد بەپێی دەستور مووچەیان بداتێت، بەڵام ئەوان نایكەن هەموو ساڵێك كێشە هەیە لەنێوان هەرێم و بەغداد ئەوان دەیانەوێت دەسەڵاتی هەرێم كەمترین بێت، بەڵام هەرێم دەیەوێت دەسەڵاتی زۆرترین بێت بێگومان ئەمانە هەمووی كێشەن و هەمیشە ئەم كێشانە سەرهەڵدەدەن و گفتوگۆی جددیش نییە لەنێوان كە بتوانن وەكو شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەریان بكەن هەتا ئێستا. ”

ئامادەكردنی: ژیار محەمەد- دەنگی ئەمریكا