سەردێر

“باشتر دەبوو وەک عێراق، لە هەرێمیش پرۆسەی خوێندن دوابخرایە”

 

خەڵک -ئارام سەردار

ڕۆژی سێ شەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢١ یەکەم ڕۆژی نوێی ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ە لەهەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیش ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بوونی کۆمەڵێک گرفت ئامادەکاریەکی لەم شێوەیە نابینم بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن و وائاسان نیە خوێندن لەسەر سکەی خۆی دەست پێبکات.

مامۆستا عیسا حوسێن، سەرپەرشتیاری پەروەردەی لەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ (خەڵک) ڕایدەگەیەنێت، باشتر دەبوو بڕیاری کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لەگەڵ عێراق بوایە، چونکە عێراق پڕۆسەکەی دواخست بۆ دوای هەڵبژاردن.

 خەڵک؛ دەرگای قوتابخانەکان دەکرێنەوە، پێتان وایە ئامادەکاری پێویست کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە؟

عیسا حوسێن؛ لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بڕیاردراوە ڕۆژی ١٤ی ئەیلول ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ دەست پێبکاتەوە، ڕەنگە تاڕادەیەک لەسەر ئاستی وەزارەت کرابێت، بەڵام گەر سەیری واقعی قوتابخانەکان بکەیت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار ئەو ئامادەکاریە نابینم، چونکە دووساڵی ڕابردوو خوێندن بەشێوەی پچڕپچڕ بووە بەتایبەت ساڵی ڕابردوو نزیکەی یەک مانگ دەوامکرا و تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان و دواتریش پۆلی ١٢ کرا، ماوەی نێوان خولی یەکەم و دووەم زۆر کەمبوو، تاچەند ڕۆژێکی تریش تاقیکردنەوەی سریانی و تورکمانی ماوە، زۆربەی بەڕێوەبەر و مامۆستاکان لەهۆڵەکانی تاقیکردنەوە چاودێر بوون، واتە نەپەڕژاونەتە سەر ئەوەی لەقوتابخانەکانیان ئامادەکاری بکەن و تەنانەت بەهۆی ئامادەنەبوونی دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکان بەهۆی خولی دووەم، پڕۆسەی گواستنەوەی خوێندکارانیش نەکراوە لەپۆلی شەش بۆ حەوتی بنەڕەتی و لە ۹ بۆ ١٠ی ئامادەیی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی قوتابخانەکان خولی تایبەتی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تێدایە بۆ کارمەندەکانی و بەشی زۆری کارمەندەکانیش مامۆستان، واتە لەقوتابخانە نابن، ئەمانەش ڕێگرن لەوەی بەشێوەیەکی درووست پڕۆسەی ساڵی نوێی خوێندن دەست پێبکاتەوە، بۆیە ئامادەکاریەکی لەم شێوەیە نابینم.

خەڵک؛ کەواتە پلان نەبووە، سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانە دەرگای قوتابخانەکان دەکرێنەوە؟

عیسا حوسێن؛ نەخۆشی کۆرۆنا هەیە،ڕێژەی مردن و تووشبوون بەرزە، بۆیە دەبێت هەماهەنگی هەبێت لەنێوان وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی لەدابینکردنی پێداویستیەکانی خۆپارێزی و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی گومانی تووشبوونیان هەیە، بۆیە بەلامەوە سەیرە بڕیارێکی لەم شێوەیە دراوە و هۆکارەکەشی دەگەڕێننمەوە بۆ بێ پلانی و و بێ باکی، چونکە واقعی قوتابخانەکان بەم شێوەیەیە، لەبەر ئەوە باشتر دەبوو بڕیارەکە لەگەڵ عێراق بوایە، چونکە ئەوان پڕۆسەکەیان دواخست بۆ دوای هەڵبژاردن، یان هیچ نەبوایە ١٠ ڕۆژێک دواخرابایە تاوەکو لەلایەن دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکان هەماهەنگی پێویست کرابایەو قوتابخانەکان خاوێنبکرێنەوە و تەعقیم بکرێت، لەبەر ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنیش لەناو قوتابخانەکان بەڕێوەدەچێت تێکەڵیەک دروست بووە وائاسان نیەخوێندن لەسەر سکەی خۆی دەست پێبکات.

 خەڵک؛ بەپێی بڕیاری وەزارەت ماوەی چەند بۆ پێداچونەوەی وانەکانی ساڵی ڕابردووە وەک قەرەبووکردنەوە تەرخانکراوە؟

عیسا حوسێن؛ ئەوە ناکاتە قەرەبوو، چونکە خوێندنی دووساڵ قەرەبوو ناکرێتەوە بەتایبەت ڕەنگە لە ٢٠٪ تا ٣٠٪ پڕۆگرامی خوێندن خوێندرابێت، ئەمە جگە لەو نەخۆشیە نەهاتنی مووچە و چارەگە مووچە لەساڵانی ڕابردوو کاریگەری زۆری لەسەر خوێندن و مامۆستا و خانەوادەی خوێندکاران هەبووە، کاریگەری ئەم دوو ساڵەش تا ١٠ ساڵی تر دەمێنێتەوە لەسەر ئەو خوێندکارەی بەم دوو ساڵە تێپەڕیوە، ئاسان نیە لەڕووی دەرونیەوە وا لەخوێندکار بکەی دەوامی ئەمساڵ پچڕپچڕ نیە، ئەوەی دەکرێ تەنها پێداچوونەوەیە.

خەڵک؛ ڕۆڵی دایک و باوک چی دەبێت تا کاریگەریە نەرێنیەکان کەم بکەنەوە؟

عیسا حوسێن؛ دەبێت دایک و باوک هاوکاری خوێندکار و قوتابخانە بن لەڕووی دەروونیەوە ئامادەی بکەن، کە ڕاستە نەخۆشی و کۆمەڵێک گرفت هەیە، بەڵام دەبێت ئەوان بخوێنن لەکەشێکی ئارامدا، هەماهەنگی تەواویش هەبێت لەنێوان قوتابخانەو کەسوکاری خوێندکاران و مامۆستایان کە ئەنجوومەنێک هەبێت، چونکە دووساڵی ڕابردوو دڵەڕاوکێی زۆری دروستکردوە، بەهەماهەنگی هەموو لایەک دەتوانرێت چارە بکرێت.

 خەڵک؛ تێبینیتان چی یە، لەسەر خشتەی ساڵی نوێی خوێندن؟

عیسا حوسێن؛ ئەگەر ئەو خشتەیە جێبەجێ بکرێت شتێکی زۆر باشە، بەڵام وەک دەزانن کورد لە سی ساڵی ڕابردوو پلانی نەبووە، بوودجە و بەرنامەی بۆ داهاتوو نەبووە، ڕاستە حکومەت هەندێ کات بەرنامەی هەبووە، بەڵام جێبەجێی نەکردوە، ئومێد دەکەم وەزارەتی پەروەردە بەپێی ئەو خشتەیە کارەکانی بڕوات شتێکی زۆرباش دەبێت.