سەردێر

“وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتیەکان ڕاسپێردراون، ئەمساڵ نەوت بۆ هەموو ماڵێک دابین بکرێت”

خەڵک – ئارام سەردار

سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لەئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەپێی وتەی بەرپرسانی سامانە سروشتیەکان بێت، بڕیار دراوە ئەمساڵ نەوت بگاتە هەموو ماڵێک.

نافیز ناوپردانی سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لەئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لە دیدارێکدا لەگەڵ(خەڵک) ڕایگەیاند؛ دەکرێت نرخی بەنزین دابەزێت، تەنها بەمەرجی ئەوەی پاڵپشتی حکومی لەگەڵ بێت، واتە حکومەت بتوانێت نەوت بەنرخی دیاریکراو بۆ پاڵاوگەکان دابین بکات .

 خەڵک – بەپێی بەدواداچوونەکانتان،لەسەر نرخی بەنزین بەچ ئەنجامێک گەیشتوون، نرخی بەنزین کەمدەکرێتەوە؟

 نافیز ناوپردانی – من پێم وانیە نرخی بەنزین بەم شێوەیە کەم ببێتەوە تەنها بەمەرجی ئەوەی پاڵپشتی حکومی لەگەڵ بێت، واتە بتوانرێت حکومەت نەوت بەنرخی دیاریکراو بۆپاڵاوگەکان دابین بکات و بیفرۆشێت، یەک ملیۆن لیتر بەنزینیش ئەو ڕێژە زۆرە نیە تاوەکو بتوانرێت نرخی بەنزینی پێ داببەزێنرێت.

 خەڵک – بۆچی نرخی بەنزین دانەبەزی کەبڕیاربوو لە ٢٣/٨/٢٠٢١ نرخەکەی داببەزێت بۆ ٦٥٠ دینار؟

نافیز ناوپردانی – بڕیاربوو ڕۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لەبەغدادەوە بۆ هەرێم بێت و لیتری بە ٦٥٠ دینار لەبەنزینخانەکان بفرۆشرێت، بەڵام تائێستا ئەو بڕە نەهاتووە، بۆیە هۆکاری دانەبەزینی نرخی بەنزین نەهاتنی ئەو بڕە بەنزینەیە کە بڕیاربوو لەبەغدادەوە بێت.

خەڵک – لەبارەی کوالێتی بەنزین بەدواداچوونتان کردووە، زۆرگلەیی دەکرێت لەخراپی کوالێتی و هەبوونی ماددەی ژهراوی لەبەنزین، هەندێ جاریش دەوترێت دزی دەکرێت لە عەدادەکان؟

نافیز ناوپردانی – ڕۆژانە گلەیی هەیە لەسەر کوالێتی بەنزین، بەڵام فەرمانگەی کۆنتڕۆڵی جۆری پشکنین دەکات، ئێمەش بەردەوام لەپەیوەندیداین و ئاگاداریان دەکەینەوە، بەنزینخانە هەیە سزا دراوە بە پێبژاردن تاوەکو داخستن، هەر هاووڵاتیەکیش گلەیی هەبێت لەهەر بەنزینخانەیەک دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات، ئێمە لایەنی پەیوەندیدار ڕادەسپێرین بەدواداچوون بۆ کوالێتی بەنزین بکات.

 خەڵک؛ – بۆچی نرخی غاز گران بووە؟ چارەسەر چیە؟

نافیز ناوپردانی – زیاتر لەپارێزگای دهۆک نرخی غاز بەرزبوو بووەوە، بەڵام لەهەولێر هیچ کێشەیەکی نەبووە، تائێستاش هیچ سکاڵایەکمان لەسەر گرانبوونی غاز پێ نەگەیشتووە.

خەڵک – بەپێی زانیاریەکانتان ئەمساڵ نەوتی سپی دابەش دەکرێت؟

نافیز ناوپردانی – ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتیەکانی ڕاسپاردووە کەوا ئەمساڵ نەوت بۆ هەموو ماڵێک دابین بکرێت و بەپێی وتەی بەرپرسانی سامانە سروشتیەکان بڕیاردراوە نەوت بگاتە هەموو ماڵێک.

خەڵک – لەسنووری پارێزگای هەولێر چەند پاڵاوگەی نایاسایی هەیەو چەندیان داخراون؟

نافیز ناوپردانی – نزیکەی 120 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە لەهەولێر و دەورووبەری، زۆربەیان بەهۆی دەست نەکەوتنی نەوتی خاو داخراون، بەشێکی زۆریشیان لەکارکردن بەردەوامن، لەم هەفتەیەشدا نزیکەی 18 پاڵاوگە داخراون.