سەردێر

پزیشكێك: ژمارەی ئەو كەسانەی بەدەست ماددەی هۆشبەر دەناڵێنن زۆر بەرزە و پێویستی بەكاردانەوەی خێرا هەیە

خەڵك – ئارام سەردار

٢٦ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دیاری كراوە، د.محەمەد خۆشناو؛ پزیشكی دەروونی لەدیمانەیەكدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك) ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، دیاری كردنی ڕۆژێك واتا ژمارەی ئەو كەسانەی بەدەست ماددەی هۆشبەر دەناڵێنن زۆر بەرزە و پێویستی بەكاردانەوەی خێرا هەیە، لەكوردستانیش ژمارەی ئالوودەبووان زۆرە ئێمە وەك پزیشكانی دەروونی لەنۆرینگەكانمان ڕۆژانە دەیانبینین لەهەموو ئاست و توێژێك لەكەسانی ئاسایی وئاستی نزمی ئابووری و ئاستی بەرزی ئابووری لە مامۆستای زانكۆ و پزیشك وئەندازیار هەیە بەدەست ئەم حاڵەتەوە دەناڵێنن.

خەڵك؛ سەرنجتان لەبارەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر چییە؟

د.محەمەد خۆشناو؛ دیاری كردنی ڕۆژێك واتا ژمارەی ئەو كەسانەی بەدەست ماددەی هۆشبەر دەناڵێنن زۆر بەرزە و پێویستی بەكاردانەوەی خێرا هەیە بۆیە ئەم ڕۆژە تەرخانكراوە لەسەر ئاستی جیهان، بەداخەوە كاریگەریەكانی ئەو ماددانە لەسەر كۆمەڵگە زۆر ڕووخێنەرە، لەبواری كۆمەڵایەتی و دەروونی و تەندروستی و یاسایی لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵگە، بۆیە پێویستی بەپلانێكی خێرای بەرەنگاربوونەوە هەیە.

خەڵك؛ هۆكاری زۆربوونی ئەو ماددانە چییە، بەتایبەت ڕۆژانە بڕێكی زۆر دەستی بەسەردا دەگیرێت؟

د.محەمەد خۆشناو؛ بۆچی ئەم ژمارە زۆرە دێتە ناوكوردستان، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر زۆری بەكارهێنەران یان هەرێمی كوردستان بۆتە ناوچەیەكی تڕانزێت بۆ گواستنەوەی ئەو ماددانە بۆ وڵاتانی تر بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی هەرێمی كوردستان كەهاوسنوورە لەگەڵ ئێران و ئەفغانستانیش بەسەر ئێرەوەیە، دەكرێت ئێرە مەڵبەندێك بێت بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی عەرەبی، دەبێت ئەمانە دیراسە بكرێن بۆچی بەم شێوەیە، لەهەمان كاتدا ئەوەی ئێمە وەك پزیشكانی دەروونی لەنۆرینگەكانمان دەیبینین ڕێژەی ئاڵوودەبووان زۆرە لەهەموو ئاست و توێژێكی تێدایە لەكەسانی ئاسایی وئاستی نزمی ئابووری و ئاستی بەرزی ئابووری لە مامۆستای زانكۆ و پزیشك وئەندازیار هەیە بەدەست ئەم حاڵەتەوە دەناڵێنن، بۆیە دەكرێت ژمارەكە زۆر زیاتریش بێت لەناو كۆمەڵگە نادیاربێت ڕەنگە بەهۆی نەبوونی هۆشیاری تەندرووستی كە بەدوای چارەسەر نەگەڕاون.

خەڵك؛ ڕۆژانە چەند كەسی لەم شێوەیە دەبینن؟

د.محەمەد خۆشناو؛ دەوەستێتە سەر ئەو حاڵەتانەی دەمانبێت، ناتوانین ژمارەی دیاری كراو بڵێین، بەڵام پزیشكانی دەروونی بەردەوام ئەم حاڵەتانە دەبینن.

خەڵك؛ چارەسەر بۆ ئەوكەسانە چییە؟

د.محەمەد خۆشناو؛ بۆ ئەوكەسانەی تووشبوون یان ڕێگری كردن بۆ ئەو كەسانەی گرووپ مەترسیدارن ئەگەری تووشبوونیان هەیە، بۆ ئەوانەی تووشبوون وئالوودەبوون دەبێت ئاستی هۆشیاریان بەرزبكرێتەوە و چارەسەریش بەردەستە بۆیان، ئەوانەشی ئالوودەبوون بەدوای چارەسەر دەگەڕێن دەستگیرناكرێن و دەرمانی تایبەتی بۆ دابین دەكرێت تاپاك دەبێتەوە و پاڵپشتی كۆمەڵایەتیش بۆیان گرنگە، هەروەها ڕێگریش بكرێت لەهۆكارەكانی بڵاوبوونەوە و تووشبوون وەك خراپی باوان و لاوازی ئاستی كۆمەڵایەتی و ئابووری و زۆری ڕێژەی بێكاری و نەخۆشییە دەروونییەكانیش گەر هاوكاری نەكرێن ئەوا ڕەنگە سەربكێشێت بۆ تووشبوونیان.

خەڵك؛ بەشێك لەئالوودەبووان پێیان وایە چارەسەریان نییە؟

د.محەمەد خۆشناو؛ بەشێك لەوانەی بەدوای چارەسەر ناگەڕێن نائومێدن و متمانەیان بەخۆیان نییە، دەكرێت جارێكی تریش هەوڵی دابێت بەڵام سەركەوتوونەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین، ژمارەی ئەوانەی دەیانەوێت چارەسەر وەربگرن زۆربەرزە و كاریگەرییە خراپەكانیشیان لەڕووی دەروونیشەوە لەسەر نامێنێ تەنها پێویستە كەسی ئالوودەبوو بەردەوام بێت لەگەڵ كەسانی پسپۆڕ، چارەسەریش ئاسانە.

خەڵك؛ چارەسەرییەكان چین بۆیان بەكاردەهێنن؟

د.محەمەد خۆشناو؛ دەرمان هەیە كە پزیشكی دەروونی پشنیار دەكات، خەواندن لەنەخۆشخانە بۆ پاككبوونەوەی جەستەی، دواتر پێویستی بەپاڵپشتی كۆمەڵایەتی و دووبارە گەڕانەوە بۆ نێو كۆمەڵگا هەیە، هەروەها دابڕانی لەم شوێنەی كە هۆكاری تووشبوونی بووە لەڕێگەی هاوڕێ و شوێنی كار و ئەوكەسانەی ئەو دەرمانانەیان پێداوە، پاشان بەدواداچوونی بۆدەكرێت تا بەتەواوی چارەسەر دەبێت، پێویستە هۆشیاری تەندروستیش بڵاوبكرێتەوە كەئەگەر كەسێك كێشەیەكی هەبوو ئەوا شوێن هەیە چارەسەری تێدا وەربگرێت نەوەك پەنا بباتە بەر ئەو ماددانە یان جگەرە و مەشروب و نێرگلە و كریستاڵ و تریاك.

خەڵك؛ ماددە هۆشبەرەكان چ كاریگەریەكی خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكات؟

د.محەمەد خۆشناو؛ لەڕووی دەروونییەوە ڕەنگە مرۆڤ تووشی سایكۆسسی بكات كەتێكچوونی كەسەكەیە و دابڕانیەتی لەواقع و هەروەها ڕەنگە توشی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ و بەدخەوی بكات، لەڕووی جەستەییش توشی كۆمەڵێك كێشەی كۆئەندامی دەمار و بەشەكانی تر، لەڕووی كۆمەڵایەتی تووشی كێشەی خێزانی و یاسایی دەبێت.

خەڵك؛ پەروەردە چ ڕۆڵێكی دەبێت؟

د.محەمەد خۆشناو؛ دایك و باوك هۆكارە بۆ توشبوونی منداڵەكان و جیابوونەوەی دایك و باوك وخراپی باوانكردن و چاودێری نەكردنی منداڵەكان و ئەو ژینگەیەی ئەو منداڵە یان گەنج تێیدایە، هەموو ئەوانە هۆكارن بۆ تووشبوونی كەسێك، بۆیە پەروەردەی دروست تاكی تەندروست بەرهەم دەهێنێت.