سەردێر

محەمەدی حاجی مەحمود: دەستور بەشێكە لە خەبات و داواكانی خەڵكی كوردستان

خەڵك-

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان باس لە بۆچوونی حزبەكەی و خۆی دەكات لەسەر پرسی دەستوری هەرێمی كوردستان و دەڵێت”دەستور دەبێت هەموو جوگرافیای كوردستانی تێدابێت واتە جوگرافیای كوردستانی باشور مەبەستم چیای حەمرین ئەو شوێنانەی كە پێی دەڵێن كوردستان، لەدەستوری هەرێمی كوردستاندا دەبێت مەسەلەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان میللەت هەڵیبژێرێت، ئێمە ئەو دوو خاڵەمان لەلا گرنگە، بەڵام سیستەمەكە سیستەمێكی پەرلەمانی بێت.”دەشڵێت”ئەگەر سەرۆك لە ناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت ئامادەم خۆم كاندید بكەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.”

محەمەدی حاجی مەحمود بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لەڕاستیدا دەبووایە دەستوری هەرێمی كوردستان پێش دەستوری عێراق بنوسرێتەوە لەوكاتەی كە هەرێمی كوردستان پەرلەمان و حكومەتی هەبوو پێش ڕووخاندنی (سەدام) دەبووایە ئەوكاتە بنوسرایەتەوە، ئەو كاتە ڕای ئەمریكیەكانیش وەهابوو كە كورد پێش دەستوری عێراق دەستور بنوسێتەوە، ئێمە لەساڵی 2009 دەستورمان نوسییەوە لە پەرلەمانی كوردستان واتە ڕەشنووسی تەواو بوو خرابوویەوە دەنگدانەوە بەنزیكەیی كۆتایی پێهاتبوو، لە 2015 ش بڕیاربوو بخرێتە ڕاپرسیەوە بەڵام نەیانكرد، دواتر كێشەی ناوحیزبەكان دوایانخست.”

وتیشی” واتە بەڕای ئێمە دەستور گرنگە ڕەنگە ببێتە سەرچاوەیەك، گەڕانەوە بۆ دەستور ڕەنگە بتوانێت یاساكان ڕێكبخات، دەسەڵاتەكانی یاسادان و جێبەجێكردن لەیەك جیابكاتەوە، بۆ ئەوانە دەتوانێت بەرنامەیەك بۆ داهاتوو دابنرێت، ئێمە ئێستا ناتوانیین بگەڕێنەوە بۆ هیچ شتێك لەدەستوردا، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەندێك شتی كۆنی پەرلەمان یان بچین بەدوای دەستوری ساڵی شەستەكان و حەفتاكاندا بگەڕێین.”

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت” ئێمە تائێستا دەستورمان نییە بۆنموونە سێ كەس ڕێكخراوێكی ( NGO) بكاتەوە لە هەرێمی كوردستان یان ڕێكخراوێكی خێرخوازی بكاتەوە و داوا لە حكومەت بكات، حكومەت داوای بەرنامەكەی لێدەكات كە دەستوری ئەو ڕێكخراوەیە، حكومەت خۆی تائێستا دەستورەكەی نییە ئەوە 30 ساڵە، پێموایە كەموكورتیەكە من ناڵێم دەستور هەموو شتێك چارەسەردەكات بەڵام دەستور دەبێتە سەرچاوەیەك.”

بەڵام ئایا بارودۆخی ئێستا جیاواز نیە لە ساڵی نۆسەد و شەست و حەفتاكان ئایا ئەو یاسا و دەستورانە بۆ ئەم سەردەمە دەبن؟

لەوەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی” نەخێر بارودۆخ و سەردەم وەكو ئێستا نییە، بۆنموونە من لەو ڕۆژانە بینیم خەڵاتیان دابوو بەچەند نوسەرێك، هیچ دەستورێك ئەو خەڵاتەی تێدانەبوو گەڕانەوە بۆ ساڵی شەستەكان و حەفتاكان كۆتاجار چوونەوە سەر ساڵی 1952ی مەلیكی بڕگەیەكیان دەرهێنا ئەو خەڵاتەیان پێشكەش كرد بەو كەسانە واتە كەموكورتیە ناتوانرێت بگەڕێنەوە بۆ ساڵی شەستەكان و حەفتاكان و هەشتاكان تەنانەت نەوەدەكانیش چونكە ئەوانە هەمووی بەسەرچووە، ژیانی خەڵك لەڕووی سیاسی لەڕووی ئابوری و لەڕووی كۆمەڵایەتی لەگەڵ ئێستادا زۆر جیاوازە.”

واتە دەستور دەتوانێت چارەسەری كێشە و گرفتەكان بكات؟ محەمەدی حاجی مەحمود وتی”ناڵێم دەستور دەتوانێت چارەسەری كێشەكان بكات واتە هەموو شتەكان بەڵام دەستور دەبێتە چوارچێوەیەك كە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگی بۆ دەدات ئەوكاتە هەرلایەك پابەند نەبوو دەتوانرێت ئەوكاتە بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری دادگاكان بۆ دەستور ، من پێموایە دەستور بەشێكە لە خەبات و بەشێكە لە داواكانی خەڵكی كوردستان چۆن ئێمە لە حكومی زاتیەوە چوین بۆ فیدڕاڵی، دەستوریش یەكێكە لەو قۆناغانە كە پێویستە بۆ ئەم وڵاتە بۆ نموونە شەش ملیۆن كەس دەتوانێت بەبێ دەستور كە مەرجەعیەتێكی نەبێت بگەڕێتەوە بۆی، دەتوانێت بەڕێوەبچێت! واتە خێزان دەستوری هەیە، حیزبێك هەیە، پەیڕەوەی ناوخۆی هەیە واتە دەستور، حیزبێك هەیەتی و ڕێكخراوێك هەیەتی، ئەی بۆ میللەتێك نەیبێت.

پێتانوایە حكومەتی عێراقی و لایەنە عێراقیەكان ڕێگە بدەن هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور ئەگەرچی لە دەستوری عێراقیدا ڕێگەی پێداوە؟
محەمەدی حاجی مەحمود وتی”خەڵكی هەرێمی كوردستان خۆی دەبێت بڕیار بدات، خۆ دەستور هیچ كەسێك نایخاتەسەر سینیەكی زێڕین و بێت پێشكەشی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بكات، خەڵكی هەرێمی كوردستان لەدەستوری عێراقیدا ئاماژەی پێدراوە و مافیداوە بەخەڵكی هەرێمی كوردستان كە دەستوری عێراقی ئەو مافەیداوە دەبێت كورد بەسەر ئەو فرسەتەی خۆی تێنەپەڕێت و بڕیاری لێبدات.”

محەمەدی حاجی مەحمود سەبارەت بە داواكاری سەرەكییان لەناو دەستوردا وتی”ئێمە پێمانوایە دەستور دەبێت هەموو جوگرافیای كوردستانی تێدابێت واتە جوگرافیای كوردستانی باشور مەبەستم چیای حەمرین ئەو شوێنانەی كە پێی دەڵێن كوردستان، لەدەستوری هەرێمی كوردستاندا دەبێت مەسەلەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان میللەت هەڵیبژێرێت، ئێمە ئەو دوو خاڵەمان لەلا گرنگە بەڵام سیستەمەكە سیستەمێكی پەرلەمانی بێت”.

باشە چۆن دەكرێت سیستمی حوكمڕانی پەرلەمانی بێت و سەرۆكیش لە ناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت؟
محەمەدی حاجی مەحمود وتی”سیستەمەكە دەتوانرێت پەرلەمانی بێت بەڵام ئەگەر سەرۆك لەناو خەڵكی هەرێمی كوردستاندا هەڵبژێردرێت یەكەم دیموكراتی زیاترە، دووەم مافی هەموو تاكێكی خەڵكێكی كوردستان پێشێل ناكرێت ڕێگەی لێبگیرێت دەنگ بدات واتە پەرلەمان ڕەنگە نوێنەری هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبێت بۆچی پەرلەمان بە 111 كەسەوە سەرۆك هەڵبژێرێت، ئەی بۆ میللەتێكی سێ ملیۆنی دەنگ نەدات بۆ سەرۆكەكەی خۆی، دووەم ساڵانی پێشوو كە سەرۆك لە ناو خەڵكدا هەڵبژێردرا زیاتر لە 20 كەس خۆی كاندیدكرد بۆ سەرۆكایەتی بەڵام ئێستا ئەگەر لە ناو پەرلەمان بێت جگە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كەسێك ناتوانێت خۆی كاندید بكات واتە مافی هەموو ئەو خەڵكە پێشێل دەكرێت”.

محەمەدی حاجی مەحمود وتی”ئەگەر لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت بەڵێ ئامادەم خۆم كاندید بكەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم ، جاری پێشوو لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرا و ژمارەیەكی زۆر خۆیان كاندید كرد ئەوكاتە حەڤدە-هەژدە كەس دەنگیشیان هێنا بۆنموونە كاك (كەمال میراودەلی) نزیكەی نیوملیۆن دەنگی هێنا، كۆمەڵێك خەڵك بۆنموونە لە گەرمیان لەشوێنەكانی تر دەنگیان هێنا، كوڕی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەنگی هێنا ئەوكاتە خەڵك دەنگی زۆر هێنا واتە ئەوە ئازادانەترە و دیموكراتی ترە لە وڵاتێك 20-30 كەس خۆی كاندید بكات بۆسەرۆك یاخود لەناو پەرلەماندا تایبەت بكرێت لەسەر حیزبێك یان دوو حیزب.”

محەمەدی حاجی مەحمود جەختی لە خۆكاندیدكردن كردەوە و وتی” ئەگەر دەنگدانی خەڵكی كوردستان بێت بەڵێ من دەچم خۆم كاندید دەكەم ئەوكاتە ئەگەر دەنگ بهێنم یان نەیهێنم ئەوە شتێكی ترە بەڵام من خۆم كاندید دەكەم بۆسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.”

ئایا ئەم داواكارییەی ئێوە (هەڵبژاردنی سەرۆك لە پەرلەمان و لە هەمانكاتدا سیستمی حوكمڕانی پێویستە پەرلەمانی بێت) بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگییە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان كە داوا دەكات سەرۆك لە ناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت لە بەرامبەردا لایەنەكانی تر داوا دەكەن سیستمی حوكمڕانی پەرلەمانی بێت؟

محەمەدی حاجی مەحمود لە وەڵامدا وتی” من پێشتریش هەر بۆچوونم وابووە و ئێستاش و داهاتووش بۆچوونی خۆم وایە سەرۆك هەركەسێك و هەر حیزبێك بێت میللەت هەڵیبژێرێت چونكە میللەتێك مافی خۆیەتی سەرۆكی خۆی هەڵبژێرێت و دەنگی خۆی بدات نابێت قەدەغە بكرێت لەخەڵكی هەرێمی كوردستان كە كەس خۆی كاندید نەكات تەنها لەناو پەرلەماندا 111 كەس هەڵیبژێرێت كە ڕەنگە ئەوان زیاتر نوێنەری حیزبەكان بن چونكە خەڵكی كوردستان بەهەموو چین و توێژەكانییەوە مافی ئەوەیان هەیە دەنگ بۆ سەرۆكێك بدەن كە خۆیان هەڵیبژێرن.”

محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت”كۆمەڵێك كێشەمان هەیە لە هەرێمی كوردستان ئێستا حیزبەكان خۆیان پێیانخۆشە دەستور نەبێت و خۆیان بڕیار بدەن لەجیاتی دەستور ئەگەر دەستور هەبوو ئەوكاتە حیزبەكان ناچارن ئیلتزامی پێوەبكەن واتە ئەوكاتە قەزا ودادگاكان دەتوانن ڕۆڵ ببینن، ئەو حیزبەی پابەند نەبێت بەبڕیارەكانی دەستورەوە، ئەوانە دەتوانن چوارچێوەی سنورداربكەن.”

محەمەدی حاجی مەحمود ڕەتیكردەوە باسكردنی دەستور پەیوەندی هەبێت بە بابەتی “ڕیكلامی هەڵبژاردن” لەو ڕوەوە وتی” باوەڕناكەم بەڵام ڕەنگە ڕێگری هەبێت لەناودەستوردا، یەكەم حیزبەكان پێیانخۆش نییە دەستور هەبێت بۆئەوەی خۆیان لەجیاتی دەستور بڕیاربدەن واتە خۆیان كۆببنەوە و لەجیاتی دەستور بڕیاربدەن، ڕەنگە یەكێك لەوانە پەیوەندی بەسنوری هەرێمی كوردستانەوە هەبێت ڕەنگە ئەوە یەكێك لەخاڵەكان بێت كە ڕێگربێت.”