سەردێر

تۆماركردنی كۆمپانیاكان دەكرێتە ئۆنلاین

خەڵك – ئارام سەردار

دوای ئەوەی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی هەرێم، بڕیاری دەسەڵاتی تۆماركردن و پاكتاوكردنی كاری كۆمپانیاكانی لە بەڕێوەبەرایەتی شارەكان هەڵوەشاندەوە، بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری كۆمپانیاكان لە هەرێم لەم چاوپێككەوتنە وێڕای دەرخستنی هۆكارەكان بۆ(تۆڕی میدیایی خەڵك) ئاشكرای دەكات هەوڵەكان بەردەوامن تۆماری كۆمپانیاكان بە ئۆنلاین و سیستم بێت.

خەڵك؛ هۆكاری بڕیاری گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی تۆماری كۆمپانیاكان لەبەڕێوەبەرایەتی شارەكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەلایەن وەزیری پیشەسازی و بازرگانی چییە؟

بڵند محەمەد؛ پاڵپشت بە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ١٩٩٧ بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیاكانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان هەر لەناوەكەیانەوە ڕوونە دەسەڵاتی تۆماركردنی كۆمپانیایان نییە، بابەتەكەش هۆكاری یاسایی هەیە بۆیە وەزیری بازرگانی ئەو بڕیارەی دەركردووە، چونكە دوای هەمواركردنی یاسای ژمارە ٢١ لەساڵی ٢٠٠٤ لەسەردەمی بریمەر، سیستمی تۆماری كۆمپانیاكانی لەسیستمی ئیشتراكی بۆ سیستمی سەرمایەداری گۆڕی، دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٧ بەیاسای ژمارە ٢٨ لەهەرێم دەرچوو، ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە دەسەڵاتی تۆماری كۆمپانیاكانی بە مەركەزی هێشتەوە، لەكاتێكدا پێویست بوو لەیاساكەدا دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەری گشتی تۆماری كۆمپانیاكان تا دەسەڵاتی تۆماركردن بداتە بەڕێوەبەرایەتی شارەكان.

خەڵك؛ لە عیراق پڕۆسەی تۆماری كۆمپانیاكان چۆنە؟

بڵند محەمەد؛ دوای دروستكردنی كابینەی نۆیەم بڕیاردرا هەماهەنگی باش هەبێت لەنێوان هەولێر و بەغداد، لەكاتی سەردانی شاندی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ بەغدا لەگەڵ هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی عیراق بەجیا كۆبوونەوە و یەكێك لەپرسەكان گفتوگۆی لەسەر كرا تۆماری كۆمپانیاكان بوو، پرسیار ئاڕاستەی هەرێم كرا بە چ دەسەڵات و پێوەرێك دەسەڵاتی تۆماری كۆمپانیاكان دراوە بە بەڕێوەبەرایەتی شارەكان یان هەر كارێكی تر ئەنجام بدرێت، چونكە بەپێی هەمان یاسا لەعیراقیش تەنها لەبەغدا پڕۆسەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بەڕێوەدەچێت، حكومەتی عیراقیش ئەو دەسەڵاتەی نییە تۆماری كۆمپانیاكان بداتە شارەكان.

خەڵك؛ كەواتە پێشتر چۆن دەسەڵاتی تۆماری كۆمپانیاكان و پاكتاوكردنی كارەكان دراوە بەبەڕێوەبەرایەتییەكان؟

بڵند محەمەد؛ لەساڵی ٢٠١٠ بە بڕیارێكی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئەوكات دەسەڵاتی تۆماری كۆمپانیاكان و هەندێ لە دەسەڵاتەكان شۆڕكاتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەكان، بەڵام دوای یەك مانگ وەزارەتی بازرگانی عیراق بە نووسراو داوای هۆكار و دەسەڵات بڕیارەكە دەكات، ئەوكاتیش وەڵامی هەرێم ئەوەیە كە دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتییەكان تەنها كۆكردنەوەی پەڕاو و پێویستیەكانی تۆماركردنی كۆمپانیایە ئینجا دوای كۆكردنەوەی ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماركردنی بكەن.

خەڵك؛ كەواتە بڕیارەكە پێچەوانەی لامەركەزی نییە؟

بڵند محەمەد؛ ئێمە لەگەڵ بابەتی لامەركەزداین، بەڵام هۆكاری بڕیارەكە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێگرییە یاساییەكان، لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری وەزارەتیش جەخت كراوەتەوە هەمواری كۆمەڵێك یاسا بكەینەوە تا دەسەڵات شۆڕبكرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی خوارەوە، لیژنەیەكی باڵای چاكسازی و بەرەوپێشبردنی تۆماری كۆمپانیاكان بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت هەیە، بە دوو پڕۆسە یەكێكیان پڕۆسەی ئێستایە كە لەماوی ١٥ بۆ ٢٠ ڕۆژی تر ڕاسپاردەكانی ئەو لیژنەیە بگاتە ئەنجومەنی وەزیران سیستمێكی نوێی تۆماری كۆمپانیاكان دابمەزرێت كەلەلایەن وەزارەتەوە دیاری كراوە و لیژنەكەش جەخت دەكاتەوە تۆماری كۆمپانیاكان بە ئۆنلاین و سیستم بێت، پارێزەران لەهەر شارێك بن پڕۆسەی تۆماری كۆمپانیاكان لەئۆفیسی خۆیان دەتوانن كارەكان ڕایی بكەن، تەنانەت كاری پسوڵەی دارایش هەر بەم سیستمە ئەنجام دەدرێت، هەنگاوی دووەمی لیژنەكەش قۆناغی گۆڕینی یاساكانە كەئەویش كارەكانی لەسێ مانگ تێپەڕ ناكات دەكرێت یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ١٩٩٧ هەموار بكرێتەوە.