سەردێر

فازل نەبی؛ مانگانە نزیكەی ٧٠ تا ٩٠ ملیار دینار پارە لەبەغداوە بۆ هەرێم دێت

خەڵك
بریكاری پێشووی وەزارتی دارایی و ئابووری عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەم شێوەیە مانگانە نزیكەی ٧٠ تاوەكو ٩٠ ملیار دینار پارە لەبەغدادەوە بۆ هەرێم دێت، چونكە ئەو پشكەی دیاری كراوە زیاترە لەوەی هەرێم ڕادەستی بەغدادی دەكات، دكتۆر فازڵ نەبی لەم چاوپێكەوتنە لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) ڕایگەیاند، لەڕووی یاساییەوە جۆرێك لەئیعتراف بەهەرێم كراوە چونكە كە دەڵێت داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ بداتە بەغدا، كەواتە ڕێگادراوە هەرێم خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت كە پێشتر ئەوە كێشەی زۆری لەسەر بوو.

خەڵك: خوێندەوەتان چیە لەسەر پشكی هەرێم لەیاسای بوودجە؟
فازڵ نەبی؛ ئەوەی لە یاسا بوودجەی عیراق دیاریكراوە وەك پشكی هەرێم كە لە ١٢.٦٧٪ە شایستەی تەواوی پشكی هەرێم نیە، تاوەكو ساڵی ٢٠١٧ش پشكی هەرێم لە ١٧٪ بوو، بەڵام ئەوكاتەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بوو لە ٢٠١٨ ئێمەش وەك كورد كەسمان لەوەزارەتی دارایی نەبووین، كورد لەحكومەتیش لاواز بوو پشكی هەرێمی كردە لە ١٢.٦٧٪، ئەگەر كورد بەهێز بوایە هیچ نەبا دەبوایە پشكی هەرێم بكەنە ١٣.٩٪، چونكە وەزارەتی پلاندانان ئەو نوسراوەی كردویەتی بۆ وەزارەتی دارایی لە بەغداد نوسراوە پێویستە پشكی هەرێم لە١٣.٩٪ بێت چونكە ئەوە ڕێژەی دانیشتووانی خەڵكی هەرێمە، بەڵام بەداخەوە پشكی لە ١٢.٦٧٪ لەسەرمان چەسپاو تاوەكو ئەمڕۆ واهاتووە و پێدەچێت هەروابمێنێتەوە تاوەكو سەرژمێری دەكرێت.

خەڵك:بۆچی پشكی هەرێم كەمكرایەوە؟

فازڵ نەبی؛ وەفدی حكومەتی هەرێم زۆر ماندووبون بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتنەی هەیە لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی بەم شێوەیە بڕوات، بەڵام بەداخەوە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەیاساكەیان گۆڕی و بوودجەیان كەم كردەوە وایان كرد پشكی هەرێمی كوردستان لە ١٣ تڕلیۆن و ٦٠٠ملیار دینار كە حكومەت دیاری كردبوو كەمبكەنەوە بۆ ٩ تڕلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار، واتە زیاتر لە ٤ تڕلیۆن پشكی هەرێمیان كەم كردۆتەوە، بەئەنقەست بوودجەی بەكاربردنیان كەم كردۆتەوە بۆ ئەوەی پشكی هەرێم زۆر كەم ببێتەوە، ڕاستە بوودجە بەگشتی كەمكرایەوە بەڵام بەشێوەیەك بوودجەی حاكیمەیان بەرزكرد بەكاربردن كەمكرایەوە كە زیانی زۆری بەر هەرێم كەوت،هەرچەندە هەندێكی تر پشكی هەرێم لەنەفەقاتی حاكیمە دێتە سەری وەك پارەی جووتیاران و دەرمان و پێداویستی پزیشكی و بەشە خۆراك و بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان.

خەڵك: هەڵەبجە پشكی دەبێت وەك پارێزگا؟

فازڵ نەبی؛ بەداخەوە لەیاسای بوودجە وەك پارێزگا سەیری هەڵەبجە ناكەن، بۆیە لەبوودجەش تەنها سێ پارێزگاكەی هەرێم حیسابیان بۆ كراوە، ڕەنگە لەبوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان شتێكی تر دەست هەرێم بكەوێت، هەرچەندە غەدرێكی زۆر لەهەرێم كرا لە یاسای بوودجە و ئەو كەمكردنەوانەی لێی كرا.

خەڵك: هەرێم چ سودێك دەبینێ لەڕێككەوتنەكە؟

فازڵ نەبی؛ڕێككەوتن باشترە لەڕێكنەكەوتن، چونكە زۆر لایەنی ئەرێنی تێدایە، لەڕووی سیاسی ئیشەڵا دەكرێت ئەمە بكرێتە هۆكارێك بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندیە سیاسیەكان كەلەبەرژەوەندی هەردوولابێت، لەڕووی یاساییەوە جۆرێك لەئیعتراف بەهەرێم كراوە چونكە كە دەڵێت داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ بداتە بەغداد، كەواتە ڕێگادراوە هەرێم خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت كە پێشتر ئەوە كێشەی زۆری لەسەر بوو، هەرچەندە نرخی سۆمۆ زۆر بەرزە ئەوەش غەدرە چونكە نرخی نەوت لە بوودجە ٤٥ دۆلارە بەڵام سۆمۆ تانزیكەی ٦٤ دۆلار فرۆشتویەتی، لەگەڵ ئەوەش لەڕووی ئابووری هەرێم سوودی پێدەگات بەڵام كەمە وەكو ساڵانی پێشوو نیە.

خەڵك: مانگانە چەند پارە بۆ هەرێم دێت؟

فازڵ نەبی؛ ٩ تڕلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار پشكی هەرێم دیارە كە بوودجەی بەكاربردن و وەبەرهێنانە، جیایە لەنەفەقاتی حاكیمە، ئەوانە زیادە دەبن لەسەر پشكی هەرێم، هەرچەندە ڕەنگە تەنها پارەی جووتیاران بە پارە وەربگیرێت ئەوەی تر دەرمان وخۆراك پرسی هەڵبژاردنەكان دەبێت، هەروەها هەندێ لەدام و دەزگاكانی هەرێم هەر لەسەر بەغداد دەمێننەوە وەك كارمەندانی ڕەگەزنامەو پاسەوانی سنور و بەنداوەكان هەر وەك پێشتر، بەم شێوەیە مانگانە نزیكەی ٧٠ تاوەكو ٩٠ ملیار دینار پارە لەبەغدادەوە بۆ هەرێم دێت، چونكە ئەو پشكەی دیاری كراوە زیاترە لەوەی هەرێم ڕادەستی بەغدادی دەكات.

خەڵك: هەرێم دەتوانێت پێداچوونەوەبكات بەگرێبەستی فرۆشتنی نەوتەكەی؟

فازڵ نەبی؛ كێشەیەكی زۆر هەبوولەسەرفرۆشتنی نەوتی هەرێم، بۆیە بەناچاری هەرێم نەوتی خۆی ۹ تا ١١ دۆلار كەمتر لەنرخی بازاڕ دەفرۆشت، ئێستا دەتوانی سوود لەم بابەتە یاساییە بكات و پێداچوونەو بكات لەگەڵ ئەو وڵات و شوێنانەی گرێبەستی لەگەڵیان هەیە بۆ فرۆشتن دەتوانێت بڵێت عیراق ئیعترافی كردوە بە فڕۆشتنی نەوتەكەم بۆیە دەتوانێت نرخی فرۆشتنەكە بەرزبكاتەوە، بەڵام ئەمە بەخێرایی ناكرێت بەڵكو ماوەیەكی درێژی دەوێت و پێویستی بەدانووستانە لەگەڵیان، لەگەڵ هەموو ئەمانەش ئەو كێشمەكێشمانە نەما لەسەر ئەوەی هەرێم حەقی هەیە نەوت بفرۆشێت یان نا.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان