سەردێر

“هەرێم خۆی بۆ ڤاكسین ئامادەدەكات”

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین: رەنگە كۆتایی ئادار بگات

خەڵك-ئارام سەردار

دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین لەچاوپێكەوتنی لەگەڵ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەهەرێمی كوردستان بڕیارە چەند نێوەندێكی تایبەت بە پێدانی ڤاكسین بكرێتەوە.
ئاشكراشیكرد رەنگە لە كۆتایی مانگی داهاتوو ڤاكسین بگاتە عێراق و بەشی هەرێمی كوردستانیش دەدرێت.

خەڵك؛ ڤاكسینەكە سەرەتا دەدرێت بەكێ؟
د.دیار ئیبراهیم؛ لەماوەی ڕابردوو كۆنفڕانسی لوتكەی تەندروستی كوردستان بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی لەسەر بابەتە یاسایی و تەندروستییەكانی هاتنی ڤاكسین قسەبكرێت، تاوەكو هاوڵاتیان بكوترێن، ئەمەش دوای ئەوەی عێراق ڤاكسینەكە دەكڕێت پشكی هەرێمیش دیاری دەكرێت، لەهەمان كاتدا باس لەوەكرا بەگوێرەی تەمەنەكان كە زۆر پێویستن دیاری بكرێن یاخوود كارمەندانی تەندروستی كە لەسەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكەن، كۆنفڕانسەكەش بۆ ئەوەبوو كەوا ئەگەر تاوەكو كۆتایی مانگی داهاتوو ڤاكسین گەیشتە عێراق پلان و بەرنامە هەبێت لەسەر بەكارهێنان و ئەو جۆرە ڤاكسینەی دەكڕدرێت، چونكە هەریەكە و بەكارهێنانی تایبەتی خۆی هەیە.

خەڵك؛ كام جۆرە ڤاكسین دەكڕدرێت؟
د.دیار ئیبراهیم؛ ڕاستە چەند جۆرێك ڤاكسین هەیە، بەڵام ئەوەی عێراق دەیكڕێت بۆ هەموو عێراق بەكاربێت، هەرچەندە تائێستا جۆرێكی لە ١٠٠٪ نییە، بەڵام دوای گەیشتنی ڤاكسینەكە ڕێژەكەشی بەدەر دەكەوێت و بەسەر هەموو عێراق دابەش دەكرێت بەهەرێمی كوردستانیشەوە.

خەڵك؛ لەكوێ بەكاردەهێندرێت؟
د.دیار ئیبراهیم؛ لەهەرێمی كوردستان بڕیارە چەند نێوەندێكی تایبەت بە پێدانی ڤاكسین بكرێتەوە لەهەولێر سێ نێوەند و سلێمانی سێ نێوەند، لەدهۆك دوو نێوەند دەكرێنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن ڤاكسینەكە وەربگرن، بۆ ڕێژەی دابەشكردنەكەش ڕەنگە یان بەگوێرەی ژمارەی تووشبووان بێت یاخوو ئەو ڕێژەیە هەیە ڵە٥٧٪ بۆ هەولێر و دهۆك و ٤٣٪بۆ سلێمانی.

 

بۆ ئەو كەسانەی تووشی كۆڕۆنا بوون، پزیشكی پسپۆڕ بڕیار دەدات كەوا كێ پێویستی بەوە هەیە ڤاكسینەكە وەربگرێت یان وەرنەگرێت

 

خەڵك؛ دەوترێت ئەوانەی تووشی كۆڕۆنا بوون بەرگری لەشیان دروست كردووە پێویستیان بەڤاكسین نییە؟
د.دیار ئیبراهیم؛ بۆ ئەو كەسانەی تووشی كۆڕۆنا بوون، پزیشكی پسپۆڕ بڕیار دەدات كەوا كێ پێویستی بەوە هەیە ڤاكسینەكە وەربگرێت یان وەرنەگرێت كە بەرگری لەشی پەیدا كردبێت، چونكە مەرج نییە هەموو توشبووێك بەرگری لەشی پەیداكردبێت، لەبەر ئەوە دەبێ پشت بە پشكنین و بڕیاری پزیشكی پسپۆڕ ببەسترێت.

خەڵك؛ هۆكاری كەم بوونەوەی كۆڕۆنا چیە؟
د.دیار ئیبراهیم؛ خۆشبەختانە ئێستا بڵاوبوونەوەی كۆڕۆنا كەمتر بۆتەوە، لەهەمان كاتدا هاوڵاتیش كە تووش دەبێت بەو ترسەوە نییە كە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی دروست بوو، بەشێكی زۆری هاوڵاتیانیش لەڕابردوو لەماڵ خۆیان چارەسەر كردووە و ئێستاش ئەگەر پێویستیان بە ئۆكسجین نەبێت یان نیشانەی تووندیان نەبێت ئەوا لەماڵ خۆیان چارەسەر دەكەن، لەگەڵ هەموو ئەوانەش باشترین كار بەردەوام بوونە لەسەر ڕێكاری خۆپارێزی، چونكە هۆشیارانە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆڕۆنا بە خۆپارێزی زیاتریش بڵاوبوونەوەكە كەمتر دەبێتەوە.