سەردێر

“هەواری شار پێویستی بە خزمەتگوزارییە”

خەڵك- نزار جەزا

پارکی هەواری شار ئەگەر خزمەتنەکرێت مەترسی لەناوچوونی سەوزاییەکەی هەیە و پێویستە لەئێستاوە حکومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخانبکات، بۆئەوەی توانرێت خزمەتبکرێت، لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری پارکەکە ئاماژەی بۆئەوەکرد، ئەگەر پارەش دابینناکەن، کرێکار و کەرەستەی پێویستیان بۆ دابینبکەن.

لەم چاوپێکەوتنەیدا ڕێبین شێخ جەمیل بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار باسی لەکەموکوڕییەکانی پارکەکە و داواکارییەکانیان بۆ خزمەتی پارکەکە کرد، هاوکات باسی لەکەمتەرخەمی لایەنە بەرپرسەکان کرد، کە بودجەی پێویستیان بۆ دابینناکەن، داواکارییەکانی خۆی بۆ کۆمپانیا و خەمخۆرانی شار و ژینگەدۆستانیش خستەڕوو.

خەڵک: وردە وردە لەوەرزی بەهار نزیکدەبینەوە و گژوگیا سەوزبووە، هیچ ئامادەکارییەکتان بۆ خزمەتی پارکەکە کردووە؟ ئەگەر نەکراوە، چی ڕێگرە لەوەی ئامادەکاریتان نەکردووە؟

ڕێبین شێخ جەمیل: هەواری شار ڕووبەرێکی فراوانی هەیە و ڕۆژانە پێویستی بەخزمەت و کەرەستەی کشتوکاڵی پێویستە، ئێستاش کە نزیکدەبینەوە لەوەرزی بەهار، پارکەکە سەوز بووە و گیا بەرزبووەتەوە، بۆیە دەبێت لەئێستاوە پلانمان هەبێت، بۆئەوەی ئەم گیا زیادانە لاببەین و کێڵان بۆ دارەکان بکەین و دەرمانڕێژی پێویست بکەین.

لەئێستادا پێویستمان بە کرێکار و کەرەستەی کشتوکاڵی و بودجەیەکی تایبەتی ساڵانەیە، بۆئەوەی بتوانین پارکەکە بەجوانی بهێڵینەوە، بەڵام بەداخەوە ساڵی پاریش بودجەمان بۆ تەرخاننەکرا، ئەمساڵیش هیچمان بۆ دابیننەکراوە و ڕوون نییە چ بکەین، بۆیە داواکارین لەحکومەتی هەرێم، لەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی دارایی بودجەیەکی تایبەتمان بۆ تەرخانبکەن، بۆئەوەی بتوانین کرێکار دابینبکەین و کەرەستەی ئاودێری و کارەبایی و دەرمان و کەرەستەی کشتوکاڵی بۆ ئەمساڵ دابینکەین پارکەکەی پێ بگەشێنینەوە.

بەپێی ئەو پارەیەی بۆ شارەوانی سلێمانی دابیندەکرێت بڕێک پارە بۆ ئەم پارکە تەرخانبکرێت

خەڵک: ساڵی پار بەفەرمی نوسراوێکتان بەرزکردەوە و مەترسییەکانی سەر وشکبوونی پارکەکەتان خستەڕوو، بۆ ئەمساڵ هیچ داواکارییەکتان هەبووە؟
ڕێبین شێخ جەمیل: هەر ئەو نوسراوەی ساڵی پار کە کردمان تاکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە، ئەمساڵیش دووبارە لەمانگی یەکدا سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی داوای لەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کردووە، کە بودجەیەک بۆ ئەم پارکە سەرفبکەن، بەڵام تاکو ئێستا ئەم نوسراوەش وەڵام نەدراوەتەوە.
پێویستە بودجەیەکی ساڵانەمان هەبێت و پێویست نەکات هەموو ساڵێک نوسراوبکەین بۆ ئەوەی پێویستمان بەچەندێک بودجەیە. ئەم پارکە سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانییە، بۆیە پێویستە بەپێی ئەو پارەیەی بۆ شارەوانی سلێمانی دابیندەکرێت بڕێک پارە بۆ ئەم پارکە تەرخانبکرێت، یان دەتوانن چەند کرێکارێکمان بۆ دابینبکەن، چونکە ئێستا ئەم پارکە گەورەیە تەنها ٣٠ باخەوانی هەیە، لەکاتێکدا پارکەکە پێویستی بە ١٠٠ تاکو ١٥٠ کرێکار و زیاتریش هەیە، ئەگەر کرێکار هەبێت ئەوا خۆمان دەتوانین پلانی وەرزانە و ساڵانە دابنێین و ئەو ئەرکە زۆرەش ناکەوێتە سەر حکومەت.
داواکاریشین لەخەمخۆرانی شار و ژینگەدۆستان، لەحاڵی نەبوونی بودجەدا هاوکاریمانبکەن لەڕووی دابینکردنی کرێکار یان کەرەسەتە و دەرمانە پێویستەکانەوە.

خەڵک: ئایا ئەمساڵ ئەو مەترسییانەی ساڵی پار هەر بەردەوامن، کە وتبووتان مەترسی وشکبوونی پارکەکە هەیە، ئەگەر بودجەی بۆ دابیننەکرێت؟
ڕێبین شێخ جەمیل: مەترسییەکان هەر بەردەوامن، چونکە لەئێستاوە گژوگیا بەرزدەبێتەوە و لەئێستاوە ئەگەر خەمی لێ نەخورێت، لەهاویندا ئەگەری سووتانی هەیە، لەم حاڵەتەشدا بەشێکی زۆری پارکەکە دەستوتێت.
ئەگەر ساڵانە سیستمی ئاودێرییەکەمان نۆژەننەکرێتەوە، ئەوا لەهاویندا ناتوانین پارکەکە ئاوبدەین، لەم حاڵەتەشدا دارودرەخت و سەوزاییەکان و گوڵەکان وشکدەبن و لەناودەچن، هەروەک ساڵی پار بەهۆی بێئاوییەوە بەشێک لەدار و چیمەن و گوڵەکانمان وشکبوون.
لەئێستادا بەپارەیەکی کەم دەتوانین پارکەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، بەڵام ئەگەر گیاکەی ئێستا زیادیکرد و بوو بەپووش، بەسێ هێندەی پارەکەی ئێستا کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

خەڵک: هیچ کەس و لایەنێک یان ڕێکخراوێک بەدەر لەلایەنی حکومی هاوکارتانە؟
ڕێبین شێخ جەمیل: ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی ساڵانە دێن هاوکاریمان دەکەن، بۆنمونە لەکۆتایی ساڵی پاردا ٤٠ ڕۆژ کاریان لەپارکەکەدا کرد، کە ماوەیەکی زۆر باشبوو، چەند کۆمپانیایەک ژمارەیەک کرێکاریان بۆ دابینکردین، لەئێستاشدا داواکارین لەو کۆمپانیایانە کە خزمەتی ئەم شارە دەکەن، کرێکارمان بۆ دابینبکەن یان کەرەستەی کشتوکاڵی یان دەرمانی پێویست، بۆئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتری پارکەکە بکەین.

خەڵک: هەر ئۆتۆمبێلێک کە دێتە ناو پارکەکەوە بڕی ٥٠٠ دیناری لێ وەردەگیرێت، ئەم بڕە پارەیە چۆن لەخزمەتی پارکەکەدا بەکاردەهێنرێتەوە؟
ڕێبین شێخ جەمیل: ئەو بڕە پارەیە تەرخانکراوە بۆ ئەو کۆمپانیایەی کە کاری ڕێکخستنی هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێلەکانە، کە ئەویش بەکاریدەهێنێتەوە بۆ پاککردنەوەی پارکەکە و نۆژەنکردنەوەی تەوالێتەکان و بەگەڕخستنەوەیان لەئەستۆدەگرێت.

هاوڵاتی هەیە زەرەری زۆرە، بۆ نمونە کورسی دانیشتنەکان دەشکێنن، گڵۆپەکان دەشکێنن، تەوالێتەکان دەشکێنن

خەڵک: تاچەند هاوڵاتییان هاوکارن بۆئەوەی پارکەکە بەجوانی بمێنێتەوە و نەیشێوێنن؟
ڕێبین شێخ جەمیل: هەندێک هاوڵاتی دێتە ناو پارکەکە زۆر باشن، بۆنمونە خۆبەخشانە خزمەتدەکەن و ئەگەر کەموکوڕی هەبێت ئاگادارماندەکەنەوە، بەڵام هاوڵاتی هەیە زەرەری زۆرە، بۆ نمونە کورسی دانیشتنەکان کە هەمووی بەبلۆک و چیمەنتۆ دروستکراوە دەیشکێنن، گڵۆپەکان دەشکێنن، تەوالێتەکان دەشکێنن، دوێنێ تەوالێت نۆژەنکراوەتەوە ئەمڕۆ شکێنراوەتەوە، کێبڵێ کارەبا دەدزرێت.

خەڵک:هیچ کەسێک لەسەر ئەو زیانگەیاندنانە دەستگیرکراوە؟
ڕێبین شێخ جەمیل: بەڵێ لەلایەن پۆلیسەوە هەندێک لەو خەڵکانە دەستگیرکراون و بەپێی یاسا سزا دراون.

خەڵک: چ پڕۆژەیەکی دیکە هەیە، کە لەناو ماستەرپلانی پارکەکەدا هەبێت و تاکو ئێستا جێبەجێنەکرابێت؟
ڕێبین شێخ جەمیل: پارکەکە پێکدێت لە چوار هەزار دۆنم، ئەمەش پێویستی بەکۆمەڵێک خزمەتگوزاری هەیە، بۆنمونە کافتریا و ڕێستۆرانت و شوێنی یاری منداڵان و مەلەوانگە و باخچەی ئاژەڵان و یاریگای بچوک بۆ باسکە و بالە و تێنس ، ئەمەش بۆئەوە گرنگە کە هەر هاوڵاتییەک هاتە ناو پارکەکە بتوانێت بەتەواوی کاتی خۆی بەسەربەرێت.

خەڵک: بۆچی ئەم پڕۆژانە جێبەجێنەکراون؟
ڕێبین شێخ جەمیل: بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە جێبەجێبکرێن.

خەڵک: بەرنامە هەیە بۆ ئەمساڵ یان ساڵانی ئایندە جێبەجێبکرێن؟
ڕێبین شێخ جەمیل: داماننانەوە کە وەبەرهێنەران خۆیان بێن لەناو پارکەکەدا پڕۆژەکە جێبەجێبکەن و ئێمەش زەوییەکەیان بە کرێ پێدەدەین.

خەڵک: هیچ وەبەرهێنێک ئامادەبووە ئەم پڕۆژانە جێبەجێبکات؟
ڕێبین شێخ جەمیل: بەڵێ وەبەرهێن هاتووە، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخەوە نەتوانراوە پڕۆژەکانیان جێبەجێبکەن.

خەڵک: چەندێک سەوزایی لەناو پارکەکەدا هەیە؟
ڕێبین شێخ جەمیل: نزیکی ١٧٠ بۆ ٢٠٠ هەزار دار لەپارکەکەدا هەیە، نزیکی ٥٠٠ هەزار پەرژین و دەوەن و گوڵمان هەیە، ٣٠٠ هەزار مەتر دووجا چیمەنمان هەیە، کە ڕۆژانە پێویستیان بە پێنج بۆ شەش هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە.

خەڵک: جگە لەوەی هاوڵاتییان بەپێ دێنە ناو پارکەکەوە، ڕۆژانە چەندێک ئۆتۆمبێل دێنە ناو پارکەکەوە؟
ڕێبین شێخ جەمیل: لەوەرزەکانی هاویندا بەتایبەت لەڕۆژانی پێنج شەممە و هەینیدا دوو بۆ سێ هەزار ئۆتۆمبێل دێنە ناو پارکەکەوە، لەڕۆژانی بۆنە تایبەتەکاندا زیاتریش دەبێت، بەڵام لەم وەرزەدا کە ڕۆژگار کورتە ڕۆژانە ٢٠٠ تا ٢٥٠ ئۆتۆمبێل دێنە ناو پارکەکەوە.

خەڵک: هەندێک ئۆتۆمبێل دێنە ناو پارەکەکەوە کە تیژڕەوی دەکەن و نمایش دەکەن، لەماوەی ڕابردووشدا چەند ڕووداوێکی هاتوچۆ لەناو پارکەکە ڕوویداوە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەمە هیچ کراوە؟
ڕێبین شێخ جەمیل: داوامان لەپۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی کردووە، کە مەفرەزەکانیان بێننە ناو پارکەکەوە، چونکە چەند دیاردەیەکی نامۆ هەیە، کە هەندێک هاوڵاتی دێن منداڵ فێری شۆفێری دەکەن، یان تیژڕۆیی دەکەن و ئۆتۆمبێل دەخولێننەوە و نمایشی تێدا دەکەن، ئەمانەش لەم پارکەدا نەگونجاوە، چونکە شوێنێکی گشتییە.
ئۆتۆمبێل هەبووە خۆی بەستوونی کارەباکاندا کێشاوە، ئۆتۆمبێلی دیکە هەبووە بەدەستی منداڵەوە وەرگەڕاوە، یان ئۆتۆمبێلی دیکە هەبووە خۆی فێرکردووە و لەدەستی وەرگرتووە کەوتووەتە ناو شیوێکەوە.