سەردێر

پاڵانی: نیوەی دەنگەكان دێنم

بەڵێنی دابەشكردنی دوو بەرمیل نەوت دەدات بە هاووڵاتیان

خەڵك-ئارام سەردار

ئەو پارێزەرەی خۆی كاندیدكردووە بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر بەڵێنی دابەشكردنی دوو بەرمیل نەوت دەدات بە هاووڵاتیان لە حاڵی دەرچوونیدا وەك پارێزگاری هەولێر.

كاندیدی سەربەخۆ بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایدەگەیەنێت، كاندیدی پارتی كۆدەنگی لەسەر نییە لەلایەن حزبەكانەوە، ئەگەری ئەوە هەیە لە ٥٠٪ی دەنگەكانی ئەنجوومەن بەدەست بێنم.

خەڵك؛ چی هۆكاربوو خۆتان كاندید بكەن بۆ پارێزگاری هەولێر؟
ئومێد پاڵانی؛ بینیمان گۆڕەپانەكە چۆڵە، حزبە سیاسییەكان زیاتر هاوپەیمانیەیتیان هەیە و ئۆپۆزسیۆنیش كاندیدیان نەبوو بۆیە منیش وەكو كاندیدێكی سەربەخۆ خۆم كاندید كرد بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر، دەمەوێت پەیام بدەم بەخەڵك و حزبە سیاسییەكانیش تەنها ئەوان نین دەتوانن بەشداری پڕۆسەی سیاسی بكەن، بەڵكو خەڵكی تریش دەتوانن بێنە گۆڕەپانەكە و بەشداری لەهەڵبژاردن بكەن دەمەوێت وەكو ئەزمونێك كەسێكی ناحزبی دەنگ بەدەست بهێنێت.

خەڵك؛ بەڵام دەوترێت هەرچی بێت كاندیدی حزبەكان دەردەچن؟
ئومێد پاڵانی؛ ئەو قسەیە ڕێژەیەكی باش مەنتقی تێدایە لەئەنجوومەنی پارێزگاكان زیاتر نوێنەر یان كاندیدی حزبەكانی دەردەچن، بەڵام من بەمتمانەیەكی زۆر هاتوومەتە پێش و ڕێژەی ئەگەری دەرچوونم تاڕاددەیەك هەیە، هەرچەندە هەڵبژاردنەكە پشت دەبەستێت بە ئەندامانی ئەنجوومەن، بۆیە نازانین ئەندامانی ئەنجوومەن لەسەر چ بنەمایەك دەنگ دەدەن ئایا بنەمای هاوپەیمانیەتی یان حزبی و دژیەكییە، یاخوود لەسەر بنەمای سی ڤی و شایستەبوون .

خەڵك؛ پلان و بەرنامەتان چی دەبێت دوای دەرچوونتان؟
ئومێد پاڵانی؛ ئەگەر دەربچم هەروەكو لەیاسایەكەدا هاتووە، سیاسەتی گشتی حكومەت جێبەجێی دەكەم، بەهاوكاری و هەماهەنگی حكومەت كاردەكەم بۆ دامەزراندنی سیستەمی ئەلیكتڕۆنی لەدام و دەزگاكان چونكە ئێستا ڕۆتین زۆر زۆرە و خەڵكی بێزار كردووە، ئەگەر هەڵبژێردرێم ساڵانە دوو بەرمیل نەوت دەدەم بەهاوڵاتیان چونكە پێویستیانە.

دەمەوێ خزمەت بكەم، لەوانە ڕێكخستنەوەی كەرتی تەندروستی و نەهێشتنی نەخۆشخانە تایبەت و ئەهلییەكان كە چینایەتیەكی زۆری دروست كردووە

 

خەڵك؛ چۆن دەتوان ئەو بەڵێنە بدەن؟
ئومێد پاڵانی؛ لەبەر ئەوەی كوردستان داهاتی نەوتی هەیە و باری دارایی خەڵكیش باش نییە كە ئێستا لەقەیراندایە، خۆشم خەڵكی شارەكەم و لەهەولێر لەدایك بووم دەمەوێ خزمەتی ئەو شارە بكەم، ڕاستە خزمەت كراوە بەڵام ئەوەی بۆی نەكرابێت دەیكەم لەوانە ڕێكخستنەوەی كەرتی تەندروستی و نەهێشتنی نەخۆشخانە تایبەت و ئەهلییەكان كە چینایەتیەكی زۆری دروست كردووە و خەڵكی زۆر بوونەتە قوربانی، نەخۆشخانە حكومییەكانیش پەراوێزخراون.

خەڵك؛ چی دەڵێن لەسەر سیستەمی هەڵبژاردنی پارێزگار؟
ئومێد پاڵانی؛ باشترین سیستەمی هەڵبژاردن ئەوەیە هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، وەك پارێزگار یان سەرۆكی هەرێم و حكومەت، ئەوكات خەڵك ئازاد دەبوو دەنگی دەدا بەكێ بەڵام ئێستا دەبینین ئەندامانی ئەنجوومەن دەنگ دەدەن كە ماوەیەكی زۆرە هەڵبژێردراون لەكاتێكدا بیروڕای خەڵك گۆڕاوە، بەڵام ئێستا بەپێی یاساكە دەبێ لەئەنجوومەنی پارێزگا پڕۆسەی دەنگدان بەڕێوەبچێت.

 

كاندیدی پارتی كۆدەنگی لەسەر نییە لەلایەن حزبەكان

 

خەڵك؛ بەڵێنتان وەرگرتووە دەنگتان پێبدرێت؟
ئومێد پاڵانی؛ هیچ بەڵێنێكم وەرنەگرتووە لەهیچ ئەندامێكی ئەنجوومەن كە دەنگم پێبدات، بەڵام ئەوەی دەیبینم كاندیدی پارتی كۆدەنگی لەسەر نییە لەلایەن حزبەكانەوە، ئەگەری ئەوە هەیە لە ٥٠٪ی دەنگەكانی ئەنجوومەن بەدەست بێنم.