سەردێر

سالار عەبدوڵڵا: سیستمێكی نوێی كاركردن پەیڕەودەكەین

گۆڕانکاری لەپاسپۆرتی عیراقی دەکرێت

سلێمانی – نزار جەزا

لەم چاوپێکەوتنەی (خەڵک)دا لەگەڵ بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی باس لەگۆڕانکارییەکانی پاسپۆرتی عیراقی و پێگەی پاسپۆرتی عیراقی کرا، هاوکات باس لەچۆنیەتی دەرهێنانەوەی پاسپۆرتی ونبوو کرا، باس لەهەوڵەکانی دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرا، ئاشکراشیکرد،هەوڵی دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بەهۆی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی دیکەی سلێمانییەوە فەشەلی هێنا.

خەڵک: لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەرەنتینە هەبوو و ئیشوکارەکانتان بۆ ماوەیەک ڕاوەستابوو، چەندێک پاسپۆرتتان بۆ هاوڵاتییان دروستکردووە؟
سالار عەبدوڵڵا: لەماوەی ساڵی پێشوودا کە کۆرۆنا هەبوو و بەشێک لەدامودەزگاکانی حکومەت نەبوون، گەشتکردن نەبوو، هاوڵاتیان کەمدەهاتنە دەرەوە، ڤیزە نەبوو، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان توانیویەتی زیاتر لە٧١ هەزار پاسپۆرت بەرهەمبهێنێت و بەهاوڵاتییان دراوە، لەو ڕێژەیەش نزیکی هەزار و ٧٠٠ پاسپۆرت ونبوون یان تێكچوون. بەشێوەیەکی گشتیش لەسەرەتای دروستبوونی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار پاسپۆرتمان بە هاوڵاتییان داوە.

خەڵک: ئەو کەسانەی پاسپۆرتەکانیان ون کردووە چۆن دەتوانن پاسپۆرت دەربکەنەوە؟
سالار عەبدوڵڵا: لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم نوێنەری هەموو ئەو فەرمانگە و لایەنە پێویستانەی کە بۆ دەرکردنی پاسپۆرت پێویستن لەناو بەڕێوەبەراتی پاسپۆرتی سلێمانی بوونیان هەیە، بۆیە ئەگەر کەسێک لەناوخۆی هەرێم پاسپۆرتی ونکرد، دەتوانێت ڕاستەوخۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتمان بکات و هەموو ڕێکارە پێویستەکانی لەناو بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ دەگرینەبەر،واتە ئەو ڕۆتیناتانەی پێشتر نەماون و هاوڵاتییان بەتەنها سەردانکردنی پاسپۆرتی سلێمانی دەتوانن هەموو کارەکانی تەواوکردنی پاسپۆرت ڕایی بکەن و لەماوەی نزیکی هەفتەیەکدا دەبێتە خاوەنی پاسپۆرتی خۆی.

کاتێک پاسپۆرتێک ونبوو، پێویستە خاوەن پاسپۆرتەکە بەزویی بێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیمان و مامەڵەی ونبوونی پاسپۆرتەکەی بکات، بۆئەوەی هیچ کەسێکی دیکە نەتوانێت بەو پاسپۆرتە مامەڵە بکات، دوای ئەوەی پاسپۆرتە نوێیەکەی وەرگرتەوە، پاسپۆرتە ونبووەکە دەچێتە بلاکلیستەوە و ناتوانرێت لەدەروازە و فڕۆکەخانە فەرمییەکان بەکاربهێنرێت.

ئەگەر خاوەن پاسپۆرتەکە دوای ئەوەی پاسپۆرتی نوێی دەرکردەوە، پاسپۆرتە کۆنەکەی دۆزییەوە، نابێت بەهیچ شێوەیەک کۆنەکە بەکاربهێنێت، چونکە چۆتە بلاک لیستەوە، ئەگەریش بەکاریهێنا بێگومان توشی کێشەو سەرئێشە دەبێتەوە.

خەڵک: ئەگەر کەسێک لەدەرەوەی وڵات پاسپۆرت ون بکات، ئەم کەسانە چۆن هاوکاریان دەبن؟
سالار عەبدوڵڵا: هەر هاوڵاتییەک ئەگەر لەدەرەوەی عیراق بەهەر هۆکارێک پاسپۆرتەکەی ونبوو یان تێکچوو، دەتوانێت سەردانی باڵیۆزخانەی عیراق لەو وڵاتە بکات، لەوێ داوای پاسپۆرتێکی نوێ دەکات و مامەڵەی یاسایی ئەنجامدەدات، بەڵام ئەگەر بۆجاری دووەم پاسپۆرتەکەی ون کرد، باڵیۆزخانەی عیراق لەو وڵاتە لیزەپاسێکی پێدەدەن، کە تەنها بۆ یەکجار بەکاردێت و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ عیراق لێرە مامەڵەی ونبوون یان تێکچوونی پاسپۆرتەکەی بکات.

خەڵک: پێشتر هەوڵێکتاندا بۆئەوەی زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندەکانتان دابینبکەن، ڕەزامەندیشتان وەرگرت، بەڵام ئەم هەوڵە تاکوئێستا بەرهەمی نەبووە، بۆچی؟
سالار عەبدوڵڵا: بەهەوڵێکی زۆر توانیمان ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی و دەستەی وەبەرهێنان لەهەولێر وەربگرین، بۆئەوەی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەفسەر و کارمەندەکانمان دابینبکەین، کاتێک ڕەزامەندی گەڕایەوە چووینە پارێزگای سلێمانی و لەگەڵ پارێزگار گەیشتینە ڕێکەوتن کە یەکەی نیشتەجێبوون دابینبکەین، بەڵام کاتێک ئەم بابەتە بڵاوبۆوە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش داوای یەکەی نیشتەجێبوونیان کرد، لەکاتێکدا دەبوو ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە خۆیان هەوڵیان بدایە لەسلێمانی و لەهەولێر، بۆئەوەی ڕەزامەندی وەربگرن، نەک بچنە لای پارێزگار و فشاربکەن، بۆیە لەدوای ئەمەوە پارێزگاری سلێمانی ناچاربوو دوو لیژنە پێکبهێنێت و بڕیاربدات، بۆ موچەخۆرانی هەموو دامودەزگاکان یەکەی نیشتەجێبوون دابینبکرێت، ئەمەش بڕیارێکی قورسە و جێبەجێناکرێت، چونکە تەنها لەسلێمانی نزیکی ١٠٠ هەزار موچەخۆر هەیە و ناتوانرێت یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو هەموو کارمەندە دابینبکرێت.

خەڵک: لەدوای ئەوەی هەوڵەکەتان ڕاگیرا، چی دەکەن؟
سالار عەبدوڵڵا: هەموو ئەفسەر و کارمەندانمان هەست بەغەدر دەکەین، چونکە خۆمان هەوڵمانداوە و ئەنجامی هەوڵ و ماندوبوونمان بووە، بۆیە پێویستبوو بەڕێوەبەرەکانی دیکەش هەمان هەوڵی ئێمەیان بدایە، لەئێستاشدا لەهەوڵەکانمان ناوەستین و ڕێگەچارەی دیکە دەگرینەبەر.

خەڵک: سیستمی تاکپەنجەرە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا پەیڕەوتانکرد، ئەم سیستمە تاچەند سەرکەوتووبوو؟
سالار عەبدوڵڵا: لەماوەی کەرەنتینەدا کە دەوام نەبوو، ئێمە هەموو سیستمی بەڕێوەبەرایەتیمان هەڵوەشاندەوە وگۆڕانکاریمان لەسیستمی کارەبا و نێتۆڕکی بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا کرد، بەشێوازێک کە لەگەڵ سیستمی تاکپەنجەرەدا بگونجێت، ئەمەش بەشێوەیەکی باش سەرکەوتووبوو و ڕۆتینات نەماوە و کارەکان خێراتربوون.

خەڵک: ئەگەر هاوڵاتییەک مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت بکات، لەماوەی چەند ڕۆژدا دەبَیتە خاوەنی پاسپۆرتی خۆی ؟
سالار عەبدوڵڵا: بەتێکڕا بەبێ ڕۆژانی هەینی و شەممە، لەماوەی سێ ڕۆژدا هاوڵاتی دەبێتە خاوەنی پاسپۆرت، ئەگەریش هاوڵاتییەک هۆکارێکی گونجاوی هەبوو، ئەوا لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا دەبێتە خاوەنی پاسپۆرت، ئەگەریش کەسێک زۆر پەلەی بوو دەتوانێت بەشداری خزمەتگوزاری خێرا بکات، لەماوەی یەک کاتژمێردا دەبێتە خاوەنی پاسپۆرت، بەڵام ئەمەیان دەبێت بڕی ٢٥٠ هەزار دینار بدات، چونکە لەبەغداد هێڵێکی تایبەتیان بەم خزمەتگوزارییە داناوە.

خەڵک: ئەو گۆڕانکارییانە چین، کە بڕیارە لەپاسپۆرتی نوێدا بکرێن؟
سالار عەبدوڵڵا: ماوەی دوو ساڵە حكومەتی عیراق لەهەوڵی ئەنجامدانی گرێبەستێكدایە، بۆئەوەی پاسپۆرتێكی نوێ بەرهەمبهێنێت، بەجۆرێك ئەم پاسپۆرتە نوێیە، پەڕەكانی پێكهاتوون لە ٤٨ پەڕە، هەر دوو پەڕەیەك تایبەتكراوە بە پارێزگایەكی عیراق، واتە وێنەی ئەو پارێزگایەی لەسەرە، بۆنمونە شاری سلێمانی وێنەی قەڵای شێروانە و وێنەی زانكۆی سلێمانی لەسەرە.
پەڕەی یەكەمی پاسپۆرتەكەچیپێكی تێدایە، پەڕەكە كاربۆنییە وەك ئەمەی ئێستا نانوشتێتەوە، واتە وەك ئەوەی ئەوروپییەكانە.
ئەم پاسپۆرتەی ئێستا بەئاسانی ساختەكاری تێدا دەكرێت و گۆڕانكاری لەناوەڕۆكەكەیدا دەكرێت و پاسپۆرتەكەش بە بەفر و باران و تەڕبوون تێكدەچێت، بەڵام پاسپۆرتە نوێیەکە بەئاسانی ساختەكاری تێداناكرێت و بەئاسانیش تێكناچێت.

خەڵک: کەی ئەم پاسپۆرتە نوێیە بەرهەمدێت؟
سالار عەبدوڵڵا:پێشتر چەند هەوڵێك هەبوو بۆئەوەی لەماوەیەكی نزیكدا ئەم پاسپۆرتە نوێیە دروست بكەن، بەڵام هەوڵەكان نەگەیشتنە ئەنجام، دوای ئەم هەوڵانە وەزیری ناوخۆی ئێستا بڕیاریداوە بەپەلە لەماوەی ئەمساڵدا پێش هەڵبژاردنەكان پاسپۆرتەكە بەرهەمبێت.

خەڵک: پێگەی پاسپۆرتی عیراق لەئاست پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان چۆن دەچێتە پێشەوە، ئایا ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان لەسەر ئەمە هەیە؟
سالار عەبدوڵڵا: چوونە پێشەوەی پێگەی پاسپۆرتی عیراق هاوشێوەی وڵاتان بەتەنها بەگۆڕینی شێوەكەی نابێت، بەڵكو كۆمەڵێك پێوەری جیهانی هەن، دەبێت لەو وڵاتەدا بوونی هەبێت.
یەكەم پێویستە ئەو وڵاتە ئاسایش و ئارامی تێدا بەرقەراربێت و دووربێت لەكێشە و ئاژاوە، دووەم لەڕووی ئابوورییەوە وڵاتێكی بەهێزبێت و دووربێت لەگەندەڵی، سێیەم بارودۆخی كۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە گونجاوبێت.

خەڵک: هاوڵاتییان چۆن دەتوانن پاسپۆرتە کۆنەکەیان بکەن بەم پاسپۆرتە نوێیە؟
سالار عەبدوڵڵا: كاتێك ئەم پاسپۆرتە بەرهەمهات، پاسپۆرتە كۆنەكان ناكشێنینەوە، بەڵكو كاتێك پاسپۆرتێك بەسەر دەچێت و خاوەنەكەی نوێی دەكاتەوە، پاسپۆرتی نوێی پێدەدەین، یان كاتێك كەسێك بۆیەكەمجار پاسپۆرت دەردەكات، پاسپۆرتی نوێی پێدەدەین.