سەردێر

گەردی: بێكاری گەیشتۆتە 25%

“لە 3 ساڵدا نزیكەی 300 هەزار دەرچووی زانكۆ لە هەرێم بێكارن

خەڵك-ئارام سەردار

سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی ڕێكخراوەكان CNO ڕایدەگەیەنێت، جگە لەبێكاری گەنجان بەهۆی نائومێدیەوە كۆچ دەكەن، سیروان گەردی لەدیمانەیەكی لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) ڕایدەگەیەنێت، لە ٣ ساڵدا نزیكەی ٣٠٠ هەزار دەرچووی زانكۆ بێ كارن.

خەڵك: هۆكارەكانی كۆچی گەنجان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
سیروان گەردی: كۆچی گەنجان كۆچێكی دوونیایی و ئاساییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆكاری جیاواز بەردەوام دەبێ، بەڵام كۆچی ئەمجارەی گەنجانی هەرێم جیاوازە بەشێوەیەك هێندەی هۆكاری كۆچەكە مەترسیدارە هێندە ژمارەكە مەترسیدار نیە، پێشتر لەساڵانی نەوەدەكان بەگیرفانی بەتاڵ كۆچ دەكرا و پارەیان ڕەوانە دەكردەوە، بەڵام ئێستا خەڵك خانوو و سیم كارت و هەرچی هەبێت دەیفرۆشێت بۆ ئەوەی كۆچ بكات، تەنانەت بۆتە كۆچی خێزانەكان، بەپێی ئامارەكانی لای ئێمە لەسێ مانگی ڕابردوودا 5 هەزار گەنج كۆچی كردوە، ڕۆژانە ٥٠٠ كەس لەكونسوڵخانەی توركیا دوای ڤیزا دەكات و لە ٣٠٪ ئەوانەی داوای ڤیزا دەكەن نایانەوێت بێنەوە هەرێمی كوردستان و دەچنە وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە كۆچی ئەمجارە كۆچی نائومێدیە و نازانێ بەیانی چی ڕوودەدات و دڵنیان لەوەی بەیانی خۆشتر نابێت لەئەمڕۆ، پێشتر گەر شەڕی ناوخۆ هەبوو یان هەر گرفتێك دەمان گوت چارەسەر دەبێ، بەڵام ئەمڕۆ سەركردایەتی سیاسیش پێیان وایە عیراق دۆخی خراپ بێت لە١٠٠٪ دۆخی كوردستانیش خراپتر دەبێ، بۆیە كۆچی ئەمجارە بۆ هیوایەكە كەوا گەنج دەیەوێت ئایندە بۆ منداڵەكانی دابین بكات، هۆكارەكانیش زۆرن بێ كاری و كێشەهەڵبەستراوە سیاسیەكانە.

خەڵك: كەواتە بێ كاری هۆكارە، هیچ ئامارێك هەیە؟
سیروان گەردی: كۆمەڵێك هۆكار هەن گەنج كۆچ دەكات، بەشێك لە بێكاریە، بەڵام بەشێك هەیە پارەی هەیە نازانێ چی بكات چونكە ئومێدی سبەی نیە، لە 3 ساڵی ڕابردوودا نزیكەی ٣٠٠ هەزار گەنجی خاوەن بڕوانامە بێ كارن ئەمەش ژمارەیەكی گەورەیە، ئەو ئامارەش تەنها هی زانكۆیە و سێ جۆر بێكاریمان هەیە، هەیە خاوەن بڕوانامە و توانستی باشە كاری دەست ناكەوێت، یان هێزی كاری هەیە بەڵام توانستی نیە، لەناو حكومەتیش بێ كاریمان هەیە بەنموونە لەژورێك پێویستی ۳ كەسە بەڵام ١٠ كەس دەوام دەكات ئەمەش بێ كاریە بەڵام بەمووچەوە، بۆیە زۆر كات لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار ئاماری بێ كاری دەخرێتەڕوو كە نزیكەی لە١٧٪ بۆ ١٨٪ یە، بەڵام دڵنیابن ئامارەكە گەیشتۆتە لە ٢٥٪یش بەس ڕوون ناكرێتەوە، بەداخەوە لەعیراق و هەرێمی كوردستانیش دەست كەوتنی ئامار و ژمارە كەمە و بەدواداچوونمان كەمە.

خەڵك: كێشەكان كێ دروستی كردوە؟
سیروان گەردی: كێشەی ئەم وڵاتە لایەنە سیاسیەكان دروستیان كردوە و هەموو پارتە سیاسیەكان دەڵێن من ڕاستم ئەو هەڵەیە، لەڕووی ئاینیەوە سێ پارتی ئیسلامی هەیە هەمان قسە دەكەن، واتە لایەنە سیاسیەكان خەڵكیان بەشتی لاوەكی و لۆكاڵی سەرقاڵ كردوە، چونكە گەنج هەیە كۆمپانیای فڕۆشتوە بۆ جێهێشتنی وڵات، یان سیم كارتی فرۆشتووە بە ٨ هەزار دۆلار بۆ هەمان مەبەست واتە ئەو گەنجە پارەی هەیە، ڕاستە بێ كاری هۆكارێكە، بەڵام ئەگەر لەهەرێم كوردستان متمانە بەیەكتر نەگەڕێنینەوە لایەنە سیاسیەكان كە بەرپرسیاری یەكەمن، ئێستا پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەكان بەویژدانەوە لەخەڵك بڕوانن.

خەڵك: بەرپرسیارەتی لەسەر كێیە؟
سیروان گەردی: لایەنی دەسەڵات و حكومەت بەرپرسیارن لەدۆخی گەنجان و دۆخی هەرێمی كوردستان، چونكە لەوڵاتێك دەژین ڕێژی بێكاری بەشێوەیەكە خەڵك تاقەتی خۆپیشاندانی نەماوە، شتەكان و داواكاریەكان بێ بەهاكراون جگە لەحكومەت پەڕلەمانیش بەرپرسیاری یەكەمە چونكە نوێنەرایەتی خەڵك دەكات و دەتوانن لێپێچینەوە لەحكومەت بكەن، بەڵام نەپەڕلەمان گەیشتە ئەو ئاستە بتوانێ لێپێچینەوە بكات، نەحكومەتیش هێندە بەویژدانەوە گوێ لەخەڵك و توێژەكان بگرێت.

خەڵك: پەڕلەمان دەبێ چی بكات؟
سیروان گەردی: لە ٢٠٠٩ەوە پەڕلەمان بێ بەهاكراوە، زۆربەی پەڕلەمانتارەكان گلەیی دەكەن، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش لەپەڕلەمان وەك چاو و دەستن تەواوكەری یەكترن، بەڵام ئێمە هەردوولامان كردوە بەدوژمنی یەكتر، پەڕلەمان دەبێ بەپێی یاسا دۆخەكە چاك بكات و یاسای كار هەموار بكاتەوە، چونكە ئێستا بێ ئومێدی هەیە ئەوەتا گەنج دەڵێ زانكۆ بۆ تەواو بكەم ، چونكە نازانن بەیانیان چۆن دەبێت، حكومەت بە لایەنە سیاسیەكان بەڵێنیاندا دۆخەكە باش بكەن، ئێستا حكومەت دەڵێ ئەگەر ٣٢٠ ملیار دینارەكە بێت مووچە دەدەن ئەگەرنا نیتمان، واتە ئێستا گەیشتۆتە ئەو قۆناغە كەهۆكارەكەش ئەوەیە هەموومان و لایەنە سیاسیەكان دژی یەكترین.