سەردێر

عەبدولواحید محەمەد: سیستمی ئەلیكترۆنی نەبۆتە جێگرەوەی هۆڵەكانی خوێندن

لەگەڵ هاتنی كۆڤید 19 لەكۆتایی ساڵی 2019 هەمووان كۆك بووین لەسەر ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە ڕابگیرێت، چونكە ڤایرۆسەكە نوێ بوو

خەڵك-ئارام سەردار
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەكی بونیادیە و پەیوەندی بە ژێرخانی كۆمەڵگا و باش بەڕێوەچوونی هەیە، واتە ئەگەر باش بەڕێوەبچێت كۆمەڵگایەكی باش دروست ببێت و داهاتوویەكی باشیش بەرهەم بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە كێشە و ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە و كۆمەڵگا زیانی لێ‌ دەكات، مامۆستا عەبدولواحید محەمەد لەم دیمانەیەدا لەگەڵ (خەڵك) دەڵێت، “لەوڵاتانی پێشكەوتووش تائێستا سیستەمی ئەلیكترۆنی نەبۆتە جێگرەوەی هۆڵەكانی خوێندن، ڕاستە كاری پێكراوە و هەیە، بەڵام سیستەمی ئەلیكترۆنی ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە”.

خەڵك: ئەگەر پڕۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین دەست پێبكات، پێشبینیتان چیە بۆ پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ؟
عەبدولواحید محەمەد: پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەكی بونیادیە و پەیوەندی بە ژێرخانی كۆمەڵگا و باش بەڕێوەچوونی هەیە، واتە ئەگەر باش بەڕێوەبچێت كۆمەڵگایەكی باش دروست ببێت و داهاتوویەكی باشیش بەرهەم بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە كێشە و ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە و كۆمەڵگا زیانی لێ‌ دەكات، هەمووانیش لەم ڕووانگەیەوە كۆك بووین، كە پڕۆسەی پەروەردە بەباشی بەڕێوەبچێت و حكومەت لەئەولەویەتی بەرنامەكانی دابنێت، لەهەموو وڵاتانی پێشكەوتووش پەروەردە لەئەولەویەتی بەرنامەكاندایە، كەواتە بۆ ئێمە گرنگە دووجار لەئەولەویەتی بەرنامەكاندا بێت، چونكە لەڕابردوو زۆر زیانمان كردوە كە پڕۆسەی پەروەردە باش بەڕێوەنەچووە لەسەردەمی ڕژێمەكانی پێشوو.

خەڵك: پڕۆژەكانی ئێوە لەچیەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دەست پێكردنەوەی دەوام؟
عەبدولواحید محەمەد: لەگەڵ هاتنی كۆڤید 19 لەكۆتایی ساڵی 2019 هەمووان كۆك بووین لەسەر ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە ڕابگیرێت، چونكە ڤایرۆسەكە نوێ بوو و زانیاری ئەوتۆی لەسەر نەبوو، بەئومێد بووین ڤایرۆسەكە بەزوویی لەكۆڵمان ببێتەوە لەسەر ئەو بنەمایە ناوەندەكانی خوێندن داخران، كەچی تائێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەردەوامە و درێژەی كێشا دەرەنجامەكەشی دیار نیە، ڕاستە بەهەوڵی هەموو لایەك ئەزموونەكان كران بەسەركەوتوویی بەهەموو سەرنجەكان، بەڵام ئێستا لەبەردەم قۆناغێكی نوێداین و هەموو جیهان دەڵێت دەبێ ژیان لەگەڵ كۆرۆنا بكەین و تازە ژیان ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، واتە دەبێ لەگەڵ كۆرۆنا ژیان و پەروەردە بەردەوام بكەین، ناكرێت پڕۆسەكە لەسەرەمەگدابێت و بەڕێوەنەچێت، چونكە هەمووان دەزانن پڕۆسەكە بەڕێوەنەچێت لێكەوتەكانی چی دەبێت لەسەر كۆمەڵگا چۆن ڕەنگ دەداتەوە، ئێمە پێمان وابوو ئامادەكاری باشتر بكرێت بۆ پڕۆسەی خوێندن و چاومان لەوە بوو بۆچوونی دایك و باوكان و مامۆستایان و لایەنەكانی پەیوەندیدار وەرگیرێت، كە چۆن مامەڵە بكەن لەگەڵ ئەم بابەتە، ڕاستە لێكەوتەخراپەكانی كۆرۆنا ماوە، بەڵام دەبێ ژیان بەردەوام بێت، پڕۆژەكانی ئێمەش بەسوود وەرگرتن بووە لەوڵاتان و بۆچوونی دایك و باوك و مامۆستایان بووە تاوەكو پڕۆسەكە دەست پێبكاتەوە و گفتوگۆش كرا لەئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، سەرەتا بڕیاربوو تەنها پۆلی 12 لەناو پۆل بخوێنن، بەڵام دوای كۆبوونەوەی تر، بەهۆی پۆلی 1 و 2ی بنەرٍەتی دوو قۆناغی سەرەكی گرنگن بڕیاردرا ئەوانیش لەناو پۆل بن ئەوانەی تریش بە ئەلیكترۆنی.

خەڵك: خراپیەكان و ئالنگاریەكانی خوێندنی ئەلیكترۆنی چین؟
عەبدولواحید محەمەد: لەوڵاتانی پێشكەوتووش تائێستا سیستەمی ئەلیكترۆنی نەبۆتە جێگرەوەی هۆڵەكانی خوێندن، ڕاستە كاری پێكراوە و هەیە، بەڵام پێمان وایە ئەو تێبینیانەی هەن لەسەری گفتووگۆی لەسەر بكرێت، سیستەمەكە گرفتی زۆری دێتە بەردەم، هەموو ئەو ڕاستیە دەزانین كۆرۆنا لێكەوتەی خراپی هەبووە، بەڵام ناكرێت بوەستین تا ڤایرۆسەكە كۆتایی دێت، چونكە كۆتایی هاتنی ڤایرۆسەكە دیارنیە، گفتووگۆش كراوە، بەڵام پێویستیش بوو ڕاوێژی زیاتر بكرایە بۆ بڕیارەكان بەتایبەت لەگەڵ دایك و باوكان، چونكە ئەوان لەناو كێشەكاندا بوون، كە منداڵەكانیان لە خوێندنی ساڵی ڕابردوو تووشی چ كێشەیەك بوون، سیستەمی ئەلیكترۆنیش كۆمەڵێك پێداویستی خۆی دەوێت، بۆیە دەبێت بەباشترین شێوە چارەسەر بدۆزینەوە، لەبەر ئەوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە شوێن هەیە ئەنتەرنێتی نیە یان گرفتی كارەبا و شارەزایی مامۆستا لەتەكنیكی نوێ سنوردار بێت، توانای كڕینی ئامێریش لای خێزانەكان ئەمەش گرفتێكی ترە، جگە لەوەش خوێندنی ئەلیكترۆنی ئەگەر بەباشی بەڕێوەبچێت تەنها فێركردنە، بەڵام لە قوتابخانە پەروەردە و فێركردنە و لێك جیاناكرێنەوە ، بۆیە فێركردن بەتەنها ئامانجی خۆی ناپێكێت، ئێمە ناڵێین هەمووی بەیەكەوە بكرێتەوە بەڵكو هەنگاو هەنگاو، ئێستاش باشە هەنگاو نراوە، ئەگەر دۆخەكەش باشبوو دەبێ هەنگاوی تریش بنرێت، چونكە خوێندن لەناو هۆڵەكان باشترە نەوەك ئەلیكترۆنی و ساڵی ڕابردووش ئەو پڕۆسەیە سەركەوتوو نەبوو و بڕیاردرا تاقیكردنەوە بكرێت، دەكرێت بەشێوەی گروپ و دەوامی 3ڕۆژ بە 3 ڕۆژ بكرێت، لەهەر ناوچەیەكیش تەشەنەی ڤایرۆسەكە هەبێت دەكرێت تەنها لەم شوێنە دەوام ڕابگیرێت.

خەڵك- ماوەیەكی زۆرە خوێندكاران لەماڵەوەن، پێتان وایە ئەم ماوە زۆرە گرفتی دروست كردوە؟
عەبدولواحید محەمەد: مانەوەی خوێندكاران لەماڵەوە تووشی كۆمەڵێك كێشە بوونەتەوە و كاریگەری خراپیشی لەسەر دەروونیان هەبووە، لەزۆربەی ماڵەكانیش مۆبایل هەیە و بەهۆی كاتی بەتاڵی زۆریش منداڵان سەرقاڵی یاری ئەلیكترۆنی و پۆپ جی و تیك تۆك و چەندین بەرنامەی تر، یان چاویان لاواز بووە و مێشكیان هیلاك بووە و خواردن و خەویان لێ تێكچووە، ئەمەش گرفتی بۆ دایك و باوكان دروست كردوە، بۆیە دایك و باوكان دەیانەوێ منداڵەكانیان بگەڕێنەوە ناو قوتابخانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی گرفتی ئەوەی بەشێكی زۆری دایك و باوكان فەرمانبەرن، لەبەر ئەوە پێمان وایە ئەگەر سێ ڕۆژ دەوام بكرێت باشترە لەوەی بەشێوەی ئەلیكترۆنی بێت.

خەڵك: چ هەوڵێك هەیە بۆ دابینكردنی شایستەی دارایی مامۆستایان؟
عەبدولواحید محەمەد: زۆر پێداگیریمان كردوە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەت، بەمەش ناوەستین بەڵكو كێشەكانی مامۆستایان دەگەیەنین بەڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و لەسەر حكومەتیش واجبە ژیانی مامۆستا دابین بكات، چونكە پەروەردە پڕۆسەیەكی بونیادیە و داهاتووی كۆمەڵگای لەسەر بونیاد دەنرێت و مامۆستاش سەركردەی پڕۆسەیەكەیە، بۆیە پەروەردەی باش نەوەی باش بەرهەم دەهێنێت و پەروەردەی باشیش بەمامۆستایی لەخەم ڕەخساو دەبێت، لەسەر حكومەت پێویستە مووچەكان لەكاتی خۆی دابین بكات بەدڵنیایی پڕۆسەكە بەباشی بەڕێوەدەچێت سەرەڕای بوونی مەترسیەكانی كۆرۆنا مامۆستایان ئامادەی ئەو ئەركەن بەڵام بەپێچەوانەوە پڕۆسەكە بەباشی بەڕێوەناچێت.