سەردێر

سەدان ملیۆن دۆلار لە هەرێمەوە بۆ خوێندن دەبرێتە وڵاتانی دەرەوە

پێویسته‌ زه‌مینه‌سازی و ئاسانكاری بكرێت له‌ بواری خویندن به‌تایبه‌تی خوێندنی باڵا

سەدان ملیۆن دۆلار لە هەرێمەوە بۆ خوێندن دەبرێتە وڵاتانی دەرەوە

 

خەڵک-ئارام سەردار

مامۆستایەکی زانكۆ پێشنیار دەکات حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕێگای زانكۆكانه‌وه‌ ڕێگا خۆشبكات بۆ هێنان و دروستكردنی هه‌لی خوێندن بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و خوارو و ناوه‌ڕاستی عیراق و فێرخوازانی هه‌رێمی كوردستان، نه‌وزاد مجید هه‌مه‌وه‌ندی، شارەزایی ئابووری و پسپۆڕی ژمێریاری و دارایی لەدیمانەیەکی لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵک) ڕایدەگەیەنێت، چەندین ملیۆن دۆلار لەڕێگای خوندنەوە چووە بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمەش زیانی بۆ ئابووری هەرێم هەبووە.

خەڵک: وه‌به‌رهێنان له‌ ڕێگای خوێندنی باڵا چیە؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: له‌ زمانی ئابووریدا هه‌موو هه‌نارده‌كردنێك له‌ وڵاتان ده‌بێته‌ بووژانه‌وه‌ی ئابووری و زیاتر پێشخستنی خودی وڵاته‌كه‌ و زیاد كردنی هه‌لی كار، كه‌چی هه‌نارده‌كردن له‌ كوردستان بووه‌ به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی سیوله‌ و سستی ئابووری و هه‌ندێك جار زیانی مرۆیی و له‌ده‌ستدانی فكری نوێ و هێزی گه‌نج، سه‌ڕه‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ندی خاك و كادری ئه‌كادیمی باش كه‌چی تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ سیسته‌مێكی كوالێتی به‌رز و هه‌لی خوێندن بۆ فێرخوازانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ فه‌راهه‌م بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی فێرخوازه‌كانمان ناچار نه‌كه‌ین په‌نا به‌رنه‌ به‌ر خوێندن له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

خەڵک: بەڵام دەوترێت خوێندن لەدەرەوە هێنانەوەی زانستی سەردەمە بۆ وڵات؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: ڕاسته‌ خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و عیراق چه‌ند كاریگه‌ریەكی ئه‌رێنی بۆ خودی فێرخواز به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ دروست ده‌كات، كه‌ ڕه‌نگه‌ زیاتر تیكه‌ڵبوون به‌ كه‌لتوری جیاواز و ژیانی نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان زۆرتر و زیاتر فێرخوازه‌كانمان شاره‌زاتر و چاوكراوه‌تر بكات له‌ ڕووی زانستیشه‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ یان زیاتر. بەڵام وه‌ك ئاشكرایه‌ هه‌ر خوێندکارێک له‌ كوردستان كاتێك بۆ درێژه‌دان بۆ خوێندن ڕووده‌كاته‌ هه‌ر وڵاتێكی دراوسێ یاخود هه‌ر وڵاتێكی تری ئه‌م دونیایه‌ .
پێویستی به‌ خه‌رجیه‌كی زۆر ده‌بێت و ده‌بێته‌ بارگرانیه‌كی هه‌ستپێنه‌كراو بۆ سه‌ر ئابووری كوردستان و كاریگه‌ریه‌كانی به‌ شێوه‌ی پله‌به‌ندی ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی بواری ئابووری.

خەڵک: پێتان وایە دەبێ چی بکرێت؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: پێویسته‌ زه‌مینه‌سازی و ئاسانكاری بكرێت له‌ بواری خویندن به‌تایبه‌تی خوێندنی باڵا، كه‌ من پێم وایه‌ زۆربه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌مته‌رخه‌مه‌ و درك به‌م به‌هه‌ده‌ردانه‌ ناكه‌ن، كه‌ له‌ ڕێگای خوێندنه‌وه‌ بڕێكی زۆری سه‌رمایه‌ و سیوله‌ی ئه‌م وڵاته‌ ده‌برێته‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، ‌ناكرێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی وردی دڵسۆزانه‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌ین و به‌ ووردی به‌دوای چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌دا نه‌گه‌ڕێین.

خەڵک: هۆکار چیە خوێندکار پەنا بۆ دەرەوە دەبات؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: چوونی ئه‌م هه‌موو فێرخوازه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دروستكردنی ئه‌م ئاسته‌نگه‌ لاوه‌كیانه‌ی بۆ خودی فێرخوازان دروستی ده‌كه‌ن، تاوەكو نه‌توانێ به‌ ئاسانی درێژه‌ به‌خوێندن بدات له‌ ناوخۆی كوردستان و‌ زۆرجار ناهاوسه‌نگی ڕێژه‌ی كۆنمره‌كانی پۆلی دوانزه‌ به‌رامبه‌ر به‌ داواكارییه‌كانی خوێندکاران، بۆیە وا له‌ خوێندكار ده‌كات بیرۆكه‌ی خوێندنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵبژێرێت، ڕه‌نگه‌ توانا ئابووری خانه‌واده‌كه‌شی ئەوە نەبێت ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆبگرێت، به‌ڵام زۆرجار له‌ پێناوی دواڕۆژی ڕۆله‌كه‌یان دایك و باوك به‌ناچاری شان ده‌ده‌نه‌ به‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ قورسه‌ و خه‌رجی خوێندنه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن .دوای ته‌واوكردنی خویندنیان زۆرجار هه‌ندێك له‌ بواره‌كانی خوێندن توانای دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كاری بۆ ده‌ڕه‌خسێت، به‌ڵام زۆرینه‌یان دوای ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌یان ته‌نها چاوه‌رٍێی دامه‌زراندنن له‌ كه‌رتی گشتی کە ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا گرانتركردنی بوودجه‌ی گشتیه‌ .

خەڵک: پێتان وایە ساڵانە چەند پارە بەهۆی خوێندن دەچێتە دەرەوەی وڵات؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: به‌ پێی به‌دواداچونێكم بۆ خه‌رجیه‌كانی به‌شێك له‌ زانكۆكانی وڵاتانی توركیا و به‌ریتانیا، چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو پاره‌ نه‌قدیه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووری كوردستان و ناوچه‌كه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌می ژماره‌ی خوێندكارانه‌ له‌ كۆی ئه‌م وڵاتانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كه‌ فێرخوازان په‌نای بۆ ده‌به‌ن .

بەنموونە وڵاتی توركیا؛
ژماره‌ی خوێندکارانی كورد ته‌نها له‌ وڵاتی توركیا له‌ ساڵانی 2018 -2019 سه‌روی 6000 خوێندکاری تێپه‌راندوه‌، هه‌ر خوێندکارێک ئەگەر بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا ڕووی له‌م وڵاته‌ كردبێت له‌ ماوه‌ی دووساڵی خوێندنی پێویستی به‌ 20,000 هه‌زار تاوەكو 30,000 دۆلار بووه‌، وه‌ بۆ به‌كالۆریۆس زۆر زیاتر به‌هۆی زیاتر مانه‌وه‌یان له‌ وڵاته‌كه‌ .
بۆ نموونه‌ :- ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر فێرخوازێكی خوێندنی ماسته‌ر بڕی 25,000 دۆلار وه‌ربگرین كه‌ ژماره‌یان 3,000 خوێندکار ده‌بێت له‌ كۆی ئه‌م شه‌ش هه‌زار خوێندکارە بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له‌ ماوه‌ی دووساڵی خوێندنی ماسته‌ر بڕی 75,000,000 دۆلار پاره‌ی نه‌قدی له‌ كوردستانه‌وه‌ چۆته‌ وڵاتی توركیا .

ماسته‌ر: 3000 خوێندکار *25,000 $ = 75,000,000 دولار له‌ته‌نها ماوه‌ی دوو ساڵ پاره‌ له‌ كوردستان چووه‌ بۆ وڵاتی توركیا
هەروەها خوێندکاری دكتۆرا ژماره‌یان نزیك ده‌بیته‌وه‌ له‌ 500 قوتابی، كه‌ هه‌ر خوێندکارێک بڕی 35,000 دۆلاری خه‌رجی ده‌بێت بۆ ته‌واو كردنی دكتۆراكه‌ی، كه‌واته‌ بڕی 17,000,000 دۆلار پاره‌ی نه‌قدی له‌ كوردستانه‌وه‌ چوه‌ بۆ وڵاتی توركیا .
دكتورا 500 خوێندکار * 35000 دولار = 17,500,000 دولار له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی خوێندنی چۆته‌ ئه‌م وڵاته‌ .

ئه‌گه‌ر باس له‌ ڕێژه‌ی خوێندکارانی به‌كالۆریۆس بكه‌ین كه‌ هه‌میشه‌ ڕێژه‌ و ژماره‌ی فێرخوازه‌كانی زیاتر بووه‌ له‌ ڕێژه‌ی خوێندكارانی خوێندی باڵا به‌هۆی نزمی كۆنمره‌كانیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی خودی فێرخواز .
بۆ نموونه‌:- خوێندکارانی به‌شه‌كانی ده‌رمانسازی و پزیشكی و به‌شه‌ ئه‌ندازیاریه‌كان به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین ڕێژه‌كه‌یان ده‌گاته‌ 2500 خوێندکار كه‌ بۆ هه‌ر خوێندکارێک 5000 دۆلار ته‌نها پاره‌ی خوێندنه‌كه‌یه‌تی و خه‌رجی ساڵێكی هه‌ر خوێندکارێک نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 5000 دۆلار به‌ خه‌رجی كرێی خانوو و خواردن و كرێی كاره‌با و ئاوو هاتووچۆ وه‌ ماوه‌ی خوێندنی به‌شه‌ پزیشكیه‌كانیش شه‌ش ساڵه‌ هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر كۆیان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌ی خوێندنیان بڕی 150,000,000 دۆلار پاره‌ی نه‌قدی (كاش) له‌ كوردستانه‌وه‌ چۆته‌ وڵاتی توركیا . كه‌ ڕه‌نگه‌ خه‌رجیه‌كان له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكیتر زۆر جیاوازبێت .
2500 قوتابی * 5000 دۆلار خوێندن + خه‌رجی ساڵێكی 5000 دۆلار بیت * 6 ساڵ = 150,000,000 دۆلار له‌ ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵەی خوێندنی له‌م وڵاته‌ خه‌رجی كردوه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندیك خه‌رجی زیاتر كه‌ به‌پێی كه‌سه‌كه‌ ده‌گۆڕێت
كوی گشتی = 242,500,000 دۆلار پاره‌ی نه‌قد له‌ كوردستانه‌وه‌ چووه‌ بۆ وڵاتی توركیا.

هاوکات وڵاتی به‌ریتانیا به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین :-
به‌ پێی به‌دواداچونه‌كانم بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ژماره‌ی خوێندکاران له‌م وڵاته‌ له‌ نێوان ساڵانی 2010 – 2020 نزیكه‌ی 2300 خوێندکاری تێپه‌راندوه‌.

خه‌رجی خوێندنی به‌كالۆریۆس بۆ هه‌ر ساڵێك 10,000 دۆلار تاكو 22000 دۆلاره‌
خه‌رجی خۆیندنی ته‌نها ساڵێكی خوێندنی ماسته‌ر له‌ وڵاتی به‌ریتانیا 16,000 دۆلار تاكو 21,300 دۆلاره‌، دكتورا بۆ هه‌ر ساڵێك له‌ نێوان 11,500 دۆلار تاكو 20,000 دۆلارە

2300 قوتابی × 17,000 دۆلار خوێندنی یه‌ك سال × 4 سال = 156,400,000 ملیون دولار ته‌نها باره‌ی خوێندن 4 ساڵی خوێندن له‌ كوردستانه‌وه‌ چووه‌ته‌ وولاتی به‌ریتانیا، كه‌ كۆی گشتی خه‌رجی خوێندکاران له‌م دوو وڵاته‌ ده‌كاته‌ سه‌روی 290,900,000 دۆلار

وه‌ شایه‌نی باسه‌ هه‌ندێك له‌ خه‌رجی تر هه‌یه‌ كه‌ خویندكار پێویسته‌ له‌پاڵ خه‌رجی زانكۆ ئه‌ركی ئه‌م خه‌رجیانه‌ش له‌ ئه‌ستۆ بگرێت بۆ نموونه‌
خه‌رجی ڕسوماتی ته‌ندروستی بۆ ماوه‌ی 9 مانگ 533 دۆلاره‌ كه‌ ئیجباریه‌ هه‌ر ده‌بێت ئه‌نجامی بدات، خه‌رجی نیشته‌جێبوون له‌ شارێك بۆ شارێكیتر گۆرانكاری به‌سه‌ر دادێت
بۆ نموونه‌ كه‌سێك سینگل واتا به‌ته‌نها بژیێت كرێی خانوه‌كه‌ی له‌ 260 دۆلاره‌وه‌ ده‌سپێده‌كات تاكو 1000 دۆلار به‌گوێره‌ی كه‌سه‌كه‌ گۆرانكاری به‌سه‌ر دادێت. بۆ خێزانیش له‌ 650 دۆلار تاكو 2100 دۆلار هه‌ڵده‌كشێت.

خەڵک: کەواتە پێویستە چی بکرێت؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی:‌ پێشنیار ده‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕێگای زانكۆكانه‌وه‌ ڕێگا خۆشبكات بۆ هێنان و دروستكردنی هه‌لی خوێندن بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و خواروو ناوه‌ڕاستی عیراق و فێرخوازانی هه‌رێمی كوردستان، چونکە به‌ هاتنی فێرخوازی بیانی هه‌م حكومه‌ت داهاتی زیاد ده‌بێت و هه‌م هه‌لی كار به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ده‌كات له‌ هه‌مان كاتدا له‌ بڕی ئه‌وه‌ی سیوله‌ و پاره‌ی نقد بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سیوله‌ و نقد له‌ ناوخۆ زیاد ده‌كات .