سەردێر

فەڕەنسا بە 593 ملیۆن دۆلار سزای گۆگڵ دەدات

خەڵك

ئاژانسی نەهێشتنی قۆرخكاری فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕێزنەگرتن لە مافی بڵاوكردنەوەی نووسین و هەواڵ لەسەر ئەو پێگەیە، بڕی 593 ملیۆن دۆلار سزای داراییان بەسەر كۆمپانیای گۆگڵدا سەپاندووە.


ئاژانسی نەهێشتنی قۆرخكاری فەڕەنسا لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، بڕیاری سزادانی گۆگڵ دوای ئەوەهات كە ئەو كۆمپانیا گەورەیەی بواری گەڕان لەنێو تۆڕەكانی ئینتەرنێت شكستی هێنا لەوەی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە بكات كە هەڵدەستن بەبڵاوكردنەوەی هەواڵ لەسەر ئەو پێگەیە.

ئاژنسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیا گۆگڵ ئەو بڕیارەی ساڵی 2020ی پشتگوێ‌ خستووە و مافی ئەو كەسانەی پێشێل كردووە كە وتار و نووسین لەسەر ئەو پێگەیە بڵاودەكەنەوە و لە فەڕەنسا نیشتەجێن.

ئاژانسی نەهێشتنی قۆرخكاری فەڕەنسا ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە ئەو سزایە بەجددی جێبەجێ‌ دەكرێت و پێویستە كۆمپانیای گۆگڵ لە دوو مانگی داهاتوودا ڕێوشوێنەكانی چۆنیەتی قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانە دیاری بكات كە پێشتر لەسەر ئەو پێگەی هەواڵ و نووسینیان بڵاوكردووەتەوە.