سەردێر

تەکنەلۆژیا چۆن توانیویەتی کار بکات لەسەر مێشکی مرۆڤەکان لە ڕێی پڕۆژەی نیوراڵ لینکەوە؟

بریتییە لە دەمەزراوەیەکی توێژینەوەی زانستی پزیشکییە کە کار لە بەرەوپێش بردنی تەکنەلۆژیا دەکات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیە دەمارییەکان(ئەو نەخۆشیانەی کار لە دەمارە کۆئەندامی مرۆڤ دەکەن).

ئەم دامەزراوەیە درووستکراوە لە لایەن ئیڵۆن مەسک (خاوەنی تێسلا و سپەیس ئیکس و… هتد) و کۆمەڵێک لە شارەزایان لە بواری جیا جیا کە ژمارەیان ٨ کەسە ئەوانیش
(Ben Rapopart, Dongjin seo, Max hodak, Paul Merolla, Philip Saps, Tim Gardner, Tim Hanson, Vanessa Tolosa)
لە سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزرا بەڵام لە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٧ بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیەندرا و بنکەی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە دەکەوێتە سانفرانسیسکۆ.

هەر لەسەرەتای درووستبوونی ئەم دامەزراوەیە دەستیکردووە بە هێنانی چەندین زانا و شارەزا لە بواری کۆئەندامی دەمار لە چەندین زانکۆ و شوێنی جیاواز، وە لە ساڵی ٢٠١٩ بودجەی تەرخانکراو بۆی بریتیبوو لە ١٥٨ ملیۆن دۆلار (کە ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە لایەن ئیڵۆن مەسکەوە بۆیان دابینکرابوو)، دامەزراوەکە خاوەنی ٩٠ کارمەندە.

لە ئێستادا دامەزراوەی نیوڕالینک کار لەسەر ئامێرێک دەکەن لەسەر شێوەی دەزوو و دورمان کە لە ڕێگایەوە بتوانن دەزوولەی ورد کە پانیەکەیان لە نێوان ٤-٦ مایکڕۆمەترە لەسەر مێشکی مرۆڤ جێگیری بکەن، تاوەکو ئێستا توانیویانە سیستەمێک درووستبکەن کە زانیاری دەخوێنێتەوە بە خێرایی ١٥٠٠ ئەلیکتڕۆد بەڵام ئەمە تەنها لەسەر جورجی تاقیگە ئەنجامدراوە، پلانی ئەوەیان هەبوو لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤیش بکەن بەڵام ئەمانە گشتی دواخران بۆ ساڵی ٢٠٢١ .

دامەزراوەکە ڕایگەیاندووە ئەم سیستەمە توانای نووسین و خوێندنەوەی بڕێکی زۆر لە زانیاری هەیە، بیرۆکەی درووستکردنی ئەم سیستەمەش ئەوەیە بتوانن بە هۆی ئەم ئامێرەوە مرۆڤ و کۆمپیوتەرەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا پەیوەندی بەیەکەوە بکەن و زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەن.

جگە لەمە کار لەسەر تەکنەلۆژیای (Neural Lace ) دەکەن کە بە شێوەیەکی سادە بریتییە لە تەکنەلۆژیایەک کە هەموو هەستەکانی مرۆڤی تێدا خەزن دەکرێت بۆ نموونە گەر شتێکمان بزرکرد دەتوانین بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایە بیبینینەوە چونکە لەم تەکنەلۆژیایە خەزنکراوە کە کۆتاجار کەی شتەکەمان بینیووە بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە تەنها هەستی بینین نا بەڵکو (تام کردن، بۆنکردن..هتد) تێدا خەزندەکرێت.

ئامانجی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە بریتییە لە بەستنەوە مێشکی مرۆڤ ڕاستەخۆ بە کۆمپیوتەر بەمەش هەم پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کۆمپیوتەر و ئامێرە زیرەکەکان زۆر خێرادەبێت هەمیش دەتوانرێت چارەسەری نەخۆشی پێبکرێت لە داهاتوودا، لە ئێستادا گەورەترین تاقیکردنەوە بریتییە لە سەرکەوتووبوونی ئەم سیستەم و ئامێرە لەسەر مرۆڤ و سوود وەرگرتن لێی لە داهاتوو.

سەرچاوە: پێگەی سۆفتیفای