سەردێر

وەلفی حەماوە چییە و ئایا دەكرێت لە هاوین دەربهێنرێت؟

وەرزی سەرماوسۆڵەیە و ئاگاداری ئۆتۆمبێلەكانتابن

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەلفی حەماوە یەكێكە لە پارچە گرنگانەی لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلدا كاری ڕێكخستنی پلەی گەرمی دەكات، بەلابردنیشی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكە ناتوانێت پلەی گەرمیی خۆی ڕێكبخات و بەوەش زیانی پێدەگات.

وەلفی حەماوە چییە؟
ناوەی زانستییەكەی وەلفی حەماوە (Thermostat) ، كاری بریتییە لە گلدانەوەی ئەو بڕە ئاوەی لە بزوێنەردا هەیە و بەهۆی كاركردنی بزوێنەرەوە گەرمبووە، وەلفەكە ڕێگر دەبێت لەوەی ئەم ئاوە بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕادێتەر، بۆ ئەوەی بزوێنەرەكە زووتر گەرم ببێت، كاتێكیش پلەی گەرمی ئاوەكە بەرز دەبێتەوە و بەشێوەیەكی گشتی دەگاتە ٨٢ پلەی سیلیزی، وەلفەكە دەكرێتەوە و ئاوە گەرمەكە دەچێت بۆ ڕادێتەر بۆ كەمكردنەوەی پلەی گەرمییەكەی و سارد دەبێتەوە.

جۆرەكانی وەلفی حەماوە:
وەلفی حەماوە چەند جۆرێكی هەیە، كە جۆرەكانی بەپێی پلەی گەرمیە بۆ نموونە لەهەندێك دیزاینی بزوێنەردا لە پلەی گەرمی ٧٠ پلەی سیلیزیدا دەكرێتەوە، بەڵام لە هەندێك جۆری تردا لە پلەی گەرمی ٨٥ پلەی سیلیزیدا دەكرێتەوە، ئەمەش بەپێی ئەو ژینگەیەی، كە بزوێنەرەكەی بۆ دروست دەكرێت دەگۆڕێت.
بۆ نموونە لە ناوچە زۆر ساردەكان لە پلەیەكی گەرمی بەرزتردا دەكرێتەوە، هەروەها لە ناوچە گەرمەكان وادیزاین كراوە لە پلەیەكی گەرمی كەمتردا بكرێتەوە.

ئایا دەكرێت وەلفی حەماوە لە هاویندا لاببەین؟
نەخێر، پێویست ناكات وەلفی حەماوە دەربهێنرێت، چونكە وەلفی حەماوە سوودێكی گرنگی هەیە و بێ سوود نەكراوەتە ناو بزوێنەرەوە.
كاتێك وەلفی حەماوە لاببرێت، ئۆتۆمبێلەكەت بەنزین زیاتر سەرف دەكات و پلەی گەرمی ناو مەكینە پلەیەكی ناجێگیری دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا چوستی مەكینە دادەبەزێنێت و ھەندێك جاریش لەزرین دروست دەكات.