سەردێر

هەولێر.. خانەنشینێك لەسەرەی مووچەدا گیانیلەدەستدا

خەڵك-
لەگەڵ دەستپێكی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی شارستانی لە ئەمڕۆدا، خانەنشینێك لەسەرەی مووچەدا لە هەولێر گیانیلەدەستدا.

ئەمڕۆ یەكشەممە، 14\8\2022، پەیامنێری (خەڵك) ڕایگەیاند، لە شاری هەولێر و لەبەردەم بانكی قەڵا خانەنشینێك بە ناوی مەسعود مەلا شاكر، لە سەرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانی لەدەستدا.

شایەتحاڵیكی ڕوداوەكە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، خانەنشینەكە كاتێك هاتووە بۆ مووچە بەیانی زووبووە، كاتژمێر 5 ی بەیانی گیانی لەدەستداوە.

ئەوە لەكاتێكدایە، بەپێی لیستی بڵاوكراوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابەشكردنی مووچە، ئەمڕۆ و سبەینێ‌ مووچەی خانەنشینانی شارستانی دابەشدەكرێت.

مانگانە لەكاتی دابەشكردنی مووچەدا بەهۆی قەرەباڵغی زۆرەوە خانەنشینان دەبنە قوربانی هەندێكیان گیانلەدەستدەدەن، هەندێكی دیكەش تەندروستییان تێكدەچێت.