سەردێر

“سلێمانی باجی ڕێككەوتنە سێقۆڵییەكەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەدات”

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی، كەمتەرخەمیەكە لای هەر سێ حیزبی دەسەڵاتە، سلێمانی باجی ڕێككەوتنە سێ قۆڵییەكەی(پارتی-یەكێتی-گۆڕان) دەدات.

لەگەڵ ئەوەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشوتردا جەختیكردەوە، كە حكومەتی هەرێم پابەندە بەوەی هەموو 25 ی مانگێك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بكرێت، بەڵام جگە لە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران هاوكات مووچەی فەرمانبەرانی شاری سلێمانی دوادەكەوێت و گرفتی بۆ دروست دەبێت، عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە،” ئێستا داهاتی هەرێم باشە، تەنانەت لە 2013ش باشترە، دەتوانرێت بەبێ 200 ملیارەكەی بەغداد خەرجیە سەرەكیەكان وەكو خەرجی مووچە و بەگەرخستنی خزمەتگوزاریی وەزارەتەكان دابین بكرێت.

دەشڵێت” كێشەی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی، كەمتەرخەمیەكە لای هەر سێ حیزبی دەسەڵاتە، ڕێككەوتنە سێ قۆڵییەكەی(پارتی-یەكێتی-گۆڕان) ،كە سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بە ئاگاداری وەزیری دارایی وایكردووە ئێستا سلێمانی باجەكەی دەدات. ”

هەتا ئێستاش گرفتی دارایی لەهەرێم چارەسەر نەبووە و مووچە دوادەكەوێت لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاریدابوو كە هەموو 25ی مانگ مووچە بدات بەڵام ئەم مانگە دواكەوت، مووچەی مانگی شەشی بەشێك لەفەرمانبەرانی سلێمانیش نەدرابوو بۆچی ئەم كێشە داراییانە لەهەرێمی كوردستان چارەسەر نابێت؟

لە وەڵامدا عومەر گوڵپی وتی” ئەمە پرسیارێكی ڕوونە و وەڵامەكەشی ڕوونە هەتا ئەو كاتەی حكومەت یاساكان جێبەجێ نەكات و یەك گیرفانی نەبێت، خەزێنەی گشتی یەك خەزێنە نەبێت، هەموو داهاتەكان لەزاخۆوە بۆ خانەقین بەیەك دەستی یاسایی كۆنەكرێنەوە و بەدادپەروەرانە كۆنەكرێنەوە بەیاسا و دادپەروەرانەش دابەش نەكرێنەوە ئەم دۆخی داراییە لە هەرێمی كوردستان باش نابێت، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە ئێستا داهاتی هەرێم باشە، تەنانەت لە 2013ش باشترە، هەموو بودجەی 2013 لەیاسای بودجەی 2013 لەبەردەستماندایە، ئێستا داهاتی هەرێمی كوردستان لە نەوت و باج و لەڕسومات و لەسەرچاوەكانی تری داهاتەوە كە گومرگ و هاوكاری هاوپەیمانانە داهاتی هەرێمی كوردستان یەك تریلیۆن و 213 ملیار دینارە، بە نزیكەیی لە كاتێكدا خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان خەرجییە جێگیرەكان نزیكەی یەك تریلیۆنە، كەواتە بۆچی حكومەت هێشتا ناتوانێت مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش بكات و هێشتا ناتوانێت خزمەتگوزارییەكان وەك ئەوەی پێویستە بەرقەرار بكات! وەكو پێویست پارە بۆ خزمەتگوزارییەكان تەرخان بكات! هۆكارەكەی ئەوەیە حكومەت یەك گیرفانی نییە و سیستەم جێبەجێ ناكرێت و دەستێكی پیس هەیە لەداهاتی هەرێمی كوردستاندا بەداخەوە لەڕێگەی حیزبەكانی دەسەڵاتەوە لەڕێگەی بەرژەوەندی كۆمپانیاكانیان بەشێك لەداهاتی هەرێمی كوردستان ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی هەر ئەمە هۆكارەكەیە. ”

” كەمتەرخەمیەكە لای هەر سێ حیزبی دەسەڵاتە ”

ئێوە وەكو پەرلەمانتارێك لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارە كە دەبینن مانگانە مووچە دوادەكەوێت و یان مووچەی سلێمانی نادرێت كە ئەمە زۆركات دووبارە بۆتەوە سلێمانی دەڵێت هەولێرە و هەولێر دەڵێت سلێمانیە كێ هۆكاری نەدانی مووچەیە؟

لە وەڵامدا ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێم( عومەر گوڵپی) وتی” هەردوو حیزبی دەسەڵات حیزبی سێیەمیش لەگەڵیان بەشدارە، كەمتەرخەمیەكە لای هەر سێ حیزبی دەسەڵاتە چونكە بەیەكەوە ڕێككەوتنێكیان كردووە كە بەهیچ جۆرێك لەهیچ یاسایەكدا لە هەرێمی كوردستاندا نییە كە بەڕێژەی 57% و 43% تەواوكاری مووچە و پارەی پێویست بۆ خزمەتگوزارییەكان لەناو شارەكاندا بكرێت، لە ڕاستیدا لەیاساكاندا یاسای (اصول محاسبات) هەیە كە وەزارەتی دارایی كاری پێدەكات شتی وای تێدانییە كە ڕێككەوتنێك هەبێت بەم ڕێژەیە ئەم ڕێككەوتنەی كردوویانە هۆكاری ئەم كێشانەیە كە لەسلێمانی هەیە لەڕاستیدا، ئەم ڕێككەوتنەی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بەئاگاداری وەزیری دارایی تەنها ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی حیزبەكانی دەسەڵاتە پەیوەندی بەیاساوە نییە پەیوەندی بەخەزێنەی گشتی و سیستەمەوە نییە پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵكەوە نییە، بەڵكو ناكۆكی حیزبەكانی دەسەڵاتە لەسەر داهاتی ناوخۆ و دەستی دەسەڵاتی حیزبەكانی دەسەڵات لەڕێگەی كۆمپانیاكانیانەوە لەداهاتی ناوخۆ بۆتە هۆی ئەو ڕێككەوتنە ئێستا سلێمانی باجەكەی دەدات.