سەردێر

نرخی زێڕ بەرز بووەوە

خەڵك-

ئەمڕۆ هەینی دوای دابەزینی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەك بە 1808 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.

ئەوەش یەكەمجارە لەدوای دابەزینی بۆ خوار 1700 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك لە مانگی رابردوو، نرخی زێڕ بگاتەوە ئەو ئاستە.

لەكاتی كردنەوەی بازاڕەكان، نرخی هەر ئۆنسەیەك 1811 دۆلاربوو، بەڵام دواتر چەند دۆلارێك دابەزی. كاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 5-8-2022، هەر ئۆنسەیەك زێڕ بە 1808 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.

شارەزایانی بواری ئابووری هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەگەڕێننەوە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار كە ئەوەش بووەتە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای كاڵا و كانزاكان.

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا ئەندامانی بانكی ناوەندیی ئەمریكا جەختیان لەوە كردبووەوە كە سیاسەتی بانكی ناوەندیی ئەمریكا ئەوەیە، بەردەوام بێت لە بەرزكردنەوەی سوودی بانكی بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی رێژەی هەڵاوسان.