سەردێر

” پەلە دەكرێت لە جیاكردنەوەی ناوی ئەو كەسانەی شایستەن بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبون”

خەڵك-
د.محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی قۆناغەكانی داهاتووی تەواوكردنی ٢٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەوڵ دەدرێت پەلەبكرێت لە جیاكردنەوەی ناوی ئەوكەسانەی شایستەن بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوون كە فۆڕمی ئۆنلاینیان پڕكردۆتەوە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت.

د.محەمەد شوكری، ڕاشیگەیاند، قۆناغی یەكەم ٢٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون درووست دەكرێت، بە پێی فەرمانەكەی ئەنجومەنی وەزیران لە بڕگەیەكی تر فۆڕمی چاوەڕوانی دروست دەكرێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی مافی وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوونیان هەیە، بەڵام ئەمجارە بەریان ناكەوێت، واتە پڕۆسەكە لەساڵانی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

٭ نزیكەی ١٢٠ هەزار كەس فۆڕمی ئۆنلاینیان پڕكردۆتەوە، چۆن ژمارەی ئەو كەسانە دیاری دەكرێت كە مافی یەكەی نیشتەجێبوونیان هەیە؟

د.محەمەد شوكری؛ ژمارەی ئەو كەسانەی فۆڕمی وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوونیان پڕكردۆتەوە لەفۆڕمی ئۆنلاین ژمارەی ڕاستەقینە نیە كە ڕەنگە كەم تا زۆر خەڵكێك هەبێت چەند جارێك ئەو فۆڕمەی پڕكردبێتەوە یان خەڵكێك هەبێت مافی ئەوەی نەبێت یەكەی نیشتەجێبوون وەربگرێت بەڵام فۆڕمەكەی پڕكردبێتەوە، بەڵام ئەكاونتێكی تایبەت لەهەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ دەدرێت بەلیژنەی باڵای ئیدارە و پارێزگاكان كە ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ ئەو كەسانە دەكەن كە داواكاریان پێشكەش كردووە، بەدڵنیاییەوە ئەو ژمارەیەیەی داواكاریان پێشكەشكردووە كەمتر دەبێتەوە، بەڵام لەوانەشە ژمارەكە زیاتر بن لە ٢٠ هەزار كەس كە مافی وەرگرتنیان هەیە.

٭ ئەگەر ژمارەی ئەوانەی شایستەن بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوون زیاتر بێت؟

د.محەمەد شوكری؛ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت قۆناغی یەكەم ٢٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون درووست دەكرێت، بەپێی فەرمانەكەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبڕگەیەكی تر فۆڕمی چاوەڕوانی دروست دەكرێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی مافی وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوونیان هەیە تاوەكو پڕۆسەی درووستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بەردەوام بێت لەساڵانی داهاتوو بە نرخی كەم.

٭كەی ناوی ئەو كەسانە یەكلادەكرێتەوە كە مافی وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوونیان هەیە لەوانەی فۆڕمیان پڕكردووەتەوە؟

د.محەمەد شوكری؛ هەوڵ دەدرێت پەلەبكرێت لەجیاكردنەوەی ناوی ئەو كەسانەی شایستەن بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوون كە فۆڕمی ئۆنلاینیان پڕكردووەتەوە، بەتایبەت لەگەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و سۆران و زاخۆ كە ژمارەی ئەوانەی فۆڕمیان پڕكردۆتەوە كەمترە بەراورد بە شارە گەورەكانی وەك سلێمانی و هەولێر چونكە خەڵكێكی زۆرتر فۆڕمیان پڕكردۆتەوە، لەهەر بارێكدا بێت نابێت لەماوەی ١٥ ڕۆژ تێپەڕببێت بۆ یەكلاكردنەوە و جیاكردنەوەی ناوی ئەو كەسانەی شایستەن بۆ وەرگرتنی ٢٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون.

٭ئایا شوێن دەستنیشانكراوە بۆ درووستكردنی ئەو یەكانە؟

د.محەمەد شوكری؛ پێش ئەوەی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بێت ئێمە دەستمان بە ڕێكارەكانی داواكردنی زەوی كردووە لەپارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەهەندێ شوێن دەستنیشانی زەویشیمان كردووە، لەدوای پشووەكانی جەژن ڕێكارەكان بەخێرایی تەواودەكرێن و سەرۆكی حكومەتیش بەردەوام پێداگری دەكات بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران دەست نیشان بكرێن و پڕۆسەكە بەخێرایی جێبەجێ بكرێت.

٭كێ مافی هەیە سوودمەندبێت؟

د.محەمەد شوكری؛ نابێت سوودمەندبووبێت لەحكومەت، لەوەرگرتنی زەوی یان سندوقی نیشتەجێبوون كە ٢٣ هەزار كەس دەبن، ئەوانەی تر دوای پشتڕاستكردنەوەی كرێچی بن یان كەم ئەندام یان دیار بێت كەشایستەیە مافی دەبێت یەكەیەك وەربگرێت، دابەشكردنی ژمارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەبێت و ئەوانەی داواكاریان هەبووە لەفۆڕمەكە دەستنیشانیان كردووە، یەكەی ٨٠ یان ١٠٠ یاخوود ١٢٠ مەتری وەردەگرن، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەتیش لیژنەیەكی باڵا پێكدەهێنرێت تاوەكو پڕۆسەیەكی خاوێن بێت، ڕێوشوێنی یاساییش بەرامبەر ئەو كەسانە دەگیرێتەبەر كە شایستەنین، بەڵام بەسەرپێچی و ڕێكاری نایاسایی هەوڵی دەستخستنی یەكەیەك لەو یەكانە دەدات، ئومێدەواریشین لیژنەی ئیدارە سەرەبەخۆكان و پارێزگاكان لیستێك ڕەوانە بكەن كە خەڵكێكی تەواو شایستەبن.