سەردێر

دەربارەی ئاردی بەشەخۆراك داوایەك لە هاووڵاتیان دەكرێت

خەڵك-
وەزارەتی بارزگانی حكومەتی فیدراڵ داوا لە هاووڵاتیان دەكات، سەردانی بەریكارەكانیان بكەن بۆ وەرگرتنی ئاردەكانیان، لە پاش دابەشكردنی زیاتر لە 4 ملیۆن فەردە ئارد.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”كۆمپانیای دروستكردنی دانەوێڵە داوا لە هاووڵاتیان دەكات، سەردانی بەریكارەكانی ئارد بكەن، بۆ وەرگرتنی بەشە ئاردی مانگانە”، جەختیشی لەسەر دابەشكردنی 4 ملیۆن فەردە ئارد كردەوە لە چوارچێوەی سەبەتەی چوارەمی خۆراك.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئارد لەماوەی جەژنی قورباندا بەردەوام دەبێت، 4 ملیۆن فەردە ئاردیش لە چوارچێوەی بەشەخۆراكی مانگانەدا بەسەر بريكارەكاندا دابەشكراون”.

وەزارەتی بازرگانی جەخت لەسەر دابەینكردنی دانەوێڵەی پێویست دەكاتەوە و ئاماژە بە چاودێری وردی وەزارەتەكەش دەكات بۆ پرۆسەی دابەشكردنی ئاردێكی باش بەسەر هاووڵاتیاندا.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی خۆراك لە هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەم هەفتەیەوە دەست دەكەن بە دابەشكردنی دووەم بەشی ئاردی ئەمساڵ بەسەر هاووڵاتیاندا.