سەردێر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری دەركرد

خەڵك-
ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دەركرد ، لەوانە، وەزارەتی دارایی راسپارد مانگانە بڕی سێ ملیار دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆ تەرخانبكات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ.

بەپێی راگەیانراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی 25ەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كردوە، دیارترین تەوەرەكانی كۆبونەوەكەش دۆسیەی ئابوری و خزمەتگوزارییەكان بون.

لە كۆبونەوەكەدا كازمی ڕایگەیاندووە، پێشتر ژمارەیەك ڕێوشوێن گیرانەبەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی ئابوری جیهانی و كەمكردنەوەی كاریگەریەكانی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، لەئێستاشدا حكومەت بەردەوام دەبێت لەسەر رێوشوێنەكان.

هەر لەكۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق میوانداری پارێزگاری بانكی ناوەندی كرد و ڕاپۆرتی بەرەنگاربونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆریستان تاوتوێكرا، چوارەمین راپۆرتی ساڵانەی ئەنجومەنی بەرەنگاربونەوەی سپیكردنەوەی پارە و داراییكردنی تیرۆر بۆ ساڵی 2021 پەسەندكرا.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی تەندروستی و ڕێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی كرا لە ڕوبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، جەختكرایەوە لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ بەدواداچونی زیادبونی بەرچاوی توشبوان، لە ڕێگەی ئامادەكردنی نەخۆشخانەكان و دابینكردنی چارەسەری پێویست و دابینكردنی چارەسەر و دەستەبەركردنی ڤاكسین لە هەمو ناوەندە تەندروستییەكان.

دەقی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی داراییەوە:
یەكەم: دارایی وەزارەتی دارایی راسپێردرا مانگانە بڕی سێ ملیار دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆ تەرخانبكات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ.

دوەم: بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی كاری ئاسایشی دامەزراوەیی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانكردنی بڕە پارەیەك بۆ پاڵپشتیكردنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەڕێگەی دروستكردنی بارەگا لە پارێزگا جیاوازەكان، بۆ ئەوەی بە گونجاوترین شێوە ئەركەكانیان ئەنجامبدەن.

سێیەم: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بڕگەیەك بۆ بڕیاری پێشوی خۆی زیاد بكات، سەبارەت بە دامەزراندنی پسپۆڕانی پزیشكی و تەندروستی، بەجۆرێك بڕگەی هەمواركراو بەمشێوەیە بێت؛ وەزیری دارایی ئەو بڕوانامە و نازناوە كارانەی كە پێویستن دروستدەكات بۆ دانانی ئەوانەی كە لە دامودەزگا تەندروستیەكان پێویستن، دەسەڵاتیش دەدات بە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ دانانی 20 دەرچوی چارەكی یەكەمی دەرچوانی دەرچوی پزیشكی گشتی و ددان، 10 دەرچوی چارەكی یەكەمی دەرچوانی بەشی دەرمانسازی و سێ دەرچوی یەكەمی بەشی پەرستاری.

چوارەم: تەرخانكردنی بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای كەربەلا، بۆ پاڵپشتیكردنی خزمەتگوزاری بۆ سەردانكەرانی چلەی ئیمام حسێن، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی ئاسانكاری بۆ ڕێكارەكانی دامەزراندنی پڕۆژەی دەروازەكانی پارێزگای نەجەفی پەسەندكرد.

پێنجەم: دەسەڵاتدان بە وەزارەتی بەرگری بۆ خەرجكردنی بڕە پارەیەك كە بەمەبەستی دەستەبەركردنی پێداویستیەكانی كۆلێژە سەربازییەكان.

شەشەم: رێگەدان بە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ كاراكردنی ساڵنامەی كشتوكاڵی بۆ ماوەی دو مانگ، لە رۆژی دەركردنی ئەم بڕیارەوە دەستپێدەكات.

ئەوە لەكاتێكدایە ماوەی نۆ مانگە هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجامدراوە و هەتا ئێستا كابینەی نوێی حكومەتی وڵاتەكە پێكنەهێنراوە، حكومەتی ئێستا كاربەڕێكەرە و لەسەر بودجەی كابینەی پێشوو بەڕێوە دەچێت.