سەردێر

وادەی خۆتۆماركردنی كرێنشینان درێژكرایەوە

خەڵك-
وادەی خۆتۆماركردنی كرێنشینان لە فۆڕمی كرێنشینان بۆ دوو ڕۆژی دیكە درێژ كرایەوە، وەك هاوكارییەك بۆ سودمەند بوونی ژمارەیەكی زیاتری كرێنشینان.

تا ئێستا زیاتر لە 100 هەزار كەس فۆڕمی شوقەكانیان پڕ كردووەتەوە.

دەستەی وەبەرھێنانی هەرێم، بڵاویكردەوە، لەسەر داوای ھاووڵاتییان و ئەوانەی تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە فۆڕمەكە پڕبكەنەوە، دەستەی وەبەرھێنان ، بۆ ماوەی دوو رۆژی دیكە ، فەڕمەكە بەردەست دەخات و جەختی كردووەتەوە ھاووڵاتییان دەتوانن سوود لەو دەرفەتە ببینن و خۆیان تۆمار بكەن.

بەپێی داتاكانی دەستەی وەبەرهێنان، تاوەكوو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار كەس فۆڕمی شوقەكانیان پڕ كردووەتەوە.

د.محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێان ڕایگەیاند: “فەرمانێك لە سەرۆكی حكوومەت دەرچووە لە27ی 6، ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دیاریكردنی ناوی ئەو كەسانەی فۆڕمیان پڕ كردووەتەوە، پارێزگا و ئیداره سەربەخۆكان بەدواداچوون بۆ ناوەكان دەكەن بزانن سوودمەندن یان شایستەن، هەر ئەوانیش شوێنی دروستكردنی شوقەكان دیاری دەكەن، دەبێ شوێنێك دەسننیشان بكرێ، نزیكی شار بێت و خزمەتگوزارییەكانی لێوە نزیك بێت”.

بەپێی داتاكانی وەبەرهێنان، یەكەكانی نیشتەجێبوون بەم شێوەیە لە چوارچێوەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا دابەش كراوە.

– بۆ ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شەش هەزار و 800 یەكەی نیشتەجێبوون.

– بۆ سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان هەشت هەزار و 600 یەكەی نیشتەجێبوون.

– بۆ دھۆك و زاخۆ چوار هەزار و 600 یەكەی نیشتەجێبوون.

لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان دروست بكات، دواتر فۆڕمێك بۆ سوودمەندبوونی كرێنشینان لە پڕۆژەكە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە.