سەردێر

زیلینسکی بانگێشتی کۆبوونەوەکانی لوتکەی G7، دەکرێت

 (G7)کێن و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانیان چین؟

خەڵک

بڕیارە ئەڵمانیا لە کۆتایی ئەم مانگەدا میوانداری لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە گروپی حەوت (G7) بکات.

ئەم گروپە لە کام وڵاتانە پێکدێن؟ بوارە سەرەکییەکانی کارکردنیان چین؟

چ مەبەستێک لەپشت بوونی (G7) هەیە؟

لەم راپۆرتەدا گرنگترین زانیارییەکان دەربارەی(G7)دەخەینەڕوو.

گروپی G7 ، کە حەوت وڵاتن بریتین لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، کەنەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لە ساڵی 1998 تا 2014 ڕووسیا ئەندام بووە تیایدا و لەو ماوەیەدا ئەو گروپە ناوی G8 بوو، بەڵام بەهۆی لکاندنی دورگەی کریمیا لەلایەن مۆسکۆوە، ڕووسیا لەم گرووپە بێبەشکرا.

 

لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەم گروپە دامەزراوە، نوێنەرایەتی گەورەترین ئابووری جیهان دەکات، ئەمڕۆ خۆیان بە “وڵاتانی دیموکراسیی بەهێزی جیهان” ناودەبەن.

لە ڕێگەی ئەم گروپەوە، وڵاتانی ئەندام پابەندن بە بنەما و بەها گرنگەکانی وەک؛

( ئازادی، مافی مرۆڤ، دیموکراسی و سەروەری یاسا، خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی بەردەوام).

 

G7، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو مەکۆیەکی نافەرمییە، ناتوانێت بڕیاری یاسایی پابەندکەر بدات، بەڵام هەماهەنگی و هەڵوێست و دەستپێشخەرییە هاوبەشەکانیان وا دەکات لە بوارە جیاوازەکانی سیاسەتی گشتیدا ڕەنگدانەوەی هەبێت و ئه‌نجامی هەربڕیارێک له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌ به‌ناوی كۆی گروپه‌كه‌وه‌ بڵاودەبنەوە.

 

لە سەرەتادا سەرۆکانی بەشدار لەم گروپە لە بازنەیەکی بچووکدا باسیان لە پرسە داراییەکان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ هەموو بابەتە گرنگ و هەستیارەکان لە ئاستی جیهانیدا لە بەرنامەی کاردان،  لەم ساڵانەی دواییدا گرنگی بە ئابووری جیهانی و سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش و گەشەپێدان و کۆچ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دراوە لە میانی کۆبوونەوەکانیاندا.

 

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان لەلایەن وڵاتی لەخۆگری میواندارییەکە دیاری دەکرێن، ئەمساڵ ئەڵمانیا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی (G7)دەکات، کۆبوونەوەی لوتکە لە کۆشکی ئێلماو لە باشووری باڤاریا لە ژێرناونیشانی “پێشکەوتن لەپێناو جیهانێکی دادپەروەردا” بەڕێوەدەچێت.

بۆ بەڕێوەچوونی ئەم لوتکەیە، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و خێراکردنی گواستنەوەکانی وزە لەو تەوەرانانەن، کە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکراین هێناویەتییە ئارا و لەسەر بانگیشتی ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین بانگهێشتکراوە بۆ بەشداری ئەو لوتکە جیهانییە.

 

كۆبونەوە سەرەتاییەكانی گروپەكە بەر لە گەیشتن بە کۆبوونەوەی لوتکە، لە گروپی بچوكدا بۆ هەماهەنگی و باسکردنی تەوەرەكان دەبێت، ئەمەش بە هەماهەنگی و هاوكاری لەسەر ئاستی وەزیر و بەرپرسانی باڵای حكومەتی وڵاتانی ئەندام دەبێت، هەروەها ساڵانە کۆبوونەوەی لوتکەش بەڕێوەدەچێت، هاوکات کۆمیسیۆنی ئەوروپا لەم نێوەندەدا پێگەی چاودێری هەیە، نوێنەرانی سەرەکی یەکێتی ئەوروپاش لە لوتکەکانی (G7) بەشداری دەکەن.

چەند ساڵێکە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو وەک میوان بانگهێشت دەکرێن، بۆ ئەمساڵ هەریەکە لە؛ ئەرجەنتین، هیندستان، ئەندەنوسیا و سەنیگال و باشووری ئەفریقا میوان دەبن.

 

ژمارەی دانیشتوانی وڵاتانی ئەندام لە G7، تەنها نزیکەی لەسەدا 10ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، بەڵام نزیکەی لەسەدا 45ی کۆی گشتی داهاتی جیهان خاوەنداریی دەکەن،  وڵاتانێکی خاوەن سامان و دەوڵەمەندی تایبەتن، هەڵوێستە هاوبەشەکانیان قورسایی سیاسی گەورەی هەیە.

 

دیارترین ڕەخنە، کە لە G7،  دەگیرێت ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان زاڵن بەسەر وڵاتانی دیکەدا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام داوا لە G7، دەکەن کە بەرەنگاری هۆکارەکانی برسێتی ببنەوە و بودجەی زیاتر وەک هاوکاری بۆ ئەم بوارە دابین بکەن، کە پێشتر و لە ساڵی 2015 گروپەکە پلانی گشتگیری بۆ دەربازکردنی ٥٠٠ ملیۆن کەس لە برسێتی دانا، کە ئەم پلانە تا ساڵی 2030 دەخایەنێت.

 

لوتکەی ئەمساڵی (G7) لە کۆشکی ئێلماو لە باڤاریا بەڕێوەدەچێت، لە هەمان شوێن کە لوتکەکە لە ساڵی 2015 بەڕێوەچوو، کاتێک ئەڵمانیا دوایین جار سەرۆکایەتی لوتکەکەی دەکرد، تێچووی پێویست بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی لوتکەکە تەنها بە 180 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت، ئەم تێچووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و ویلایەتی باڤاریاوە دابین دەکرێت.