سەردێر

“کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک مەترسی وشکبوونیان لەسەرە”

خەڵک-

کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند “ئەگەر لەم نزیکانەدا کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک نۆژەن نەکرێنەوە، بەرهەمهێنانی نەوت تێیاندا  کەمدەکات و پێدەچیت پاش چەند ساڵێکی دیکە مەترسیی وشکبوونیشیان لەسەر بێت”.

فەرهاد حەمزە، سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای ‘نەوتی باکوور’ رایگەیاند، “ئەگەر ئاوڕ لە دۆخی خراپی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک نەدرێتەوە، بەرهەمهێنانی نەوت تێیاندا کەم دەبێتەوە، بەو پێیەی لە ساڵی 2005دا لە کەرکوک زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەم هەبوو و ئێستا بەرهەمهێنان بۆ نیو هێندە کەمبووەتەوە، بۆریی گواستنەوەی نەوتی کەرکوکیش بۆ بەندەری جیهانی تورکی بە تەواوەتی وێران بووە و دەبێت بۆ ئەوەش بۆریی نوێ رابکێشرێت.”

لەو بارەیەوە، ئیدارەی کەرکوک رایگەیاند، “بەغداد رێگریمان لێدەکات کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکان بکەین و دروستکردنی پاڵاوگە و دابینکردنی سووتەمەنییش رێگری سیاسیی هەیە و بەغدادیش لەسەر پرسی کەرکوک زۆر جیددی نییە.”

هاوکات، عەلی حومادی، یاریدەدەری هونەریی پارێزگاری کەرکووک ئاشکرای دەکات، “کەرکووک شایستەی ئەوەیە پاڵاوگەی هەبێت، نەبوونی تێڕوانینێکی روون لە وەزارەتی نەوتی عێراقی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کەرکوکدا، هۆکار بووە لەوەی دانیشتووانی کەرکوک باجەکەی بدەن و ئێمەش وەکو ئیدارە دووچاری رەخنەی خەڵکی دەبینەوە بەهۆی نەبوونی چارەسەرێکی راست و کارا.”