سەردێر

“گەنجینەکانی هەرێم پڕن لە خۆراک و دابەش ناکرێن”

خەڵک-

موسەننا ئەمین و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی عێراق سەبارەت بە بەشە خۆراکی هەرێمی کوردستان لێدوانیاندا و  رایانگەیاند “گەنجینەکانی هەرێم پڕن لە خۆراک و دابەش ناکرێن”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاوەری چەند بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایانگەیاند “لەگەڵ عەلا جەبوری، وەزیری بازرگانیی عێراق کۆبووینەوە و ناڕەزایەتی هاووڵاتیانمان پێگەیاندن کە بۆچی لە عێراق چوار بەشەخۆراک دابەشکراوە تا ئێستا و لە هەرێـم یەک بەشەخۆراکیش دابەشبوونی تەواو نەبووە و کوالێتیشی باش نییە”.

وتیشی “وەزیر ئامادەیی دەربڕی بە مەیدانی بێتە هەرێـم و راستەوخۆ دۆخەکە ببینێت”.
باسی لەوەشکرد کە دوێنێ سەردانی گەنجینەکانی خۆراکی هووانەیان کردووە لە سلێمانی و وتی ” ئەوەی بینیمان زۆر نایاساییە، چونکە بەشێکیان پڕن لە خۆراک و دابەش ناکرێن، بە دەیان تۆن شەکر بوونیان هەیە لەو گەنجینانەدا و دابەش ناکرێن”.

وتیشی “دەسەڵاتدارنی هەرێم هەتا دوێنێ دەیانوت خۆراک وەک پێویست ناگات بە ئێمە بەڵام کاتێك بە کتوپڕ چووین بۆ گەنجینەکانی خۆراک، بینیمان کە وانییە”.
وتیشی ” ئەو ئوتومبێلانەی کە خۆراک لە بەغدادەوە دێنن بۆ هەرێـم، راستەوخۆ خۆراکەکانیان دەخرێنە ناو ئوتۆمبێلی دیکەوە کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە چونکە دەبێت خۆراکەکان تۆمار بکرێن ئنجا بگوازرێنەوە”.

داواشی لە وەزارەتی تەندروستی کرد چاودێری شێوەی پاراستنی ئەو خۆراکانە بکەن لە گەنجینەکاندا بەو پێیەی “لە دۆخێکی خراپ و ناتەندروستیدا هەڵدەگیرێن”.
هەروەک باسی لە مامەڵەی نەشیاوی بەرپرسانی گەنجینەکان کرد بەرامبەر شۆفێرانی بارهەڵگرەکان.